رووداو-هەولێر
شاری دێرك لە پارێزگای حەسەكەی رۆژئاوای كوردستان لەمەودوا بەشێوەیەكی فەرمی لەگەڵ ناوچەی كوریتسبێرگ لە باشووری بەرلین دەستەخوشكن، چاوەڕێش دەكرێ ئەو پەیوەندییە نوێیە هاوكاری و هاتووچۆی نێوان هەردوو ناوچەكە زیاتر بكات.
دێرك و كرۆیتسبێرگ نزیك 3850 كیلۆمەتر لە یەكدی دوورن، دێرك دەكەوێتە باكووری رۆژهەڵاتی سووریا و رێك لە نزیك سنووری سووریاـ توركیا ـ هەرێمی كوردستان هەڵكەوتووە، ژمارەی دانیشتووانی سەرووی 20 هەزار كەسە. كرۆیتسبێرگ لە باشووری بەرلینە و بە یەكێك لە ناوەندە كولتوورییەكانی پایتەخت دەناسرێ و ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە 153 هەزار كەسە.
دۆخ و كێشەكانی ژیانیش لەو دوو شارە جیاوازن. بەگوێرەی راپۆرتێكی (دۆیچەوێلە)ی ئەڵمانی، كێشەی سەرەكیی كرۆیتسبێرگ نۆژەنكردنەوەی ناوچەكە و رێكخستنەوەی ستایلی ژیان لەگەڵ چینی ناوەڕاستە. لە كاتێكدا كێشەی دەستەخوشكە كوردەكەی ئەوەیە، چۆن كارەبا و ئاوی بەردەوام بۆ دانیشتووە كورد و ئاشوورییەكانی دابین بكات، یان بەرەنگاری هەڕەشەكانی توركیا ببێتەوە.
بەڵام لە نێوان ئەو ناوچەیەدا خاڵی هاوبەشیش هەن، لەوانەش فرەكولتووری. كرۆیتسبێرگ ناوچەیەكی فرەكولتوورە، كە ژمارەیەكی زۆر دانیشتووی بە رەچەڵەك خەڵكی توركیای لێیە و تاوەکو ئێستا دیار نییە چەند لەو دانیشتووانە كوردن، دێركیش هەردوو گەلی كورد و ئاشووری تێدا دەژی. بەگوێرەی راپۆرتەكەی (دویچەوێلە)ش دەستپێشخەری ژمارەیەك هاووڵاتی كرۆیتسبێرگ هۆكار بووە بۆ ئەوەی پەیوەندییەكانی ئەو ناوچەیە گەرموگوڕ بكرێن.
گونتەر كلێف، یەكێك لە دامەزرێنەرانی دەستپێشخەرییەكە، بە میدیا ئەڵمانییەكەی راگەیاندووە، هۆكاری هەڵبژاردنی دێرك ئەوە بووە، كە خەڵكی بەرلین دەیانەوێ لەگەڵ گرووپێك لە خەڵكی سووریادا پەیوەندی دروستبكەن، كە لەلایەن سیاسییەكان و میدیاكانەوە لەبیركراون.
كلێف دەڵێ "بیرۆكەی سەرەكیمان ئەوەیە بە جۆرێك هاوكاری ئەو شارە بكەین، چونكە خەڵكێك هەن قورسایی گەورەی شەڕی دژی داعشیان خستووەتە سەر شانی خۆیان. دەبێ سوپاسی ئەوە بكەین كە داعش بە كردەوە شكستی هێناوە".
بەگوتەی كلێف هۆكارێكی دیكە كە وایكردووە دێرك بۆ ئەو پەیوەندییە هەڵبژێرن، پێكەوەژیانی ئایین و كولتوورە جیاوازەكانە لەو شارەدا، واتە موسڵمان و مەسیحییەكان، ئەوە جگە لەوەی شارەكە لە گەرمەی شەڕی نێوخۆی سووریادا خاوەنی ئیدارەیەكی هەڵبژێردراوە، كە تێیدا ئافرەت و پیاو وەك یەك رۆڵیان لە بەڕێوەبردندا هەیە.
دێرك كە تەنیا 5 كیلۆمەتر لە سنووری توركیا و 10 كلیۆمەتر لە سنووری هەرێمی كوردستانەوە دوورە، لە ژێر دەسەڵاتی پارتی یەكێتیی دیموكراتیك (پەیەدە)یە و ئەنجوومەنی ئیدارەی خۆیشی هەیە. سەعید عوسمان محەممەد، هاوسەرۆكی ئەنجوومەنی دێرك، لە لێدوانێكدا بۆ میدیا ئەڵمانییەكە دەڵێ "دێرك بە فرەكولتووری ناوی دەركردووە، لێرە كورد، عەرەب، ئاشووری، كلدان و ئەرمەن پێكەوە دەژین و لە ئەنجوومەنی کارگێڕی شارەكەدا نوێنەری خۆیان هەیە".
كلێف ئێستا خانەنشینە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ساڵانێك لە بواری تێكەڵاوكردنی كۆچبەرانی توركیا لە بەرلین كاری كردووە، ئاگاداری دۆخی ناوچەكە و بەتایبەتیش پەیوەندییەكانی كورد و توركیایە. ئەو پێشتریش لە ئۆكتۆبەری 2018 سەردانی دێركی كردبوو، ئەو كات رێككەوتنێكی سەرەتایی بۆ دروستكردنی هاوبەشی لە نێوان دێرك و كرویتسبێرگدا كرابوو.
ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری دەستپێشخەرییەكە لە لێدوانێكدا دەڵێ :"ئەوان بە تەواوەتی گۆشەگیركراون، توركیا بە تیرۆریستیان دەزانێ، چونكە كوردن. وەك ئاشكرایە هەندێك هاوسۆزییان بۆ پەكەكە هەیە. بێگومان ئەسەدیش دەیەوێ ئەوان لە كۆڵ خۆی بكاتەوە، چونكە خواستی ئەسەد ئەوەیە بەسەر هەموو ناوچەكاندا زاڵ ببێتەوە".
بەگوێرەی راپۆرتەكە یەكەم بەرهەمی ئەو دەستەخوشكایەتییە، پڕۆژەی گرووپەكەی كرۆیتسبێرگە لە دێرك، ئەویش "سەوزكردن"ی بەشێكە لە دێرك، كە سنوورداركردنی بەردانەوەی ئاوی فوڕات لەلایەن حكومەتی توركیاوە كاریگەری نێگەتیڤی لەسەر داناوە. پڕۆژەكە دوای ئەوە دەستیپێكرد كە بەرپرسان و دانیشتووانی شارەكە خۆیان داوای ئەو جۆرە پڕۆژەیەیان كردبوو. كلێف دەڵێت پەیوەندییەكە جارێ "سیمبۆلیك"ە و هیواخوازە لە داهاتوودا ئەو پەیوەندییە ببێتە هۆكارێك بۆ ئەوەی ئەوروپییەكان و جیهان زیاتر دان بە دۆزی كورددا بنێن.
هاوسەرۆكی ئەنجوومەنی دێركیش ئاماژە بۆ ئەوە دەكات "ئێمە 10 هەزار یورۆمان لە ناوچەی كرۆیتسبێرگ ـ فریدریشزهاین وەرگرتووە بۆ چاندنی درەخت لە دێرك. بەگوێرەی رەوشی كەشوهەوا، ئەم بەهارە دەیانچێنین".
ئیدارەی دێرك هیواخوازن لە بەهار یان هاوینی ئەمساڵ سەردانی كرۆیتسبێرگ بكەن، بەڵام شاندە ئەڵمانییەكە جەخت دەكاتەوە جارێ دیار نییە ئاخۆ نوێنەرە كوردەكان دەتوانن لەو كاتەدا ئەو گەشتە بكەن یان نا. لەبەر ئەوەی پێویستیان بە پاسپۆرتە، بۆ ئەو گەشتەش دەبێ بە بەلەم و دواتر بە ئوتۆمبێل بپەڕنەوە خاكی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی لە رێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە گەشتەكە بكەن.
هەردوو لایەن جەخت لەوە دەكەنەوە، ئەگەر ئەو گەشتە سەر بگرێ ئەوە دەكرێ هەنگاوێكی بچووك بێ بۆ دەركردنی دێرك لەو پەراوێزخستنەی ئێستای. كلێف هیواخوازە خەڵكی رۆژئاوای كوردستان بتوانن دەسەڵات و دەنگێكی زیاتریان لە دیاریكردنی چارەنووسی خۆیاندا هەبێ و پێیوایە دێرك دەتوانێ مۆدێلێكی ئەلتەرناتیڤ بێ، بۆ بەڕێوەبردنی هەموو ناوچەكانی دیكەی سووریا، كە هەشت ساڵە نوقمی شەڕن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ