پارکی هەواری شار لە سلێمانی دەکرێتەوە

21-05-2016
شادیە رەسول
رووداو
رووداو
نیشانەکردن پارکی هەواری شار سلێمانی
A+ A-

رووداو- سلێمانی

لە دوای 14 ساڵ كاركردن لە پرۆژەی پاركی هەواری شار بڕیارە رۆژی یەکشەممە 22-5-2016 دەرگای پاركەكە بەڕووی هاونیشتمانیاندا بكرێتەوە، ئەگەرچی 1 لەسەر 4-ی پرۆژەكە كۆتایی هاتووە، بەڵام بەرپرسانی شارەوانی سلێمانی بە پرۆژیەكی گرنگی دەزانن لە رووی كەرتی وەبەرهێنان و ژینگە و گەشتیارییەوە.


یوسف یاسین- سەرۆكی شارەوانی سلێمانی بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پارکەکە لەسەر رووبەرێكی سەوزایی گەورە دروستكراوە كە نزیكە لە شاری سلێمانی و لە رووی ژینگەییەوە كاریگەریی هەیە بۆ ئۆكسیجین، هاونیشتمانیان دەتوانن بە كولفەیەكی كەم سەردانی ئەم پاركە بكەن، هەروەها رێگەیەكی باشە بۆ وەبەهێنەران كە بێنە ئێرە و كار بكەن لە رووی گەشتیارییەوە دەبێتە جێگەیەكی باش".

پاركی  هەواری شار، دەكەوێتە باكووری رۆژئاوای شاری سلێمانی بە 3 قۆناخ كاری تێداكراوە، زیاتر لە 3000جۆر نەمام و گوڵی تێدا چێنراوە، سەرجەم خزمەتگوزارییەكانی بە سیستەمی ئەلیكترۆنی ڕێكخراوە،و هاونیشتمانیان دڵخۆشن بەكردنەوەی ئەو پرۆژەیە، بەڵام داواكاریشیان لە بەرپرسانی پاركەكە هەیە.

سەریاس ئەحمەد هاونیشتمانی دەڵێت" پێمخۆشە كە ئەو پاركە دەكرێتەوە، لە سلێمانی بە پاركێكی گەورە ناسراوە، ئێستا خەڵك ماندووە، ئەو پاركەش گرنگە بۆئەوەی خەڵك ئیسراحەت بكات، هەروەها ئەوەی كە گرنكە پارە لە خەڵك نەستێنن و ئەوە لە بەرچاو بگیرێت".

حسێن شێخ عەلی هاونیشتمانییەکی دیکە دەڵێت" ئەو پاركە زۆر گرنگە و پێمخۆشە كە دەكرێتەوە بەڵام لەم قەیرانی دارایی و بێ‌ پارەیی و شەڕی داعشەدا پێویستە ئەوە لە بەرچاو بگیرێت كە خەڵك ماندووە و پارە وەرنەگرن".

پاركی هەواری شار دەكەوێتـە سەر رێگەی سلێمانی - قەیوان ، بۆ هەواڵی‌ كردنەوەی پاركەكە رەنگە هیچ كەس هێندەی مام حامید ، دڵخۆش نەبێ‌ چونكە چاوەڕانی ئەوەیە لەو رێگەیەوە كڕیارێكی زیاتر رووی تێبكەن. 

مام حەمید عەلی هاونیشتمانی دەڵێت" ئەو پاركە بكرێتەوە شتێكی زۆر چاكە ئەوە بۆ ئێمە چاكتر دەبێ‌ كە خەڵك بێت بۆ ئێرە ئێمە شتەكانمان زیاتر دەفرۆشرێن و قازانج دەكەین بۆیە حەز دەكەم هەر ئێستا بكرێتەوە".

پارك هەواری شار، لە سەر رووبەری 4400 دۆنم زەوی دروستكراوە، بەدووەم گەورەترین پارك هەژماردەكرێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەم پاركە لە قۆناخی دووەمدا 5 ملیار دیناری تێچووە و هێشتا پێویستی بە 6 ملیار دیناری دیکە هەیە تاوەكو هۆتێلی 5 ئەستێرە، میوانخانە، سینەما و رێستۆرانتی تێدا دروست بكرێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە