رووداو - قامشلۆ
دابەزینی نرخی لیرەی سووری بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی، کاریگەریی لەسەر کارمەند و فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان هەبووە، نرخی کەلوپەلیش بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، بەو هۆیەوە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر 150% مووچەی فەرمانبەرانی زیاددەکات و بەرزترین مووچە دەبێتە 163 دۆلاری ئەمریکی.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بۆ مووچەی کارمەندانی مانگانە پێویستی بە 46 ملیار لیرەی سوورییە. ئەوە لەکاتێکدایە ئێستا 2300 لیرەی سووری بەرامبەرە بە دۆلارێکی ئەمریکی.
ئەیهام و ئەحمەد چوار ساڵە کارمەندی شارەوانیی قامشلۆن، لە سەرما و گەرمادا شەقامەکان پاکدەکەنەوە، هەریەکەیان 97 هەزار لیرەی سووری وەردەگرن، دوای ئەوەی 150% مووچەیان زیادبووە، مووچەکەیان دەبێتە 242.5 هەزار لیرەی سووری، کە دەکاتە 105.5 دۆلاری ئەمریکی.
بەر لە ساڵێک مووچەیان 97 هەزار لیرەی سووری بەرامبەر بە 161.5 دۆلار بوو، کە ئەو کاتە دۆلار بە 600 لیرەی سووری بوو، سەرەڕای ئەوەیش مووچەکەیان بەشیان ناکات.
ئەحمەد بەهرۆ، فەرمانبەرە و دەڵێت، "ئەوە چوار ساڵە لە شارەوانیی قامشلۆ کاردەکەم و مووچەکەم بەشم ناکات. هەرچی وەردەگرم بە دووکاندارانی دەدەم. هەر دەڵێم بەشکم بەشی 15 بۆ 20 رۆژم بکات".
ئەیمەن عەلی، فەرمانبەرە و دەڵێت: "ئێستا لەگەڵ هەموو کەموکورتییەکدا بەشی 12 بۆ 13 رۆژ ناکات. زۆر جار کەلوپەلی خواردنمان نامێنێت".
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر 250 هەزار فەرمانبەر و کارمەندی هەن. لە مانگی داهاتووەوە کەمترین مووچە لە رۆژئاوای کوردستان دەبێتە 200 هەزار لیرە کە دەکاتە نزیکەی 87 دۆلار. بەرزترین مووچەش 375 هەزار لیرەی سووری دەبێت کە دەکاتە 163 دۆلار.
سەلمان بارودۆ، هاوسەرۆکی دەستەی چاندن و ئابووری لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە بەرنامەماندایە بە چ ئەندازەیەک نرخی لیرە داببەزێت، ئێمەیش تاوەکو بتوانین مووچە زیادبکەین. نەک تەنیا ئەوە، لە بەرنامەماندایە دوای زیادبوونی نرخی کەلوپەل هەندێک ماددەی سەرەکیی وەک شەکر، رۆن، نان و چا دابەشبکەین".
سەرەڕای زیادبوونی مووچە، زۆرترین مووچە وەک کەمترین مووچەی ساڵێک لەمەوپێشە. ئەو بڕیارەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە کاتێکدایە کە نرخی زۆربەی شتەکان لە بازاڕدا نزیکەی چوار هێندە زیادبووە.



