وەكو ئامارەكانی پۆلیس دەریدەخەن، تاوانەكانی دزی و كوشتن لەنێو شاری كەركووك و دەوروبەری روو لە هەڵكشانن. پۆلیس دەڵێت هۆكاری زۆربەی تاوانەكانی كوشتن و دزی، هەژاری یان كێشەی كۆمەڵایەتییە.
عەمید ئەفراسیاو كامیل، گوتەبێژی پۆلیسی كەركووك ئاماری تاوانەكانی كوشتنی لە هەشت مانگی رابردوودا (لە یەكی كانوونی دووەم تاوەكو 31ی ئاب) بۆ (رووداو) ئاشكرا كرد و گوتی: "لەم ماوەیەدا 80 حاڵەتی كوشتن لە كەركووك و دەوروبەری تۆماركراون، تۆمەتباری 60 لەو تاوانانە دەستگیركراون، 20 تۆمەتبارەكەی دیكەش هەڵاتوون بۆ دەرەوەی كەركووك".
گوتەبێژی پۆلیسی كەركووك ئاشكراشی كرد كە لە ماوەی ئەو هەشت مانگەدا 611 حاڵەتی دزی لە كەركووك تۆماركراوە، زیاتر لە 400 كەس لەسەر ئەو دزییانە دەستگیركراون. بەگوتەی عەمید ئەفراسیاو، هەندێك لەوانەی لەسەر دزی دەستگیركراون تەمەنیان 15- 16 ساڵە، بەڵام زۆربەی تۆمەتبارەكان تەمەنیان لە 35 ساڵ بەسەرەوەیە.
دوایین تاوانی دزی كە لە نێو دۆسیەكانی پۆلیس لە كۆتایی مانگی ئابدا تۆماركراوە، دزینی ئۆتۆمبێلی ئافرەتێك بووە. عەمید ئەفراسیاو دەڵێت، هەژاری و بێكاری هۆكاری سەرەكین بۆ زیادبوونی تاوانی دزی.
كەركووك نەك دۆخە سیاسییەكەی، دۆخە كۆمەڵایەتییەكەشی ناجێگیرە. زوو زوو هەواڵی كوشتنی كەسێك لە میدیاكانەوە بڵاودەبێتەوە كە بە بڕوای پۆلیس و خەڵكیش هۆكاری زیادبوونی رووداوەكانی كوشتن بۆ زۆریی ئەو چەكانە دەگەڕێتەوە كە بە دەست خەڵكەوەن.
مانگی رابردوو ئافرەتێك لە نێو ماڵەكەیدا، هاوژینەكەی خۆی دایە بەر دەستدڕێژی گوللە و كوشتی، كاتێك ویستی بەرەو شاری سلێمانی رابكات، لەلایەن بازگەیەكی ئاسایشەوە دەستگیركرا. دوای لێكۆڵینەوە دەركەوت كەسێك لە تاوانەكەدا هاوكاریی كردووە و دواتر پۆلیس ئەویشی دەستگیركرد.
عەمید ئەفراسیاو كامیل، گوتەبێژی پۆلیسی كەركووك دەڵێت: "زۆربەی رووداوەكانی كوشتن لە كەركووك و دەوروبەری بەهۆی كێشەی كۆمەڵایەتین ". گوتیشی :"چارەسەركردنی كێشەی كۆمەڵایەتی بۆ ئێمە زۆر ئاڵۆز و زەحمەتە".
پارێزەر یونس عومەر كە پارێزەرە لە دادگای كەركووك بە (رووداو)ی گوت :"زۆربەی ئەو كەیسانەی من لە دادگا كاریان لەسەر دەكەم، كۆمەڵایەتین، هۆكاری زۆربەشیان دەگەڕێتەوە بۆ تێنەگەیشتن و ناهۆشیاری، هەندێك كەیس زۆر سادەن، بەڵام لایەنەكانی كێشەكە گەورەیان كردووە و گەیشتووەتە ئاستی خوێنڕشتن". گوتیشی: "هەندێك كێشەی كۆمەڵایەتی بوونەتە بۆماوەیی، نەوە بە نەوە لەگەڵی هاتوون و تۆڵەی خۆیان كردووەتەوە".
ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوەدا كە قورسترین دۆسیە لە دادگاكان، ئەوانەن كە تاوانی كوشتنەكە بەهۆی تۆڵەكردنەوەیە، چونكە زۆرجار تاوانەكە تەشەنە دەسێنێ و خەڵكی زیاتری تێدا دەكوژرێ. دواجار چارەسەر و كۆنتڕۆڵكردنی ئەستەم دەبێ. جگە لە دادگاكان، هەندێك لە كێشە كۆمەڵایەتییەكان لە دیوەخانی سەرۆك عەشیرەت و پیاوماقوڵان چارەسەر دەكرێن.
بارام محەممەد، 60 ساڵ، كە بەشداری لە چارەسەركردنی چەندین كێشەی كۆمەڵایەتیدا كردووە، گوتی: "زۆربەی كێشەكان لە بەرامبەر بڕێك پارە بۆ خوێنی كوژراوەكە چارەسەر دەكەین و ناهێڵین بگاتە دادگا، چونكە هەندێك كێشە بە دادگاش چارەسەر ناكرێن. هەندێك جاریش ئێمە كارئاسانیمان بۆ دادگا كردووە و لەوێ چارەسەركراون".
لە كاتی روودانی تاوانێكی كوشتندا هەندێك كەس یەكسەر پەنا بۆ تۆڵەكردنەوە دەبەن، بەمەش كێشەكە گەورەتر دەكەن، هەندێكیشیان كارەكە بۆ یاسا جێدەهێڵن.
(س.م) برای قوربانییەكە، بە (رووداو)ی گوت :"براكەم تەمەنی 16 ساڵ بوو، بە ناهەق كوشتیان، تا ئەو كاتەی تاوانبارەكە دەستگیر نەكرابوو، پێداگیریم لەسەر ئەوە دەكرد كە تۆڵەی خوێنی براكەم بكەمەوە، بەڵام كاتێك تاوانبارەكە دەستگیركرا، لە دادگا لێپێچینەوەی لەگەڵ كرا و سزا درا، ماڵی تاوانبارەكە داوای لێخۆشبوونیان كرد، بۆیە بڕیارمان دا بیر لە تۆڵە نەكەینەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ