لە کلینیکێکی تایبەتدا لە کەرکووک ژنێک دوای لێدانی دەرزییەک گیان لەدەستدەدات

01-08-2023
هەردی محەممەد عەلی
هەردی محەممەد عەلی
گیانلەدەستدانی ژنێک لەدوای لێدانی دەرزییەک لە کەرکووک
گیانلەدەستدانی ژنێک لەدوای لێدانی دەرزییەک لە کەرکووک
نیشانەکردن کەرکووک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە کەرکووک ژنێکی کورد نەخۆش بووە و چووەتە کلینیکێکی پزیشکییەوە و دەرزییەکیان بە کانیۆلا بۆ داناوە، کچەکەی کە ئەوکاتە لەگەڵیدا بووە، دەڵێ "هەر لەوێ ئەو دەرزییە کوشتی." کەسوکاری ئەم خانمە سکاڵایان تۆمار کردووە و دەڵێن واز ناهێنین تاوەکو ئەو پزیشکەی بووەتە هۆی کارەساتەکە، سزای خۆی وەرنەگرێت.
 
جوان خەلیل ئەو ژنەیە کە کەسوکارەکەی دەڵێن بەهۆی لێدانی دەرزییەکەوە لەنێو کلینیکی تایبەتی پزیشکێک گیانی لەدەستداوە. رووداوەکە سێ رۆژە روویداوە و هێشتا کەسوکاری جوان لە پرسەدان. 
 
ئایڤەر، لەگەڵ دایکیدا بووە و بەیەکەوە چوونەتە لای پزیشک، دەڵێ "بۆچارەسەری گرێیەکی بچووک سەردانی پزیشکمان کرد و بەپێی خۆمان چووین، دوای ئەوەی پزیشکەکە دڵنیای کردینەوە لەوەی دایکم دۆخی زۆر باشە، کەچی دەرزی و دەرمانیان بۆ داناین، هەر لەنێو کلینیکی خۆیدا سکرتێرەکەی دەرزییەکی بە کانیۆلا لێدا و دۆخی دایکم تێکچوو، دوای کەمێک هەر لەوێ گیانی لەدەستدا".
 
ئایڤەر دەستەکانی دەلەرزن کاتێک قسە دەکات، بەمشێوەیە رووداوەکە دەگێڕێتەوە (پزیشکەکە) "بەوەی تەنیشتی گوت 'بڕۆ کانیۆلاکەی بۆ دابنێ.' کانیۆلایان لە قۆڵی بۆ دانا، کە دەرزییەکەیان لێیدا دایکم دەمی ئەستوور و مۆر بوو، چاوی سپی بوو و گوتی 'ئاخ باوکە.' دەستی گۆج بوو و قاچی دەلەرزی. بەمنیان گوت 'رابکە خوارەوە.' دوو دەرزیی دیکەیان بۆم نووسی و گوتیان 'لەوە بێنە.' هەتا هاتمەوە سەرەوە، دایکم لە زەوی بوو و گیانی لەدەستدابوو."
 
کەسوکاری ژنەکە، پێداگرن لەوەی لە یەکلاییکردنەوەی دۆسییەکەیدا دادگا سەروەر بێت. سکاڵایان تۆمارکردووە و دەڵێن ''سازش لەسەر بەدەستهێنانی مافەکانمان ناکەین، لەبەرامبەر هیچ شتێکدا."
 
شاخەوان خەلیل، برای جوان پزیشکەکە تۆمەتبار دەکات بە گیانلەدەستدانی خوشکەکەی و دەڵێ "سکاڵامان دژی ئەو پزیشکە کردووە کە دەرزییەی لە خوشکەکەم دا و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا. لەهەمان کاتدا لە پزیشکی دادی تێستی لێ وەرگیراوە تاوەکو بینێرنە بەغدا، هەروەها بەشێکی جگەر و پێستی شوێنی کانۆلاکەش نێردراون، سبەییش دەچینە فەرمانگەی تەندروستی و سەندیکای پزیشکان سکاڵا دەکەین."
 
ئەگەرچی رووداوەکە لە کلینیکی تایبەت روویداوە، بەڵام فەرمانگەی تەندروستی بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری مردنی ژنەکە، پشکنین و توێکاری تەرمەکەیان رەوانەی تاقیگەی گشتی کردووە لە بەغدا.
 
دکتۆر زیاد خەڵەف جبووری، بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی کەرکووک دەڵێ "ئێمە، راستەوخۆ لەسەر ئەو بابەتە لێکۆڵینەوەمان کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا دەرگامان کراوەیە بۆ هەر کەسێک کە دەناڵێنێ بەدەست هەڵەی پزیشکییەوە، کە دەتوانێ سکاڵا بەرز بکاتەوە و ئێمەش رێکاری پێویستی کارگێڕی دەگرینەبەر و دەتوانێ سەردانی داگای تایبەتمەندیش بکات."
 
جوان خەلیل تەمەنی 49 ساڵ بوو، خاوەنی دوو کچ و دوو کوڕ بوو و کەسوکارەکەی جەخت دەکەنەوە لەوەی "هیچ نەخۆشییەکی درێژخایەنی نەبووە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەنجێک لە عەلوەی سلێمانی خەریکی کارکردنە

عەلوەی سلێمانی: بەهۆی گرانیی کارەباوە رۆژانە 3 بۆ 4 تۆن سەوزە و میوە فڕێ دەدەین

بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی دەڵێت، بەهۆی گرانیی نرخی کارەباوە ناتوانن ساردکەرەوەکان کارپێبکەن، بەو هۆیەشەوە رۆژانە سێ بۆ چوار تۆن سەوزە و میوەیان خراپ دەبێت و فڕێی دەدەن