رووداو - هەولێر
ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاریی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت: ئەوەی ئێستا لە كوردستان دەگوزەرێ بەشێكە لەو رێككەوتنەی حكومەتی هەرێمی کوردستان ساڵی 2016 لەگەڵ بەغدا کردوویەتی. جەختیش دەکاتەوە کە هێزە عیراقییەكان هیچ جۆرە پێشڕەوییەك لە ناوچە کوردستانییەکانی دەروەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانەوە زیاتر ناكەن و نابێت.
ئاژانسی پاراستن و زانیاری کە سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە و لاهور شێخ جەنگی بەرپرسییەتی، لە راگەیێندراوەکەدا هەموو حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دڵنیادەكاتەوە كە هیچ مەترسییەكیان لەسەر نییە لە ناوچەكانی دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت لە زۆنی سەوز.
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: "ئەوەی ئێستا لە كوردستان دەگوزەرێ بەشێكە لەو رێككەوتنەی لەنێوان حكومەتی هەرێم و بەغدا لە ساڵی 2016 ئەنجامدراوە. هیچ جۆرە پێشڕەوییەكی هێزە عیراقییەكانیش بۆ سەروی سنووری ناوچە جێناكۆكەكان ناكرێت و نابێت".
بەیانیی رۆژی شەممە21-10-2017، هێزێکی سەر بە حەشدی شەعبی بە ئۆتۆمبێلی سەربازییەوە چوونە سنووری شارۆچکەی تەقتەق، حیزبەکانی رۆژهەڵاتیش کە بارەگاکانیان لە کۆیەن، هۆشدارییان دا کە مەترسییان لەسەرە. عومەر ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی تەقتەقیش بە رووداوی راگەیاند کە هێزەکە تەنیا کاژێرێک ماوەتەوە و دواتر گەڕاوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ