نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت زیاتر لە 134,000 کەس لە رۆژئاوای کوردستان ئاوارە بوون

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەپێی ئامارە نوێیەکانی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM) سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، پاش پێکدادانەکانی نێوان سوپای عەرەبیی سووریا و هێزە کوردییەکان و راگەیاندنی ئاگربەستە لەرزۆکەکە، زیاتر لە 134,000 کەس لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا (ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە) ئاوارە بوون.
 
رێکخراوەکە رۆژی پێنجشەممە 22-01-2026، لە راگەیێندراوێکدا گوتی، تەنیا لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا، ژمارەی ئاوارە ناوخۆییەکان لە پارێزگەی حەسەکە بۆ نزیکەی 134,803 کەس بەرزبووەتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی یەکشەممەی رابردوو تەنیا 5,725 ئاوارە تۆمار کرابوون.
 
(IOM) ئاماژەی بەوە کردووە، هۆکاری ئەم شەپۆلە گەورەیەی ئاوارەبوون بۆ ترسی خەڵک لە پێکدادانی نێوان هەسەدە و سوپای سووریا دەگەڕێتەوە، بەتایبەت ئەو هاووڵاتییانەی لە نزیک زیندانەکانی هەسەدە و بارەگا سەربازییەکان نیشتەجێن.
 
کارەساتی مرۆیی لە حەسەکە و کۆبانی
 
نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات، زیاتر لە 41,000 لەو ئاوارە نوێیانە لە ناوەندە بەکۆمەڵەکانی حەسەکە نیشتەجێ کراون و "پێویستیی یەکجار بەپەلیان بە خۆراک، پێخەف و بەتانی هەیە." 
 
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ، لە شاری کۆبانی، نزیکەی 1,647 کەس ئاوارە بوون و دانیشتووانی شارەکەش رایانگەیاندووە، رووبەڕووی کەمیی خۆراک و بڕانی ئاو و کارەبا بوونەتەوە.
 
ئەم شەپۆلە گەورەیەی ئاوارەبوون لە کاتێکدایە، دۆخی ناوچەکە وەرچەرخانێکی سیاسی و سەربازیی خێرای بەخۆیەوە بینیوە. شەوی سێشەممە، حکومەتی سووریا و هەسەدە لەسەر ئاگربەستێکی چوار رۆژە رێککەوتن. ئەمە دوای ئەوە هات، رۆژی یەکشەممە 18-01-2026، ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری کاتیی سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە، گەیشتنە رێککەوتنێکی 14 خاڵی بۆ تێکەڵکردنی هەسەدە لە ناو سوپای نیشتمانیدا، بەڵام جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە رووبەڕووی ئاستەنگ بووەوە.
 
لە ژێر گوشاری سەربازیی دیمەشق و پاشەکشەی پشتیوانییەکانی ئەمریکا، هەسەدە لە چەند رۆژی رابردوودا لە ناوچە عەرەبنشینەکانی وەک رەققە، دێرەزوور و بەشێکی حەلەب کشایەوە و هێزەکانی لە پارێزگەی حەسەکە و کۆبانی کۆکردەوە.
 
هەر پێنجشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە هەولێر پێشوازی لە مەزڵووم عەبدی کرد و جەختی لە پاراستنی مافەکانی کورد کردەوە. هاوکات تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەرکی هەسەدە وەک هێزی دژە داعش "بەڕێژەیەکی زۆر کۆتایی هاتووە" و دەبێت دیمەشق بەرپرسیارێتیی زیندانەکان بگرێتە ئەستۆ.
 
بەهۆی نادڵنیایی لە دۆخی ئەمنی، ئەمریکا دەستی کردووە بە گواستنەوەی 7,000 زیندانیی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق. ترسی خەڵک لە هەڵاتنی تیرۆریستان لە زیندانی شەدادی و کەمپی هۆل، یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم شەپۆلە گەورەیەی ئاوارەبوون کە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمرۆ رایگەیاند.
 
 
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کیت سێڵف  و  تڕۆی نێڵز قسە بۆ دیار کوردە دەکەن.

دوو کۆنگرێسمان بۆ رووداو: پێویستە واشنتن لە پاراستنی کورد بەردەوام بێت

دوو ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رووداو، نیگەرانیی قووڵی خۆیان لە پێشهاتەکانی سووریا و هێرشەکانی سوپای سووریا بۆ سەر هەسەدە و کەمینەکان دەربڕی. کۆنگرێسمانەکان جەختیان لەوە کردەوە کە دەبێت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پابەند بێت بە پشتیوانیکردن و پاراستنی کورد.