رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەی قولە دەکەوێتە نێوەڕاستی شار و لە هەر چوار وەرزی ساڵدا سیمبولی ئاوەدانی و فریادرەسی یەک لەسەر سێی دانیشتووانی رانیەیە؛ ئاوەکە پار بەهۆی وشکەساڵییەوە مەترسی وشکبوونی لەسەر بوو، ئەم ساڵ بەهۆی زۆریی بارانبارینەوە بووژاوەتەوە و نزیکەی سێ هەفتەیە سەرڕێژی کردووە.
ئاسۆ ئیبراهیم، سەرپەرشتیاری ئاوی قولەی رانیە دەڵێت: "نزیکەی سێ هەفتەیە سەرچاوەی ئاوی قولەی رانیە بووژاوەتەوە و سەرڕێژ بووە. قولە ئاوی 60٪ی دانیشتووانی رانیە دابین دەکات و لە دوای ساڵی 2019ـەوە ئەوە یەکەمجارە بەو شێوە زۆرە ئاوەکەی زیاد بکات."
بەفر و بارانی ئەم ساڵ لە ئیدارەی راپەڕین، بوونە دەرمانی وشکەساڵییەکەی ئاوی قولەی رانیە دوای 5 ساڵ سەرڕێژی کردپار؛ ئێستا لە هەر لایەک بڕوانی، سرووشت تەڕ و پاراوە و دەنگی خوڕەی ئاو دەبیسترێت. یەکێک لەو سەرچاوانە، کانیاوی گوندی گەرمکەداڵە لە بناری چیای ماکۆک، کە پار وشکەساڵی تەڕایی لێ بڕیبوو، بەڵام ئێستا ئاوێکی زۆری تێدا دەڕوات و بووەتە ناوچەیەکی گەشتیاری.
ئامارەکانی بارانبارین لە سنوورەکە بۆ خەڵک و لایەنە پەیوەندیدارەکان دڵخۆشکەرن؛ لە هەندێک ناوچە رێژەی بارانبارینی ئەم ساڵ چوار هێندەی پار بووە.
سپاردە محەممەد، بەڕێوەبەری سەرچاوەکانی ئاوی راپەڕین ئاماژە بەوە دەکات: "رێژەی بارانبارینی ئەم ساڵ لە رانیە نزیکەی 700 ملم بووە و لە هەندێک ناوچەی قەزای پشدەر گەیشتووەتە زیاتر لە 800 ملم؛ ئێستا مەترسی وشکەساڵی نەماوە و لە رێژەی بارانی مسۆگەرداین."
بووژانەوەی کانی و کارێزەکان ئاستی ئاوی زێی بچووکیشیان بەرزکردووەتەوە کە سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی بەنداوی دووکانە. بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی سەرچاوە ئاوییەکانی سنوورەکە، ئەم ساڵ زیاتر لە 500 کانی، کارێز و سەرچاوەی ئاو بەهۆی بارانبارینەوە بووژاونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ