رووداو - سلێمانی
لەتیف رەشید بە (رووداو)ی راگەیاند، لە خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار عێراق ناکشێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش یەکێتی ئاگادارکردووەتەوە و لەگەڵ لایەنە عێراقییەکانیش قسەی کردووە.
هەفتەی رابردوو ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەنێوان بەرهەم ساڵح، محەمەد سابیر و لەتیف رەشید بە دەنگدانی نهێنی بەربژێری یەکێتی بۆ سەرۆککۆمار یەکلاییکردەوە، بەرهەم ساڵح 26 دەنگ، محەممەد سابیر 15 دەنگ و لەتیف رەشید 1 دەنگی بەدەستهێنا.
هەرچەندە بەرهەم ساڵح وەک بەربژێری فەرمی یەکێتی دەستنیشانکراوە، بەڵام لەتیف رەشید، کە کادیری پێشکەوتووی یەکێتی و ئاوەڵزاوای جەلال تاڵەبانییە دەڵێت، لە خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار ناکشێتەوە. گوتیشی "لە بەرژەوەندی گشتییە چەند بەربژێرێک بۆ هەر پۆستێک هەبن و نوێنەرانی گەل یەکێکیان هەڵبژێرن".
لەتیف رەشید روونیکردوە "چەند مانگێک پێش ئێستا چەندین دۆست و کەسایەتی سیاسی و رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی داوایان لە من کرد خۆم بۆ سەرۆککۆمار بەربژێر بکەم چونکە دەیانگوت چەند ساڵ لە بەغدا بوویت و لەگەڵ جەنابی بەڕێز مام جەلال بووم، منیش نامەیەکم نووسی بۆ مەکتەبی سیاسی و داوای پشتگیرم کرد، ئەوانیش خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی".
لەبارەی پشتیوانیکردنی لەناو یەکێتی، لەتیف رەشید گوتی "لەگەڵ سەرکردایەتی قسەم کردووە، زۆربەیان پێیانخۆش بوو خۆم بەبژێر بکەم بەڵام دوای گەڕانەوەی (بەرهەم ساڵح) ئەویان بەربژێر کردووە وەک بەربژێری مەکتەبی سیاسی، بەڵام منیش برادەرانی یەکێتیم ئاگادارکردووەتەوە کە هەر خۆم بەربژێر دەکەم".
سەبارەت بە پشتیوانی لایەنە عێراقییەکان، لەتیف رەشید گوتی "ئەوان دەزانن بۆچوونەکانم چۆنن. لەگەڵ زۆرینەیان قسەم کردووە و بیروڕامان گۆڕیووەتەوە و ئەوانیش زۆربەیان پشتیوانی خۆیان بە حەماسەوە دەبڕیووە".
لەتیف رەشید جەختدەکاتەوە، ئەندامی یەکێتیییە و هەر بە ئەندامیشی دەمێنێتەوە چونکە لە دامەزراندنییەوە لەگەڵی بووە و باوەڕی بەو بەرنامە هەیە کە مام جەلال دایناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ