کۆیە.. سێیەم فێستیڤاڵی هونەرمەندی گەل تاهیر تۆفیق

22-10-2013
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن کۆیە تاهیر تۆفیق
A+ A-
رووداو- کۆیە

بۆ سێیەم ساڵ لەسەر یەک فێستیڤاڵی ساڵیادی کۆچی هونەرمەندی گەل، تاهیر تۆفیق لە شارۆچکەی کۆیە سازکرا.

بە ئامادەبوونی چەندین هونەرمەند و هونەردۆستی کۆیە و شارو شارۆچکەکانی دیکەی کوردستان، لە نێو چەپڵەرێزانی جەماوەرێکی زۆر لە هۆڵێکی بچوکی زانکۆی کۆیە، فێستیڤاڵی  سێیەمی هونەرمەندی گەل تاهیر تۆفیق سازکرا. 

لە فێستیڤاڵی ئەمساڵ چەندین هەنەرمەند بە گووتنەوەی گۆرانیەکانی هونەرمەند تاهیر تۆفیق بەشداربوون، لە وانە، خاتوو نانی، هونەرمەند پەیمان عومەر، تارا رەسول، چنار کەرکووکی و هەروەها هونەرمەندان هۆشمەند زاهیر و دیاری بەرزنجی.

هەر لە فێستیڤاڵەکەدا خەڵاتی تاهیر تۆفیق بەخشرایە ژمارەیەک لە دامەزرێنەرانی تیپی مۆسیقای باواجی کۆیە و ژمارەیەک لە هونەردۆستان و هونەرمەندان، لەوانەش هۆمەر دزەیی، عەدنان کەریم، سادق هەریری، عەباس محەممەد، ئەیوب عەلی، حەمە رەئوف کەرکوکی و خاتوونی هونەرمەند ئاڤان جەمال .

هونەرمەندی گەل تاهیر تۆفیق لە ساڵی ١٩٢٢ لە دایک بووە و لە ساڵی ١٩٨٧ کۆچی دوایی کردووە. رۆژی کۆچی دواییشی بە رۆژی هونەر ناسێنراوە لە کۆیە. تاهیر تۆفیق لە ماوەی ژیانی هونەریشیدا خاوەنی چەندین گۆرانی و مەقامی نەمربووە،  لەوانە شیرین بەهارە، قەلبی من گەر چەشنی لالە بێ، کراس زەردێ، نەسرین ئەمرۆ بەهارە، دڵە بەهیوا و وەی لێ زاڵم و چەندین گۆرانی و مەقامی دیکە، کە تاوەکو ئێستاش لە لوتکەدان.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە