رووداو - سلێمانی
هاتنی جەژنی نەورۆز نەبووە هۆی ئەوەی ئەو خواردنگانەی خواردنی کوردەواری ئامادەدەکەن دابخرێن، بەپێچەوانەوە ئەوان لە رۆژەکانی نەورۆزیشدا بەردەوام بوون لەسەر کار و، دەڵێن داواکاری هاونیشتمانیان لەسەر خواردنی کوردەواری لە رۆژانی نەورۆزدا زۆر بووە.
بەناز لەتیف-ی چێشتلێنەر دەڵێ "خواردنەكان هەموویان خواستیان لەسەرە، بەتایبەتی لەم وەرزەدا یاپراخ زۆر داوادەكرێت. پێشتر پێمان دەڵێن ئێمەش ئامادەی دەكەین بۆ ئەوەی بتوانین زۆرترین داواكارییەكان جێبەجێ بكەین. ئێمە بەزۆری بە گیپە ناسراوین و زۆرترین داواكاریمان هەیە، تەنانەت ئێستا بۆ سەیرانیش خەڵك داوای دەكات، من هەست بە ماندوویێتی ناكەم، چونكە خۆم كاردەكەم".
ئامادەکردنی خواردنە كوردەوارییەكان، بۆ ژنان بووەتە رێگایەك تاوەكو لە بازاڕەكاندا هاوشانی پیاوان هێزی خۆیانی پێ نیشانبدەن.
تارا عەبدوڵڵا، خاوەنی چێشتخانەیە باس لەوە دەکات لە رۆژانی نەورۆزدا ناتوانن دەرگای چێشتخانەكەیان دابخەین، چونكە لەم وەرزەدا زۆرترین داواکاری لەسەر خواردنە كوردەوارییەكان هەیە و، دەڵێ "راستە چێشتخانەكەمان كەمێك چۆڵە، بەڵام ئێمە زۆر سەرقاڵین بە ئامادەكردنی داواكارییەكانمان، لەم وەرزەدا زۆرترین یاپراخ و بریانی دروست دەكەین. توانیومانە كارێكی باش بكەین بۆ خۆمان و ئەوانەیش کە لەلامان كار دەكەن".
ئامادەکردنی خواردنە كوردەوارییەكان لە کۆنەوە پیشەی كابانەكانی ماڵ بووە، بەڵام ئێستا لە چواچێوەی دیواری ماڵەكان نەماوە و، بووەتە پیشەیەك بۆ بەشێك لە ژنان و كچانی كورد، کە لەو رێگەیەوە بازاڕێكیان بۆ خۆیان دروستكردووە.
بێریڤان ئەنوەر، سەرپەرشتیاری خواردنگەی كوردەوارییە، دەڵێ "ئێستا خواردنە کوردەوارییەکان كەمتر لە ماڵەكاندا دروست دەكرێن. خەڵك دەیانەوێت ئەو خواردنە كوردەوارییەی دایك و نەنكیان بۆی دروستكردوون دووبارە تامبكەنەوە. خەڵكێكی زۆر دێنە لامان، خواردنەكان زۆرن و، كارەكەمان بژێوی ژیانمان دابین دەکات".
پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ