نەورۆز لە یارییەکی گرنگ و جیاوازدا میوانداریی دهۆک دەکات

25-10-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن نەورۆز دهۆک خولی ئەستێرەکانی عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای 114 رۆژ دوورکەوتنەوە لە یاریگەکەی، جارێکی دیکەی یانەی نەورۆز دەگەڕێتەوە باوەشی یاریگە قەشەنگەکەی و یەکەم یاریی لەم وەرزەدا لە یاریگەی خۆیدا ئەنجامدەدات.
 
نەورۆز لە بارودۆخێکی دارایی خراپ و دەروونی ئاڵۆزدا، میوانداریی یانەی دهۆک دەکات و دەیەوێت بەبردنەوەی یارییەکە هاندەرانی دڵخۆش بکات و هەموو ئەو دۆخە خراپەی رووبەڕووی یانەکە بووەتەوە، ئەگەر بۆ ساتێکیش بێت لە بیر هاندەرانی بباتەوە.
 
یانەی نەورۆز لە چوار یاریی رابردوودا بردنەوەیەکی لە گەڕی یەکەمدا بەدەستهێنا، دوای ئەوە سێ یاریی لەسەریەکی دۆڕاند و ئەنجامەکانی خراپن، ئەمشەو دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە سەر رێگەی راست.
 
هەزاران هاندەر، لە سلێمانی و شارەکانی دیکەی کوردستان بلیتی ئەم یارییەیان کڕیووە و هەمووان لەگەڵ یانەی نەورۆز هاوسۆزن و دەیانەوێت پاڵپشتیی دارایی یانەکە بکەن، دوای ئەوەی یانەکە کەمپینێکی بۆ هاوکاریکردنی یانەکە راگەیاند.
 
دوای چوار دۆڕانی لەسەریەک یانەی دهۆک دەیەوێت یەکەم بردنەوە تۆماربکات، کاتێک لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی نەورۆز یاری دەکات.
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی پێنجەمی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، ئەمشەو یانەی دهۆک لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی نەورۆز یاری دەکات، بۆ ئەم یارییە یانەی دهۆک شەوی رابردوو دوایین مەشقەکانی لەسەر چیمەنی یاریگەی نەورۆز ئەنجامدا و بۆ یارییەکە ئامادەیە.
 
دهۆک هەر چوار یاریی سەرەتای ئەم وەرزەی دۆڕاندووە، عەبدولغەنی شەهد کراوەتە راهێنەری یانەکە و یاریی بەرامبەر نەورۆز یەکەم یاریی ئەو راهێنەرە دەبێت وەکو راهێنەری ئەلهویێن چیا.
 
لەم یارییەدا بۆلی جونیۆر سامبۆ، کارتی سووری لە یاریی بەرامبەر تەڵەبە وەرگرتووە و یاریی ناکات، یاریزانەکانی دیکەی دهۆک ئامادەن.
 
بەر لە یارییەکە یانەی نەورۆز لە پەیامێکدا دەڵێت "به‌ دڵ به‌خێرهاتنتان ده‌كه‌ین هیوادارین هانده‌رانی نه‌ورۆز خه‌ڵكی شاری سلێمانی به‌ چه‌پكه‌ گوڵی ڕێز و خۆشه‌ویستی و وه‌فا پێشوازی له‌ یانه‌ی دهۆك و هانده‌رانیان بكه‌ن چونكه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌وان بۆ ئێمه‌یان كرد هه‌رگیز له‌ بیری ناكه‌ین."
 
عەبدولغەنی شەهد، راهێنەری یانەی دهۆک دەڵێت "یەکێکە لە گرنگترین یارییەکان، یاریزانان و هاندەران بەپەرۆشن بۆ ئەم یارییە، هیوادارم ئاستێکی بەرز پێشکێشبکەین و ئەو ئاستە بێت کە وەرزی رابردوو یانەکە پێشکێشی کرد و لە هزری هاندەراندا ماوە."
 
راهێنەری یانەی دهۆک زیاتر گوتی "ئێمە چەند تێبینییەکمان لەسەر بەشێکی یاریزانەکان هەیە، بەڵام لە مەشقەکاندا کاردانەوەی گەورە هەبووە، هەموو یاریزانەکان ئامادەن، جگە لە یەک یاریزان."
 
یاسین ئاراس، راهێنەری یانەی نەورۆز لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی بەر لە یارییەکە گوتی "ئێمە چەند کێشەیەکمان هەبوو و ئەوە رێگربوو لە گەیشتن بە ئاستی راستەقینەمان، بەڵام هیوامان لەدەست نەداوە، پێشتر ئەنجامەکانمان سەیربوون، کارمان لەسەر خاڵە نەرێنییەکان کردووە."
 
راهێنەری نەورۆز دەڵێت "بۆ بردنەوەی یارییەکە و بەدەستهێنانی سێ خاڵ بەرامبەر یانەی دهۆکی بەڕێز یاری دەکەین."




 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە