دڵشاد شەهاب: بۆ دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن چاوەڕێی بڕیاری کۆمیسیۆنین

23-05-2024
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سەبارەت بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن چاوەڕێی هەنگاوی کۆمیسیۆنن.
 
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنسوڵخانەی گشتیی تاران لە هەولێر رایگەیاند، "چاوەڕوان دەکرێت لەم رۆژانەدا کۆمیسیۆن کۆبێتەوە و پێداچوونەوە بە بەرنامەی هەڵبژاردندا بکات و ئێمە چاوەڕوانی بڕیاری ئەوانین".
 
دڵشاد شەهاب دەشڵێت، "تائێستا کۆمیسیۆن پابەندە بەو وادەیەی بۆی دیاریکراوە، ئەگەر نەتوانێت لەو وادەیەدا هەڵبژاردن ئەنجامبدات، دەبێت ئاگادارمان بکاتەوە.. کەی کۆمیسیۆن ئاگاداری کردینەوە، [وادەیەکی نوێ بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دیاریدەکرێت]".
 
لەلایەکی دیکە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ناتوانن لە 10ـی حوزەیران هەڵبژاردن بکەن، بۆیە بە نووسراوی فەرمی داوا لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەکەن، وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکات.
 
جومانە غەلای گوتی، "بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی و دەستەی ئەنجوومەنی دادوەریی هەڵبژاردن، کاریگەریی لەسەر خشتەی کاری کۆمیسیۆن دروستکرد بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە 10-06-2024، بەو هۆیەوە کۆمیسیۆن ناتوانێ لەم وادەیەدا هەڵبژاردن بەڕێوەببات."  
 
ئاماژەی بەوەش کرد، "دوای درێژکردنەوەی ماوەی کارەکانی کۆمیسیۆن بۆ شەش مانگی دیکە تاوەکو سەرەتای 2025، ئەنجوومەنی کۆمیساران پابەندە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەگوێرەی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەببات."  
  
سەرچاوەیەک لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی گوت، دوای ئەوەی دادگەی باڵای فیدراڵی فەرمانە وەلائییەکەی بۆ راگرتنی کارەکانی بڕگە دووی سیستمی هەڵبژاردن هەڵوەشاندەوە، سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەست بە رێکارەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەنەوە.
 
رۆژی 07-07-2024 تەمەنی کاری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆتایی دەهات بەڵام چوارشەممە 22-05-2024، پەرلەمانی عێراق درێژکردنەوەی ماوەی کارکردنی تاوەکو 06-01-2025 پەسندکرد، ئەوەش بەمەبەستی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
 
درێژکردنەوەی ماوەی یاسایی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق تەنیا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە. بۆ هەڵبژاردنی ساڵی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، کۆمیسیۆنێکی نوێ هەڵدەبژێردرێت.
 
رۆژی 22ـی تشرینى دووەمى 2023، پەرلەمانى عێراق بڕگەیەکى مادەى 7ـی یاساى کۆمیسیۆنى هەموارکرد و تەمەنى کردە 54 مانگ لە رۆژى دەستبەکاربوونیانەوە لە 7ى کانوونى دووەمى 2020. بە گۆڕینى بۆ 60 مانگ، تەمەنى ئەو ئەنجوومەنەی شەش مانگ درێژ کردەوە.
 
کۆمیسیۆن دەستی بە رێکارەکان کردبوو بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە بڕیاربوو لە 10ـی حوزەیرانی ئەمساڵ بکرێت، بەڵام بەشدارینەکردنی پارتی و پێکهاتەکان لە هەڵبژاردن و دواتریش سکاڵایەکی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دادگەی فیدراڵی لەسەر کۆمیسیۆن، وایکرد کۆمیسیۆن رێکارەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رابگرێت.
 
ئێستا کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن رێکارە هونەری و ئیدارییەکانی هەڵبژاردنی راگرتووە و دەستی کردووەتەوە بە رێکارە بەردەوام و هەمیشەییەکان، لەوانەش تۆماری بایۆمەتری بۆ لەدایکبووانی 2006 و ئەوانەی بایۆمەتریان نەکردووە، هەروەها وەرگرتنەوەی پەنجەمۆری ئەوانەی کێشەی پەنجەمۆریان هەیە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە