سەربڕخانەی هەولێر: رێژەی سەربڕینی ئاژەڵ بەراورد بە یەکەم رۆژی جەژنی پار کەمترە

16-06-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری سەربڕخانەی هاوچەرخی هەولێر دەڵێت، تاوەکو ئێستا بەراورد بە جەژنی قوربانی پار، کەمتر ئاژەڵ سەربڕدراوە. دەشڵێت، شەش رێکخراوی خێرخوازیی نێوخۆیی، ژمارەیەک رێکخراوی دەرەکی و عێراقیش بۆ سەربڕینی ئاژەڵەکانیان پەیوەندییان پێوە کردوون.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 16-06-2024 هەڵمەت هەمزە، بەڕێوەبەری سەربڕخانەی هاوچەرخی هەولێر لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا بە فەرهاد دۆڵەمەڕی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "رێکخراوە خێرخوازییەکان نزیکەی 150 سەر ئاژەڵی گەورە و بچووکیان هێناوەتە سەربڕخانە و سەربڕدراون."
 
هەڵمەت هەمزە گوتی، تاوەکو ئێستا جیا لە شەش رێکخراوی خێرخوازیی نێوخۆیی، ژمارەیەک رێکخراوی دەرەکی و نێوەڕاست و خوارووی عێراقیش پەیوەندییان پێوە کردوون، بۆئەوەی لەم سەربڕخانەیە قوربانییەکەیان بۆ بکرێت، "ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە لێرە بەراورد بە شوێنەکانی دیکە، ئاسانکاریی زۆر باشتریان بۆ دەکرێت."
 
بەڕێوەبەری سەربڕخانەی هاوچەرخی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، هەر ئەو جۆرەی پێشبینییان کردبوو، رێژەی سەربڕین بەراورد بە رۆژی یەکەمی جەژنی قوربانی پار کەمترە، "هیوادارین لە رۆژانی داهاتوودا پێشبینییەکانمان بگۆڕدرێت و زۆرترین ئاژەڵ سەرببڕدرێن."
 
بە گوتەی هەڵمەت هەمزە، هۆکاری سەرەکیی دابەزینی رێژەی سەربڕین، گرانبوونی نرخی ئاژەڵە، کە بەراورد بە ساڵی رابردوو نزیکەی 25% بەرزبووەتەوە، هەروەها ناجێگیربوونی دۆخی دارایی هاووڵاتییانیش، یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانە.
 
بەپێی رێنوێنییەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، پێویستە بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون، سەربڕینی ئاژەڵ لە شەقام و کۆڵانەکاندا نەمێنێت و تەنیا لە سەربڕخانەکان بکرێت.
 
وەکو ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت، لە سەربڕخانە پزیشکانی ڤێتێرنەری پشکنینی بەر لە سەربڕین بۆ هەر ئاژەڵێک دەکەن، "کاتێک سەری دەبڕن کە لە پشکنین دەربچێت، دواتر پشکنینی دووەم بۆ گۆشتی ئاژەڵەکە دەکرێت، ئەگەر تەندروست بوو، رادەستی خاوەنەکەی دەکرێتەوە و رێگە بە پاککردن و پارچەکردنی دەدرێت."
 
لە سەربڕخانەی هاوچەرخی هەولێر نرخی سەربڕینی هەر ئاژەڵێکی گەورە 60 هەزار بۆ 70 هەزار دینارە و بۆ ئاژەڵی بچووکیش 20 هەزار بۆ 25 هەزار دینارە. هەڵمەت هەمزە گوتی، "هەندێک لە هاووڵاتییان قەسابیان لەگەڵە و تووشی کێشەمان دەکەن، هەم کارەکانمان دوا دەکەون، هەم بەرنامەکانمان لێ تێکدەدەن، چونکە ئەوان زیاتر گۆشتفرۆشن تاوەکو قەساب و شارەزا نین."
 
سەربڕخانەی هاوچەرخی هەولێر 517 کەس ستافی تەندروستی، ڤێتێرنەری و کارمەندی هەیە و لە رۆژانی جەژندا لە کاژێر 06:00 بۆ 18:00 کراوە دەبێت. هەڵمەت هەمزە گوتی، "ستافی پزیشکانی ڤێتێرنەری ئێمە کە 24 کەسن، لە هەر چوار رۆژی جەژندا لە سەربڕخانە ئامادە دەبن."
 
جەژنی قوربان کە تایبەتە بە موسڵمانان، ساڵانە لە 10ـی زیلحەجەوە دەستپێدەکات و تاوەکو 13ـی زیلحەجە بەردەوام دەبێت؛ لە رۆژانی جەژندا موسڵمانانی جیهان ئاژەڵ دەکەنە قوربانی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی گشتیی کەلار

کارەبای گەرمیان: پێدانی کارەبا بۆ 15 کاژێر کەمبووەتەوە

بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای گەرمیان رایگەیاند، بەهۆی هاتنی شەپۆلی سەرما و زیادبوونی خواست، پێدانی کارەبای نیشتمانی بۆ 15 کاژێر کەمبووەتەوە. دەشڵێت، بەهۆی "نەبوونی نەختینە"ـەوە کارکردن لە ژمارەیەک پڕۆژەی سنوورەکە وەستاوە.