شایەتحاڵانی رووداوەكە باسی كوشتنی مەلا وشیار ئیسماعیل دەكەن

23-11-2016
هێڤیدار ئەحمەد
نێردراوی رووداو چووەتە شوێنی كوژرانی مامۆستا وشیار ئیسماعیل
نێردراوی رووداو چووەتە شوێنی كوژرانی مامۆستا وشیار ئیسماعیل
نیشانەکردن وشیار ئیسماعیل
A+ A-

رووداو - هەولێر

دوای ئەوەی شەوی سێشەممە 22-11-2016 لە بەردەم ماڵەكەی خۆی لە هەولێر كوژرا، رۆژی چوارشەممە 23-11-2016 بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای حیزبی و جەماوەرێكی زۆر تەرمی مامۆستا وشیار ئیسماعیل بەخاكسپێردرا.

نێردراوی رووداو چووەتە شوێنی كوژرانی مامۆستا وشیار ئیسماعیل، كە بەردەرگای ماڵەكەیەتی و دراوسێكانی، كە گوێیان لە دەنگی تەقەكان بووە و هاتوونەتە دەرەوە، باسی ساتی رووداوەكە دەكەن.

ئافرەتێكی دراوسێی ماڵی مامۆستا وشیار ئیسماعیل دەڵێت، گوێیان لە تەقەكان بووە و كە هاتوونەتە دەرەوە بینویانە مامۆستا لە تەنیشت ئۆتۆمبێلەكەی كەوتووە و خوێن بە جەستەیەوە بووە.

بەرپرسانی یەکگرتووی ئیسلامی كوردستان کوژرانی مامۆستا وشیار دەبەستنەوە بە دۆخی سیاسی نێوخۆی باشووری کوردستان.

سەڵاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی لە كاتی بەخاكسپاردنی تەرمی مامۆستا وشیار رایگەیاند، ئەوە هەوڵێکی لاوازە بۆ تێکدانی ئەو هەنگاوانەی دەهاوێژرێن بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە. گوتیشی "خوێنی دکتۆر وشیار دەبێت بە تێزاب و دەیکەین بە قوڕگی ئەوانەی نایەڵن بەیەكەوە بژین".

د. وشیار ئیسماعیل لەدایكبووی ساڵی 1976ـە و خەڵکی گوندی کەوباکە لە نزیک بەردەڕەش. گوتاربێژی مزگەوتی عومەر بندیان بوو لە شاری هەولێر و بانگخوازێكی ناسراو بوو. یەکێکیش بوو لە دامەزرێنەرانی یەکگرتووی ئیسلامی لە هەولێر.

حاجی کاروان، پەرلەمانتاری یەکگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان یەكێك لە ئەگەرەكانی کوشتنی دکتۆر وشیار ئیسماعیل بە هەڵوێستێكییەوە دەبەستێتەوە، کە رازینەبووە حوسەینییەی شیعەکان لە هەولێر بکرێتەوە.

حاجی کاروان بە (رووداو)ی گوت، هەوڵ هەبوو بۆ کردنەوەی حوسەینیيەیەکی گەورە لە هەولێر، دکتۆر وشیار و هەندێك مامۆستای دیکە ناڕازیبوون، کونسوڵی ئێرانیش لەو هەڵویستەیان و رێگرییکردن لە کردنەوەی حوسەینییەکە، نیگەران بووە.

پەرلەمانتارەکەی یەکگرتووی ئیسلامی پێیوایە، ئەو پرسە دڵگرانیی بۆ دەوڵەتێکی ئیقلیمی دروستکردووە.

هاوكات لە كاتی بەشداری لە بەرنامەی هۆت لاینی رووداو، برایەكی مامۆستا وشيار ئیسماعیل رەتیكردەوە براكەی هیچ كێشەیەكی كۆمەڵایەتی هەبێت و وردەكاری رووداوەكەی باسكرد.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە