رووداو - سلێمانی
رووداو چیرۆکى ژیانى ژنێکى کورتەباڵا دەگێڕێتەوە کە دواى 22 ساڵ ژیانى هاوژینى و بوون خستنەوەی چوار منداڵ، جیادەبنەوە. ئەو کە پێیخۆش نەبوو رووخسارى دەرکەوێت، گوتی، هەژارى و نەدارى جیایکردنەوە، با بەم حاڵەیشەوە، نەبنە جێگەى تانە و تەشەر.
ئەم ژنە نموونەى 220 کورتەباڵاى دیکەیە، کە لە ماوەى یەک ساڵدا لە هەرێمى کوردستان لەیەکدی جیابوونەتەوە، ئەو دەڵێت "پیاوەکەم پێی گوتم قەرزدارم و پارەم نییە بەخێوتان بکەم، بۆیە تەڵاقی دام، ئێستا سێ مانگ کرێ خانووەکەم قەرزدام، جیابوونەوەکەمان کێشەکەى گەورەترکرد، نەک باشتر".
لە هەرێمى کوردستان چوار هەزار و 200 کورتەباڵا ناویان لە کۆمەڵەی کورتەباڵایان تۆمارکراوە، دەگوترێت نزیکەى نیوەى ئەو ژمارەیەش هەن کە لە دەرەوەى کۆمەڵەکەن. ئەوان لەلایەن وەزارەتى کارەوە مانگانە 100 تاوەکو 150 هەزار دیناریان بۆ دابینکراوە، بەڵام بۆ ئەمساڵى 2020 تەنیا پێنج جار وەریانگرتووە.
خالید سابیر، کورتەباڵا دەڵێت "کورتەباڵا وەکو مرۆڤى ئاسایی نییە و ناتوانێت هەموو کارێکى وەکو کرێکاری، حەماڵى و وەستاى دیوار بکات و تەنانەت ببێتە خاوەنى دەرمانخانەش".
عومەر جەبار، سەرۆکى کۆمەڵەى کورتەباڵاکانى کوردستان لەڕێگەی رووداوەوە داوای بینینی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، "[دەمانەوێت] کێشەکانمانى بۆ باسبکەین، ئەگینا دۆخى خێزانى و کۆمەڵایەتیى ئێمە لەمە خراپتر هەڵدەوەشێت".
گلەیی گەورەى ئەوان رەچاونەکردنى بارى تەندروستییانە لەلایەن حکومەت، کۆمپانیا و خەڵکیشەوە، زۆرینەیان لەبەر تانە و تەشەر یان ناخوێنن یانیش لە نیوەیدا وازدەهێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ