کوردستان
دیمەنێکی پرۆسەی دەنگدان لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییە تەواوکارییەکان لە حەسەکە، رۆژاڤای کوردستان. یەکشەممە 24ی ئایاری 2026. وێنە: AP
رووداو دیجیتاڵ
پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی سووریا لە 4 شاری سەرەکیی رۆژئاوای کوردستان کۆتاییهات و ئەنجامەکان نیشانی دەدەن کە رێژەی نوێنەرایەتیی کورد لە چوارچێوەی 210 ئەندامی پەرلەماندا، تەنیا 8 کورسییە. ئەمە لە کاتێکدایە بەپێی گەشەی دانیشتووانی کورد، چاوەڕوان دەکرا ژمارەی نوێنەرە کوردەکان لە نێوان 30 بۆ 40 کورسی بێت.
لە کۆی گشتیی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان (لە دێرکەوە تاوەکو عەفرین)، هەشت پەرلەمانتاری کورد و شەش پەرلەمانتاری عەرەب سەرکەوتوون.
لە نێوان کوردەکاندا، پێنج پەرلەمانتار لەسەر لایەنە سیاسییەکانی ناو ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) هەڵبژێردراون و سێ پەرلەمانتاریش بە شێوەی سەربەخۆ سەرکەوتوون.
ئەمە لە کاتێکدایە کە پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) هەڵبژاردنەکەی بایکۆت کردبوو.
وردەکاریی دابەشبوونی کورسییەکان بەپێی شارەکان:
لە پارێزگای حەسەکە و ناوچەکانی دەوروبەری (ناوچەی جزیرێ)، 4 کورد و 4 عەرەب بوونە پەرلەمانتار:
- قامشلۆ: رزوان سیدۆ (پارتی وەکهەڤی) و کیم ئیبراهیم (سەربەخۆ) وەک کورد. عەبدولحەلیم عەلی و مەحموود مادی وەک عەرەب.
- حەسەکە: فەسڵا یووسف (پارتی یەکێتیی کوردستانی - وەحدە) وەک کورد. عومەر هایس و ئیبراهیم عەلی وەک عەرەب.
- دێرک: ئەحمەد موراد (سەربەخۆ) وەک کورد. عەلوان عاید وەک عەرەب.
لە ناوچەی کۆبانێ 2 پەرلەمانتار هەڵبژێردراون:
- کۆبانێ: فەرهاد شاهین (PDK-S) وەک کورد؛ شەواخ عەساف وەک عەرەب.
لە ناوچەی عەفرین 3 پەرلەمانتار هەڵبژێردراون کە هەرسێکیان کوردن:
- عەفرین: د. رەنگین عەبدۆ (سەربەخۆ)، شێخ سەعید زادە (PDK-S) و محەممەد سەیدۆ (PDK-S).
مافە دەستوورییەکان و زمانی کوردی
هەڵبژاردنەکە چوار کاژێری خایاند و یەکێک لە سەرکەوتووەکانیش فەسڵا یوسفە. ئەو ژنە سیاسەتڤانەی کە لە ساڵی 1987 خەریکی کاری سیاسییە، دوای سەرکەوتنی رایگەیاند ئێستا بارگرانییەکی زۆری لەسەر شانە بۆ ئەوەی خزمەتی خەڵک بکات.
فەسڵا یووسف دەربارەی بەرنامەی کارەکەیان بە رووداوی راگەیاند: "ئەو بەرنامەیەی پێشکەشی حکومەتمان کردووە، بریتییە لە مافی کورد؛ پێمان گوتوون دەبێت مافی کورد بچێتە ناو دەستوورەوە و زمانی کوردی ببێتە زمانی فەرمیی خوێندن، هەروەها داوامان کردووە هەموو پڕۆژە شۆفێنییەکانی بەعس کە دژی کورد بوون هەڵبوەشێنرێنەوە و زیانلێکەوتووانی ئەو پڕۆژانەش قەرەبوو بکرێنەوە."
دابەشبوونی کورسییەکان بەسەر ناوچەکاندا
بەپێی ئەنجامەکان، نوێنەرانی کورد بەسەر شارەکاندا بەم شێوەیە دابەش بوون: لە حەسەکە 1 کورسی، قامیشلۆ 2 کورسی، دێرک 1 کورسی، کۆبانی 1 کورسی و لە عەفرینیش 3 کورسی.
ئەنەس عەبدە، ئەندامی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی سووریا باسی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردەکەی کرد بۆ رووداو و دەڵێت :"لە کۆبانی لە کورد ئەندامی پەرلەمان هەن، لە عەفرینیش هەن. راستە حەسەکە تایبەتمەندیی کوردیی هەیە، بەڵام لە شوێنەکانی دیکەش کورد سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە."
پەرلەمانی سووریا لە 210 کورسی پێکدێت، کە 140 کورسییان لە رێگەی دەنگدانەوەیە و 70 کورسییەکەی دیکە بە شێوەیەکی راستەوخۆ لەلایەن سەرۆکایەتیی سووریاوە دەستنیشان دەکرێن، چاوەڕوان دەکرێت دوای راگەیاندنی تەواوی ناوەکان، ژمارەی کورد لە ناو ئەندامە دەستنیشانکراوەکانیشدا هەبێت.
بۆ یەکەمین جار دوای 15 ساڵ، هەڵبژاردنی پەرلەمانی سووریا لە شاری کۆبانی و تەواوی پارێزگەی حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان بەڕێوەچوو. ئەم هەڵبژاردنە کە بەشێکە لە پرۆسەی راگوزەریی وڵاتەکە لەدوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024، هەنگاوێکی مێژوویی، بەڵام پڕ لە مشتومڕە بۆ بەشداریکردنی کورد لە حکومەتی نوێی سووریادا بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع.
ئەم پرۆسەیە دوای چەندین مانگ لە دانوستاندن و رێککەوتنێکی کاتی دێت لەنێوان دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە نێوەندگیریی ئەمریکا لە کانوونی دووەمی 2026. ئەم رێککەوتنە رێگەی خۆشکرد ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بەشداری لە پرۆسەی سیاسیدا بکەن.
پێشتر لە 5ـی تشرینی یەکەمی 2025 هەڵبژاردن لە زۆربەی ناوچەکانی سووریا کرابوو، بەڵام لە حەسەکە، رەققە و سوەیدا بەهۆی دۆخی ئەمنی و نەبوونی کۆنترۆڵی حکومەتی ناوەندییەوە دواخرابوو. ئەوەی جێگەی سەرنجە، هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی سووریا کە لە 210 کورسی پێکدێت، لەلایەن خەڵکەوە بەڕاستەوخۆ نەکراوە، بەڵکو لەلایەن ژمارەیەکی کەم لە کەسایەتی و "پیاوماقووڵان"ـەوە دەنگیان بۆ دراوە کە پێیاندەگوترێت دەستەی دەنگدەران. سێیەکی دیکەی پەرلەمانتاران لە لایەن شەرعەوە دیاری دەکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ