سەربڕخانەی هەولێر: ناونووسین بۆ قوربانی 82% کەمیکردووە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
زانیار بەهادین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە هەولێر ناونووسین بۆ قوربانی بەراورد بە پار 82% کەمیکردووە. بەڕێوەبەری سەربڕخانەی هەولێر دەڵێت، بەهۆی جەنگی ناوچەکە و داخستنی تەنگەی هورمزەوە، نرخی ئاژەڵ و تێچووی هاوردەکردن بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.
 
یەکشەممە 24-05-2026 هەڵمەت هەمزە، بەڕێوەبەری سەربڕخانەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا تەنیا 17 کەس و دوو رێکخراوی خێرخوازی لە کوشتارگەی هەولێر خۆیان بۆ قوربانیکردن ناونووس کردووە، لە کاتێکدا پار دوو رۆژ پێش جەژنی قوربان 97 کەس و 11 رێکخراو و دەزگای خێرخوازی خۆیان ناونووس کردبوو. 
 
بەگوێرەی ئامارەکەی سەربڕخانەی هەولێر بەراورد بە پار ناونووسین بۆ قوربانیکردن 82% کەمیکردووە، بەڵام وەکو هەڵمەت هەمزە گوتی،" جارێ زووە، بەڵام ئاماژەکان بەو ئاراستەیەن کە رێژەی قوربانیکردن بەراورد بە پار کەمببێتەوە". 
 
نرخی کیلۆیەک ئاژەڵی گەورە وەکو مانگا و گوێرەکە بە زیندوویی بە 7 هەزار و 750 دینارە. هەروەها ئاژەڵی بچووک بە 9 هەزار دینارە، بەراورد بە چەند رۆژی رابردوو کیلۆیەک نزیکەی 1500 دینار گران بووە. 
 
هەڵمەت هەمزە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی ئاژەڵ بۆ داخستنی تەنگەی هورمز لەلایەن ئێرانەوە گەڕاندەوە، کە گرفتی بۆ گواستنەوەی دەریایی دروست کردووە.
 
 
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی لە بەشی سامانی ئاژەڵی وەزارەتی کشتووکاڵی هەرێمی کوردستان بە رووداو دراون، پێشتر تۆنێک ئاژەڵ بە زیندوویی لە بەڕازیل بە 2200 دۆلار بووە، ئێستا لەو وڵاتە بووەتە 3300 دۆلار.
 
پێشتر لە خاڵەکانی هەرێمی کوردستان تۆنێک ئاژەڵ 130 دۆلار گومرگی هەبوو، ئێستا لە رێگەی ئاویی لە بەسڕەوە دەهێندرێ تۆنێک گومرگی کراوەتە 500 دۆلار، هەروەها نرخی گواستنەوە پێشتر لە بەڕازیلەوە تۆنێک 900 دۆلار بوو، ئێستا بەهۆی دۆخی جەنگ و بەرزبوونەوەی پارەی کۆمپانیاکانی پاراستنی دڵنیایی بەرزبووەتەوە بۆ 1600 دۆلار
 
رۆژی 22ی ئایاری 2026 وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق  تێپەڕبوونی ئاژەڵی زیندووی لە سووریاوە بە خاکەکەیدا بۆ وڵاتانی کەنداو راگرت، ئەوەش بە مەبەستی رێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تەبەق.
 
هەڵمەت هەمزە بەڕێوەبەری سەربڕخانەی هەولێر قەدەخەی هاوردەکردنی ئاژەڵی بە یەکێک لە هۆکارەکانی دیکەی بۆ بەرزبوونەوەی نرخی ئاژەڵ و گۆشت لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق گەڕاندووە. 
 
ساڵانە لە جەژنی قورباندا لە هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئیسلامی ئاژەڵێکی زۆر دەکرێنە قوربانی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە