رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی ئۆکراینا لە عێراق لە نامەیەکی فەرمیدا سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات بۆ بەرهەمهێنان و پەخشکردنی بەڵگەفیلمی (ئۆکراینا؛ سێ ساڵ شەڕ).
لە نامەکەیدا کە ئاراستەی ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداوی کردووە، ئیڤان دۆڤهانیچ، باڵیۆزی ئۆکراینا رایگەیاندووە، فیلمەکە "نموونەیەکی زیندووی پیشەییبوونی بەرزی رۆژنامەڤان" و "شایەتحاڵێکی راستەقینەی ئازایەتی و دڵسۆزییە بۆ راستی."
باڵیۆزی ئۆکراینا بە تایبەتی ستایشی کاری رۆژنامەڤان دڵنیا رەحمان و وێنەگر ئەحمەد عومەری کردووە و رایگەیاندووە، راپۆرتەکانیان "بوونەتە دەنگی زیندووی گەلی ئۆکراینا لە کاتێکی سەختدا و شایەنی بەرزترین رێزلێنانن."
دۆڤهانیچ جەختی لەوە کردووەتەوە کە فیلمەکە نەوەک تەنیا زانیاری دەبەخشێت، بەڵکو هاوسۆزی و پشتیوانی بۆ گەلی ئۆکراینا دەستدەخات و یارمەتیدەرە بۆ تێگەیشتنێکی قووڵتر لەو دۆخەی ئۆکراینا پێیدا تێدەپەڕێت.
لە کۆتایی نامەکەیدا، باڵیۆزی ئۆکراینا سوپاسی رووداوی کردووە بۆ پابەندبوونی بە بەرزترین ستانداردەکانی رۆژنامەگەری و بۆ هەڵوێستە بنچینەییەکەی لەوەی کە "دەنگی ئەوانە بێ ئەمڕۆ بۆ ئازادی و شکۆمەندی دەجەنگن."
بەڵگەفیلمی (ئۆکراینا؛ سێ ساڵ شەڕ) بەرهەمی ساڵی 2025ـی تۆڕی میدیایی رووداوە. دڵنیا رەحمان وەک پێشکێشکار و پرۆدیوسەر؛ ئەحمەد عومەر وەک وێنەگر و بڕوا عومەریش وەک مۆنتێر کاریان تێدا کردووە.
لە بەڵگەفیلمەکەدا دوای سێ ساڵ لە جەنگێکی خوێناوی، تیمی رووداو چووەتە بەرەکانی پێشەوەی ئۆکراینا و چیرۆکی وێرانکاری و ئازاری هاوڵاتیانی گواستووەتەوە.
دەقی نامەکەی باڵیۆزی ئۆکراینا
بۆ بەڕێز ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو
بەڕێز ئاکۆ،
بە ناوی باڵیۆزخانەی ئۆکراینا لە کۆماری عێراق و بە ناوی خۆمەوە، دەمەوێ سوپاس و پێزانینی راستەقینەی خۆم ئاراستەی تۆڕی میدیایی رووداو بکەم بۆ بەرهەمهێنان و پەخشکردنی بەڵگەفیلمی "ئۆکراینا؛ سێ ساڵ شەڕ."
ئەم کارە وەک نموونەیەکی زیندووی پیشەییبوونی بەرزی رۆژنامەڤانەکانتان و شایەتحاڵێکی راستەقینەی ئازایەتی و دڵسۆزی بۆ راستی دەمێنێتەوە. لە کاتێکدا جەنگ لە ئۆکراینا بەردەوامە لە گیانسەندن و وێرانکردنی چارەنووسەکان، تیمی فیلمەکەتان توانییان راستیی ئەو تراژیدیایە بە راستگۆیی و قووڵییەکی دەگمەنەوە بگەیەننە جیهان.
دەمەوێ سوپاسێکی تایبەت ئاڕاستەی رۆژنامەڤان دڵنیا رەحمان و وێنەگر ئەحمەد عومەر بکەم بۆ کارە دڵسۆزانەکەیان، هاوسۆزیی راستەقینەیان و لێهاتوویی پیشەیی نایابیان؛ راپۆرتەکانیان بوونەتە دەنگی زیندووی گەلی ئۆکراینا لە کاتێکی سەختدا و شایەنی بەرزترین رێزلێنانن.
فیلمەکەتان یارمەتیدەرە بۆ تێگەیشتنێکی قووڵتر لەوەی ئۆکراینا پێیدا تێدەپەڕێ و بەشدارییەکی گرنگە لە دۆزی راستی و هاوپشتیی نێودەوڵەتی. ئەوە نەوەک تەنیا زانیاری دەبەخشێ، بەڵکو هاوسۆزی و پشتیوانی بۆ گەلی ئۆکراینا دەستدەخات.
سوپاستان دەکەین بۆ پابەندبوونتان بە بەرزترین ستانداردەکانی رۆژنامەگەری و بۆ هەڵوێستە بنچینەییەکەتان، لەوەی کە دەنگی ئەوانە بن ئەمڕۆ بۆ ئازادی و شکۆمەندی دەجەنگن.
لەگەڵ ئەوپەڕی رێزدا
ئیڤان دۆڤهانیچ
باڵیۆزی دەسەڵاتپێدراوی ئۆکراینا لە کۆماری عێراق
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ