رووداو دیجیتاڵ
ئاسایشی سلێمانی رایدەگەیێنێت، ئەو کەسەیان دەستبەسەرکردووە کە لە خۆپێشاندەرێکی داوە و رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگرنەبەر، هەروەها باسی ئەوەش کراوە، چەند کەس و لایەنێک ئاراستەی خۆپێشاندانەکەی دوێنێیان گۆڕیوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 24-11-2021 بۆ چوارەم رۆژی لەسەر یەک بەشێک لە خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان لە سلێمانی، کەلار، رانیە و کۆیە گردبوونەوە و داوای خەرجکردنی دەرماڵە دەکەن.
دوێنێ سێشەممە خۆپێشاندەران لە زانکۆی سلێمانییەوە بەڕێکەوتن بەرەو پارێزگاری سلێمانی و دواتریش بەرەو مەڵبەندی یەکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە بەردەم مەڵبەندی یەکێتی گرژی لە نێوان خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەکان دروستبوو، خۆپێشاندەران بە بەرد و هێزە ئەمنییەکانیش بە گازی فرمێسکڕێژ رووبەڕووی یەکدی بوونەوە.
ژوورێکی مەڵبەندی یەکێتی سووتا و زیانیش بە بەشێک لە باڵەخانەکەی گەیێندرا. ئاسایشی سلێمانی لەو بارەوە دەڵێت، "
بەداخەوە لە رێگەی چەند کەس و لایەنەکەوە بۆ مەرامی سیاسی هەوڵدرا بە دروستكردنی گرژی و ئاژاوە ئاڕاستەی خۆپێشاندانەکان بگۆردرێ بەرەو توندو تیژی".
چەند ڤیدیۆیەکی گرژییەکانی نێو خۆپێشاندانەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە، لە یەکێک لە ڤیدیۆکاندا دەردەکەوێت کە کەسێک بە شەق لە سەری خوێندکارێک دەدات، لەو بارەوە عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری کوردستان لە پۆستێکی فەیسبووک رایگەیاند، کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێی راگەیاندووە کە کەسەکە دەستگیردەکەن.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی ئاسایشی سلێمانیدا هاتووە، "ئەرک و بەرپرسیارێتیی ئێمەیە وەک ھێزی ئاسایش بەوپەڕی پیشەییانە و سەردەمییانە مامەڵە لەگەڵ سەرپێچیکاران بکەین. بۆیە دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەک کە تێیدا کەسێک بە شێوەیەکی نەشیاو و نایاسایی ئازاری دەگەیاند بە خۆپێشاندەرێک، بەڕێوەبەرایەتیمان لەسەر راسپاردەی بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی ھەرێم [هەرێمی کوردستان]، هەستا بە لێکۆڵینەوە و دەستبەسەرکردنی ئەو كەسە."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەی ئاسایشی سلێمانیدا هاتووە، "ھەربۆیە هاووڵاتیانی ئازیز دڵنیا دەکەینەوە کە هەموو هەوڵێک دەخەینە گەر لە پێناوی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری و لە هەمان کاتدا ناهێڵین ئەفسەرانمان و كارمەندانمان بەھیچ شێوەیەك و بیانوویەك یاسا پێشێل بکەن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ