رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی جەژنی لەدایکبوونی پەیامبەر عیسا (د. خ) لە کریستیانەکان دەکات و جەخت لە پێکەوە ژیان و برایەتیی نێوان پێکهاتەکان دەکاتەوە.
رۆژی یەکشەممە، 24ـی کانوونی یەکەمی 2023، سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا رایگەیاند: "بەبۆنەی سەری ساڵی تازەی زایینی و جەژنی لەدایكبوونی حەزرەتی عیسا مەسیح (دروودی خوای لەسەر بێت)، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی خوشك و برایانی كریستیان لە كوردستان و عێراق و جیهان دەكەم و هیوای شادی و بەختەوەرییان بۆ دەخوازم."
سەرۆک بارزانی دەشڵێت، لەم بۆنەیەدا "وێڕای دووپاتکردنەوەی پابەندیمان بە فەرهەنگی پێكەوەژیان و برایەتیی نێوان پێكهاتەكانی كوردستان هیواخوازم خوشك و برا كریستیانەكانمان هەموو جەژن و بۆنە و خۆشییەكانیان لە ئارامی و تەباییدا بکەنەوە."
چەند رۆژێکی دیکە جیهان ماڵئاوایی لە ساڵی 2023 و پێشوازی لە ساڵی 2024ـی زایینی دەکات. نزیکەی دوو ملیار و 140 ملیۆن کریستیانی رۆژئاوایی و بەشێک لە کریستیانە رۆژهەڵاتییەکان، 25ـی کانوونی یەکەم بە رۆژی کریسمس یان رۆژی لەدایکبوونی پەیامبەر عیسا (د.خ) دادەنێن.
کریستیانەکانی جیهان بە گشتی شەوی پێش کریسمس یان لە رۆژی کریسمس بۆ نزاکردن و گوتنەوەی سروودی ئایینیی تایبەت بە لەدایکبوونی مەسیح (د.خ) دەچنە کەنیسە.
لە نەریتەکانی دیکەی کریسمس بریتییە لە ئامادەکردن و هاوبەشیکردنی خواردنی تایبەت لە ئێوارەی 24 تاوەکو ئێوارەی 25ـی مانگ لەگەڵ کەسوکار و هاوڕێیان کە دیارترینیان کێکی کریسمس و قەلی سوورکراوەن.
کریستیانەکان هەروەها بەم بۆنەیەوە وەکو جەژنانە دیاریی بەیەک دەبەخشن. بەو هۆیشەوە، لە کۆتایی هەموو ساڵێکدا بازاڕەکان دەبووژێنەوە. چاوەڕێدەکرێت بۆ ئەم کریسمسە هەر خێزانێک داهاتی مانگ و نیوێکی لە دیاری، خواردن، جوانکاری و ئامادەکارییەکانی دیکەی کریسمس خەرج بکات.
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:
پەیامی سەرۆك بارزانی بەبۆنەی جەژنی لەدایكبوونی حەزرەتی مەسیح
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەبۆنەی سەری ساڵی تازەی زایینی و جەژنی لەدایكبوونی حەزرەتی عیسا مەسیح (دروودی خوای لەسەر بێت)، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی خوشك و برایانی كریستیان لە كوردستان و عێراق و جیهان دەكەم و هیوای شادی و بەختەوەرییان بۆ دەخوازم.
لەم بۆنەیەدا وێڕای دووپاتکردنەوەی پابەندیمان بە فەرهەنگی پێكەوەژیان و برایەتیی نێوان پێكهاتەكانی كوردستان هیواخوازم خوشك و برا كریستیانەكانمان هەموو جەژن و بۆنە و خۆشییەكانیان لە ئارامی و تەباییدا بکەنەوە.
مسعود بارزانی
24ی كانوونی یەكەمی 2023
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ