یەکێتی دوو قایمقام لە گۆڕان وەردەگرێتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە سنووری پارێزگای سلێمانی گۆڕانکاری لە پۆستی قایمقامی قەزاکانی دەربەندیخان و بازیان کرا. هەرچەندە بەرپرسێکی پێشوو دەڵێت، "گۆڕانکارییەکە کارگێڕییە،" بەڵام ئەو دوو پۆستە لە پشکی بزووتنەوەی گۆڕانەوە گەڕانەوە بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
 
سلێمان محەممەد، قایمقامی پێشووی قەزای دەربەندیخان (لە پشکی بزووتنەوەی گۆڕان)، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ لەگەڵ کەسێکی دیکە ئاڵۆگۆڕی پۆستی قایمقامییەتمان کرد و ئامانج کەساس جەباری دەبێتە قایمقام."
 
ئامانج کەساس جەباری، کە پێشتر قایمقامی قەزای چەمچەماڵ بووە، کادری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە و لە ئەمڕۆوە دەبێتە قایمقامی دەربەندیخان. سلێمان محەممەد ئاماژەی بەوە کرد، راژەکەی دەگوازرێتەوە بۆ دیوانی پارێزگای سلێمانی.
 
هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، تاریق رەشید (لە پشکی یەکێتی) لە شوێنی ئیسماعیل محەممەد (لە پشکی گۆڕان) وەک قایمقامی قەزای بازیان لە پارێزگای سلێمانی دەستبەکار بوو.
 
ئیسماعیل محەممەد، قایمقامی پێشووی بازیان رەتیدەکاتەوە گۆڕانکارییەکە پەیوەندی بە دۆخی سیاسییەوە هەبێت و بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بابەتەکە سیاسی نییە و بڕیاری ئەنجوومەنی پارێزگامان هەیە پۆستەکان چوار ساڵ جارێک بگۆڕدرێت، ئەوە من بوو بە حەوت ساڵ لە بازیانم و ئەمڕۆ ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتمان لەگەڵ بەڕێز تاریق رەشید کرد."
 
قایمقامە نوێیەکەی بازیان، پێشتر لەسەر پشکی یەکێتی قایمقامی قەزاکانی کەلار و چەمچەماڵ بووە. ئیسماعیل محەممەدیش دەڵێت: "لە سبەیەوە دەوامم دەچێتە دیوانی پارێزگای سلێمانی و لەوێ بەردەوام دەبم لە کارکردن."
 
ئاڵوگۆڕی ئەم پۆستانە لەکاتێکدایە، لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، بەشێکی پۆستەکانی حکومەتی خۆجێیی سلێمانی و هەڵەبجە درایە بزووتنەوەی گۆڕان، لەنێویاندا پۆستی پارێزگاری سلێمانی کە ئێستا د. هەڤاڵ ئەبوبەکر (لە پشکی گۆڕان) بەڕێوەی دەبات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە