کۆمپانیایەک لە هەولێر: هەرکەس (هەژماری من)ی هەبێ خانوو یان پڕۆژەی کشتوکاڵی بە قیست بۆ دروست دەکەین

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

کۆمپانیایەک لە هەولێر دەڵێ، هەرکەس مووچەخۆر بێ و لە پڕۆژەی (هەژماری من)ـەوە مووچە وەربگرێ، خانوو یان پڕۆژەی دیکەی بۆ دروست دەکەن بە قیستی مانگانە.
 
مەقسوود مەجید، خاوەنی کۆمپانیای (پەی هۆم)، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەرکەس هەژماری منی هەبێ، دەتوانین خانووی بۆ دروستبکەین یان نۆژەنی بکەینەوە بۆی بە قیستی مانگانە".
 
مەقسوود مەجید دەڵێ: "هەروەها جووتیاران و خاوەن کێڵگەکانی پەلەوەری کە لە (هەژماری من) تۆمار کرابن، دەتوانن لە پڕۆژەکەمان سوودمەند بن، کە کاریان بۆ دەکەین بە قیستی مانگانە".
 
ئەو هاونیشتمانییە گوتی، هەرکەس بیەوێ لە رێگەی کۆمپانیاکەیانەوە پڕۆژەیەک دروست بکات دەبێ لانیکەم 20%ـی پارەکەی وەک پێشەکی بدات و ئەوی دیکەی بۆ دەکرێتە قیست.
 
لەبارەی خستەنە سەری سوود بۆ پارەی قیستەکە مەقسوود مەجید گوتی: "ئەگەر خانوویەک بە قیست دروست بکەین بە بەهای 10 دەفتەر دۆلار [100 هەزار دۆلار]، دوو دەفتەر پێشەکی بدات و ئەگەر لە ساڵێکدا پارەکە هەمووی بداتەوە هیچ زیادەی ناچێتەسەر. ئەگەر بە پێنج ساڵ پارەکە بداتەوە، کە نزیکەی هەشت دەفتەری دەمێنێتەوە، ئەوکاتە 50% سوود دەچێتە سەری و دەبێتە زیاتر لە 10 دەفتەر".
 
هەژماری من پڕۆژەیەکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بە بانکیکردنی مووچە و تاوەکو ئەمڕۆ 800 هەزار مووچەخۆر کارتی بانکییان بۆ کراوە و مانگانە لە رێگەی بانکییەوە مووچە وەردەگرن.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە