رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان داهاتی ناونەوتی بۆ دارایی عێراق نارد و عێراق بڕیاری خەرجکردنی مووچەی هەرێمی کوردستانی دا، پڕۆژەی (هەژماری من) دەڵێ، 800 هەزار هەزار کەس دەتوانن لە رێگەی ئامێرەکانی پارەوە مووچەکانیان وەربگرن.
ئەمڕۆ دووشەممە 25ـی ئایار، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، 50 ملیار دیناری وەک داهاتی ناوخۆ خستووەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی عێراق. سەرچاوەیەکیش بە رووداوی گوت: "عێراق زیاتر لە 950 ملیار دیناری بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان ناردووە".
پڕۆژەی (هەژماری من) کە ئەرکی دابەشکردنی مووچەی بە ئەلیکترۆنی لەئەستۆیە، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "ئەم مانگە بەراورد بە مانگی رابردوو، 50 هەزار کەسی زیاتر دەتوانن لە رێگەی ئامێرەکانی راکێشانی پارە (ATM)ەوە مووچەکانیان وەربگرن".
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ لەگەڵ وەرگرتنی پارەکە لیستی مووچە رادەگەیێندرێ و هەوڵ دەدرێ لە رۆژانی جەژنیشدا لە رێگەی ئامێرەکانی راکێشانی پارەوە مووچەخۆران بتوانن مووچەکانیان وەربگرن".
27ـی ئایار یەکەم رۆژی جەژنی قوربانە و لە سبەیەوە دەوامی فەرمی رادەگیرێ. پڕۆژەی (هەژماری من) دەڵێ: "لە رۆژانی جەژندا مووچەخۆران دەتوانن مووچەکانیان لە ئامێرەکانی راکێشانی پارە (ATM)کانەوە وەربگرن، کە ئێستا گەیشتوون بە 800 هەزار مووچەخۆر".
پڕۆژەی (هەژماری من) بۆ ئەوەی قەرەباڵخی لە نزیک ئامێرەکانی راکێشانی پارە دروستنەبێ، داواکارە مووچەخۆران دوای چوونی نامە بۆیان یان دڵنیابوونەوە لە دابەزینی مووچەکەیان لە رێگەی ئەپلیکەیشنی بانکەکەیانەوە بچن بۆ راکێشانی مووچەکەیان.
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ملیۆنێک و 200 هەزار مووچەخۆر هەن. تاوەکو ئەمڕۆ نزیکەی 900 هەزاریان لە پڕۆژەکەدا تۆمار کراون، 100 هەزاریان رێکاری کارگێڕییان ماوە بۆ وەرگرتنەوەی کارتە بانکییەکانیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ