کچێک ئاهەنگی رۆژی لەدایکبوونی دەباتە بنکەیەکی دەنگدان

26-09-2017
رەنجە جەمال
رەنجە جەمال
ئافرەتێکی تەمەن 93 ساڵ و کچێکی تەمەن 19 ساڵ سەرەڕای جیاوازی تەمەنیان پێکەوە دەنگیان بۆ سەربەخۆیی کوردستان دا
ئافرەتێکی تەمەن 93 ساڵ و کچێکی تەمەن 19 ساڵ سەرەڕای جیاوازی تەمەنیان پێکەوە دەنگیان بۆ سەربەخۆیی کوردستان دا
نیشانەکردن گشتپرسی
A+ A-

رووداو - هەولێر

کچێک کە یەکەمجار بوو بەشداری دەنگدان بکات، ئاهەنگی رۆژی لەدایکبوونی برە بنکەیەکی دەنگدان و بەدەم کوژاندنەوەی مۆمی 19 ساڵەی تەمەنی، ئاواتی ئەوەی خواست ساڵی داهاتوو وەک کچێکی کۆماری کوردستان و لەژێر سێبەری دەوڵەتی سەربەخۆدا ئەو یادە بکاتەوە.

پەلەیەتی بۆئەوەی وەسیەتی هاژینەکەی بهێنێتەدی. دایکە حەلیمەی تەمەن 93 ساڵ هاوژینی شەهیدی شۆرشی ئەیلوول حەمید کاوانی و دایکی شەهیدی راپەڕین خەسرەو کاوانی، بە درێژایی تەمەنی هەوراز و نشێوی زۆری دیون، بۆیە بە هاوکاری نەوەکانی خۆی گەیاندە ئەو بنکەیەی دەنگی لێدەدات، بۆئەوەی نەوەکانی ئەو نەهامەتییانە نەبیننەوە کە بەسەر ئەودا هاتوون.

دایکە حەلیمە بە دەستە لەرزۆکەکەی لە تەنیشت ناوی خۆی مۆرێکی بۆ دەنگدان بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان کرد. هاوژینی دایکە حەلیمە هەمیشە گوتوویەتی خۆی دەکاتە قوربانی بۆئەوەی نەوەی داهاتووی میللەتەکەی نەبنە قوربانی، نەوەکانیشی لەگەڵ داپیریان وەسیەتی باپیریان هێنایەدی و دەنگیان بۆ لەدایکبوونی دەوڵەتی کوردستان دا. ئێستا دایکە حەلیمە دڵی بۆ ئەوە لێدەدات پێش ئاوابوونی خۆری تەمەنی دەوڵەتی کوردستان ببینێت.

پەیامی 19 ساڵ کە یەکەمجارە دەنگدەدات، ئاهەنگی رۆژی لەدایکبوونی لە رۆژی ئەنجامدانی گشتپرسی بوو. ئەو ئاهەنگەکەی هێنایە نێو یەکێک لە بنکەکانی دەنگدان و دوای کوژاندنەوەی مۆمی 19 ساڵەی، تەنیا ئاواتی ئەوەی خواست ساڵی داهاتوو وەک کچێکی کۆماری کوردستان ئەو یادە بکاتەوە.

پرۆسەی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان کۆتاییهات، پیرەکان بۆ نەوەکانی داهاتوو، لاوەکانیش بۆ ئایندەی خۆیان دەنگیان دا، ئێستا هەموویان پێکەوە چرکەکان دەژمێرن بۆئەوەی ئەنجامی دەنگەکانیان ببینن.

پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە