دەزگەی خێرخوازیی حاجی ئیدریس: دەیانەوێت شوێنی مزگەوتەکەی دریم ستی بکەنە پڕۆژەی بازرگانی

25-10-2022
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری دەزگەی خێرخوازیی حاجی ئیدریس سوورچی رایگەیاند، لەلایەن بەرپرسی کۆمپانیای شاری خەونەکان - دریم ستی لە هەولێر هەوڵ هەیە بۆ ئەوەی ئەو شوێنەی بۆ مزگەوت تەرخانکراوە بکرێتە باڵەخانەی بازرگانی. دەشڵێت، 5 ملیۆن دۆلاریان بۆ دروستکردنی مزگەوتەکە تەرخانکردووە و تاوەکو ئێستاش 900 هەزار دۆلاریان تێدا خەرجکردووە و دۆسیەکەش لە دادگەیە.
 
رۆژی سێشەممە 25-10-2022، د. فکری سوورچی، بەڕێوەبەری دەزگەی خێرخوازیی حاجی ئیدریس سوورچی، لەبارەی کێشەی زەویی مزگەوتی شاری خەونەکان - دریم ستی لە شاری هەولێر کە رۆژی دووشەممە داوای چارەسەرکردنیان کرد لە ژمارەیەک لە سەرۆکایەتییەکان و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە پێشتر لەگەڵ کۆمپانیای دریم ستی گرێبەستمان کردووە بۆ دروستکردنی مزگەوتێک لەنێو شاری خەونەکان بە خێرخوازیی و سەرجەم تێچووەکەی لە ئەستۆ دەگرین. لە ساڵی 2017 رێگەپێدانی دەستەی وەبەرهێنان و وەزارەتی ئەوقاف و وەزارەتی شارەوانیمان وەرگرت، لە ساڵی 2018 دەستکرا بە دروستکردنی مزگەوتەکە."
 
د. فکری سوورچی ئاشکرای کرد، بناخەی مزگەوتەکە کە لەسەر رووبەری 11 هەزار و 374 مەتر دووجا دروستدەکرێت، لەگەڵ چوار پایە کە لە قوڵایی 50 مەتر لە ژێر زەوی و 46 مەتر لەسەر زەوی دەبێت بەشێکی زۆری تەواو بووە و منارەکان نزیکەی 60 مەتریان لێکراوە، 900 هەزار دۆلاریشیان تێدا خەرجکردووە، بەڵام ماوەیەکە کۆمپانیاکە شوورایان بە دەوری مزگەوتەکە دروستکردووە و نیازیان وایە بیکەنە پڕۆژەیەکی بازرگانی، چونکە شوێنەکەی زۆر ستراتیژییە.

 

 
بەڕێوەبەری دەزگەی خێرخوازیی حاجی ئیدریس سوورچی رەتیکردەوە رێگە بە تێکدانی مزگەوتەکە بدەن و گوتی: "ئێستا کێشەکە لە دادگەیە و داوا دەکەین دادگە بڕیاری خۆی بدات و بابەتەکە یەکلایی بکاتەوە."   
 
بەڕێوەبەری دەزگەی خێرخوازیی حاجی ئیدریس سوورچی دەڵێت، بەپێی خەمڵاندنەکانیان تێچووی دروستکردنی مزگەوتەکە 5 ملیۆن دۆلار دەبێت، بە قسەی ئەو دەیانەوێت، بیکەنە "یەکێک لە هێماکانی هەولێر و پڕۆژەیەکی تەواو ئەندازەیی جوان." 
 
هەروەها دەڵێت: "دوای ئەوەی کێشە کەوتە نێوان کۆمپانیاکە و دەزگەکەوە دواتر لیژنەیەک دروستکرا بۆ ئەوەی شوێنێکی دیکە بۆ مزگەوتەکە تەرخانبکرێت کە رووبەرەکەی 2000 مەتر دووجا دەبێت، لیژنەی شارەوانی هات و پاشان وەزارەتی ئەوقاف و بە بڕیاری خودی وەزیر کاک پشتیوان سادق ئەوەی رەتکردەوە، ئێمەش پێی رازی نەبووین و رەتمانکردەوە."
 
رووداو تایبەت بەو پرسە پەیوەندیی بە کۆمپانیای دریم ستییەوە کرد، بەڵام بەرپرسێکی کۆمپانیاکە گوتی: "هیچ قسەیەکمان لەسەر ئەو بابەتە نییە."
 
دەزگەی خێرخوازیی حاجی ئیدریس سوورچی، رۆژی دووشەممە 25-10-2022، نامەیەکی کراوەی ئاراستەی ژمارەیەک لایەن و بەرپرس کردبوو بۆ ئەوەی لەسەر بابەتەکە بێنە دەنگ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رووداو

لە سحێلا کچ و کوڕێک خنکان

لە رووبارێکدا لە سنووری سحێلا کوڕ و کچێک خنکان. بەرگریی شارستانیی زاخۆ دەڵێت، هەردوو کەسەکە کوردن و تەرمەکانیان نەدۆزراونەتەوە