رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی رۆژئاوای کوردستان پشتیوانیی بەردەوامبوونی ئاگربەست دەکەن، بەرپرسی راگەیاندنی یەکینەکانی پاراستنی گەل - یەپەگەش دەڵێت، "دەمانەوێت ئاگربەست بەردەوام بێت، بەڵام هێرشمان بکرێتەسەر بە تووندترین شێوە وەڵام دەدەینەوە."
رۆژی 26ی کانوونی دووەمی 2026 سیامەند عەلی، بەرپرسی راگەیاندنی یەکینەکانی پاراستنی گەل - یەپەگە لەکاتی بەشداریکردنی لە کۆڕۆژی رووداو، کە ژیار حەکیم پێشکێشی کرد، رایگەیاند، هێرشەکانی حکومەتی سووریا تاوەکو ئێستاش لە چەند ناوچەیەک بەردەوامە و هەوڵی تێکدانی ئاگربەست دەدات.
رۆژی 25ی کانوونی دووەمی 2026، وەزارەتی بەرگریی سووریا، هەسەدەی بە هێرشکردنە سەر هێزەکانیان لە سنووری ناحیەی سرین تۆمەتبار کرد، بەرپرسەکەی یەپەگە رەتیکردەوە، ئەوان هیچ هێرشێکیان لەو ناوچەیە کردبێ و دەڵێت، "سرین ناوچەی پێکدادان نییە و هێزەکانمان نزیکەی 15 کیلۆمەتر لە ناوچەی شیوخ دوورن."
یەپەگە و هەسەدە داوای بەردەوامیی ئاگربەست دەکەن
رۆژی 24ی کانوونی دووەمی 2026، هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە و سوپای عەرەبیی سووریا ئاگربەستێکی 15 رۆژەیان راگەیاند.
بە گوتەی بەرپرسی راگەیاندنی یەپەگە، هەسەدە و یەپەگە دەیانەوێت ئاگربەست بەردەوام بێت و نایانەوێت شەڕ بەرۆکی ناوچەکە بگرێت، بۆیە ئەوەی لە توانایاندا بێت بۆ بەردەوامیی ئاگربەست دەیکەن.
گوتەبێژەکەی یەپەگە داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، هاوکاربن لە سەرکەوتنی ئاگربەست، چونکە شەڕ خزمەتی کەس ناکات و هیچ کەسێک تێیدا براوە نابێت.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئەگەر شەڕ رووبدات چی دەکەن؟ سیامەند عەلی دەڵێت، "ئەگەر حکومەتی شام هێرش بکات و بە چەک ئەوەی دەیەوێت بیسەپێنێت، ئەوان بێ وەڵام نابن و بە تووندترین شێوە وەڵامیان دەدەنەوە."
هێرشی سوپای عەرەبیی سووریا
سیامەند عەلی روونیکردەوە، یەکشەممە 25-1-2026 هێرشەکان لە 6 ناوچەوە کراون، زۆرترینیان لە کۆبانێ بوون، بە جۆرێک لە میحوەرى شارۆچکەی چەلەبیە لە باشووری رۆژهەڵاتی کۆبانێ هێرشیان کردووە، بەڵام وەڵامیان داوەتەوە و هێرشەکانیان شکاندووە.
میحوەرى گوندەواری رۆژئاوای کۆبانێ، بەتایبەت گوندەکانی "زێرک" و "قاسمیە" یەکێکی دیکە بوون لەو ناوچانەی هێرشیان کراوەتە سەر، کە بە گوتەی سیامەند عەلی، بەهۆیەوە منداڵێک شەهید بووە و چوار منداڵی دیکەش برینداربوون.
باسی لەوەش کرد، لە هەرێمی جزیرە بە سێ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی خۆکوژ هێرش کرایە سەر گوندی "قرێ" لە سنووری شارۆچکەی گرکێ لەگێ، هەروەها هێرشکراوەتە سەر گوندی "سەفا" لە گوندەواری ناحیەی چڵ ئاغا.
پەیوەندییەکانی رۆژئاوای کوردستان و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی
شەڕی داعش لە ساڵی 2014 هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و هێزەکانی سووریای دیموکراتی کردە دوو هاوپەیمان بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش. بە گوتەی سیامەند عەلی، تاوەکو ئێستا پەیوەندییەکانیان بەردەوامە، بەتایبەت لەسەر پرسی گواستنەوەی چەکدارانی داعش، کە لە گرتووخانەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەن.
بەرپرسەکەی یەپەگە رەخنەشی لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش گرت، کە پشتیوانیی حکومەتی نوێی سووریا دەکات و دەڵێت، "هاوپەیمانان ئەرکی ئەخلاقی و مرۆیی خۆیان جێبەجێ نەکردووە، پشتیوانیی هێزێک دەکەن کە دەزانن رابردووی چی بووە."
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، حکومەتی سووریا دەیەوێت بە بیرێکی تووندئاژۆی ئیسلامی خۆی بسەپێنێت، لە کاتێکدا سووریا لە چەندین پێکهاتەی نەتەوەیی و ئایینیی جیاواز پێکهاتووە، بۆیە ئەوەش قبووڵ ناکرێت و مەترسییە بۆسەر هەموو پێکهاتەکان.
یەکینەکانی پاراستنی گەل - یەپەگە ساڵی 2011 لەگەڵ رووداوەکانی سووریا دامەزرا، لە ساڵی 2015وە پێکهێنەری سەرەکیی هێزەکانی سووریا دیموکرات - هەسەدەیە، ئەوان پارێزگارییان لە ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان، باکووری و رۆژهەڵاتی سووریا دەکرد.
ژمارەی شەڕڤانانی هەسەدە بە 100 هەزار شەڕڤان مەزەندە دەکرا، ئەوان لە ماوەی پێکهاتنیان ناوچەیەکی فراوانیان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لەدەستی داعش دەرهێنا، بەڵام لە رۆژی 6ی ئەم مانگەوە هێزەکانی سەر بە حکومەتی سووریا دەستیان بە هێرشەکانیان بۆ سەر گەڕەکە کوردییەکانی شاری حەلەب و ناوچەکانی دیکەی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە کرد. لەگەڵ هێرشی سوپای عەرەبی سووریا بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، ژمارەیەک شەڕڤانی عەرەب و هۆزەکان لە هەسەدە هەڵگەڕانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ