رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایدەگەیێنێت، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کردووە و سوپاسی هاوکارییەکانی کردووە. لە پەیوەندییەکەدا پرسی گواستنەوەی چەکدارانی داعش تاوتوێ کراوە.
رۆژی دووشەممە 26-01-2026، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە پلاتفۆرمی ئێکس بڵاویکردەوە، لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان کردووە سەبارەت بە هەوڵەکانی کەمکردنەوەی گرژییەکان و پرسی گواستنەوەی دەستگیرکراوانی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاماژەی بەوە کردووە، مەسرور بارزانی جەختی لەو هەوڵانە کردووەتەوە کە بۆ پشتیوانیکردنی ئەوان داویەتی. عەبدی دەڵێت: "پێزانینی زۆرمان بۆ ئەو پشتیوانییە بەردەوامانە هەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشکێشی گەلەکەمانی کردووە".
ئەو پەیامەی مەزڵووم عەبدی دوای ئەوە دێت، دوێنێ حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیکەی 500 ملیۆن دیناری بۆ هاوکاریکردنی رۆژئاوای کوردستان تەرخانکرد.
مەزڵووم عەبدی رایگەیاندووە، ئەو هەڵوێستەی مەسروور بارزانی رەنگدانەوەی "گیانی شەراکەت و بەرپرسیارێتیی هاوبەشە" لەم بارودۆخە سەختەی رووبەڕووی ناوچەکە بووەتەوە.
پەیوەندییەکە لەکاتێکدایە، لە رۆژی 6ـی ئەم مانگەوە گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە رووبەڕووی هێرشی سوپای عەرەبیی سووریا بوونەتەوە. هەرچەندە رۆژی شەممە ئاگربەست بۆ 15 رۆژ درێژکرایەوە، بەڵام هەردوولا یەکدی بە پێشێلکردنی تۆمەتبار دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ