رووداو دیجیتاڵ
سۆران عەبدی، تەمەن 22 ساڵ شەوی شەممە لەکاتی کۆڵبەریدا لەسەر سنووری بانە، تەقەی لێکرا و گیانی لەدەستدا. لەسەر دڵی دەستەواژەی "دایە گیان،" نووسراوە، کە بە گولـلەی هێزەکانی پاراستنی سنووری ئێران پێکراوە.
سۆران خەونی ئەکتەریی هەبووە و 10 ساڵ پێش ئێستا لە فیلمێکدا بەناوی "ماڵئاوا ئانالۆگ" لە دەرهێنانی هیوا ئەمین نەژاد، رۆڵی گێڕاوە؛ بەڵام گەنجێتیی سۆران لە سنوورەکان کۆتاییهات.
لە یەک هەفتەی رابردوودا لەسەر سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، چوار کۆڵبەر گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 10 کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون؛ بابەتێک کە بەردەوام لەلایەن یاساناسانەوە رەخنەی لێگراوە.
عوسمان موزەیەن، پارێزەر دەڵێت، "کەسانێک کە لەسەر مەرز کار دەکەن هۆشدارییان پێدرابێت و گوێیان نەدابێتێ و نەوەستابن، تەنیا لەو حاڵەتەدا دەتوانن چەک بەرامبەریان بەکاربێنن و تەقە بکەن، تەقەکردنەکەش نابێت بەمەبەستی کوشتنیان بێت، بەڵکو دەبێت بەمەبەستی راگرتنیان بێت."
هەروەها 14 کۆڵبەری رۆژهەڵاتی کوردستان، شەوی رابردوو لەلایەن پاسەوانی سنووری عێراقەوە لەسەر سنووری نەوسوود دەستگیر کران. لە چەند مانگی رابردوودا بەردەوام جگە لە دەستگیرکردنی کۆڵبەران لەو دیوی سنوور، سووکایەتی و لێدانیشیان لەلایەن پاسەوانی سنووری عێراقەوە، بابەتێک بووە کە تاوەکو ئێستا کەس لێی بەرپرسیار نەبووە.
کۆڵبەرێک بە نیشاندانی برینەکانی پشتی کۆڵبەرێکی دیکە دەڵێت، "ئەرێ کاکە ئەم کۆڵبەرە تاوانی چییە؟ تاوانی تەنیا ئەوەیە، چووە کۆڵبەری بکات و کۆڵێک بهێنێت، پاسەوانی سنووری نەوسوود لە تەوێڵە گرتوویانە و بێحورمەتییان پێکردووە و لێیانداوە."
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لە یەک ساڵی رابردوودا زیاتر لە 450 کۆڵبەر لەسەر سنوورەکان کراونەتە ئامانج، لەو ژمارەش 48 کۆڵبەریان گیانیان لەدەستداوە؛ بەبێ ئەوەی لێپرسینەوە لەگەڵ بکوژانیان بکرێت. خێزانی ئەو کۆڵبەرانەش، بەهۆی بێئاگاییان لە یاسا، نەیانتوانیوە خوێنبایی منداڵەکانیان وەربگرن.
عوسمان موزەیەن، پارێزەر ئاماژە بەوە دەکات، "ئەو دۆسیانە کە دەچنە دادگەی نیزامی لە ئێران، دادگەی نیزامی تاوانبارەکان کە هێزی چەکدار و پاسەوانی سنوورن بانگهێشت ناکات، لێپرسینەوەیان لێناکات و بێ تاوان دەیانناسێنێت، لەبەر ئەوە تەنیا رێگە بۆ بنەماڵەی کۆڵبەرەکان ئەوەیە کە دەبێت یان بێن داوای خوێنبایی بکەن یان بەپێی مادەی 473ی یاسای سزادانی ئێران کە دواتر پەسندکراوە، بێن داوای خوێنبایی بکەن."
دیمەنەکان بە ئاشکرا باس لە دۆخی خراپی کۆڵبەران دەکەن، کە بەهۆی نەبوونی هەلی کارەوە، بە ناچاری روو لەسەر سنوور دەکەن؛ بەڵام چیرۆکی ژیانیان بە گوللـە کۆتایی دێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ