رووداو دیجیتاڵ
دوای کۆبوونەوەکەی رۆژی سێشەممە 26-10-2021ی پەرلەمانی کوردستان، فراکسیۆنی گۆڕان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پەرلەمانتارێکی پارتی دیموکراتی کوردستان "وشەی نەشیاو و قسەی ئاست نزمی بەرامبەر کردوون". پەرلەمانتارەکەش رەتیکردەوە.
لە راگەیێندراوێکی فراکسیۆنی گۆڕاندا کە رۆژی سێشەممە 26-10-2021 بڵاویان کردووەتەوە، هاتووە له پاش تهواوبوونی بەشدارییەکی پهرلهمانتارێکی فراكسیۆنی گۆڕان لەسەر پرسی گیراوانی بادینان، "جهلال پهرێشان ئهندامی فراكسیۆنی پارتی له كاردانهوهدا كۆمهڵێك قسهی ئاست نزم و دوور له ئهتهكێت و پڕۆتۆكۆڵی و نەشیاو بە كاری پهرلهمانی لهناو هۆڵی پهرلهمان گوت له جۆری ههڕهشهی زمان بڕین و جنێوی ئاست نزم."
فراکسیۆنی گۆڕان رایگەیاندووە، "پێویستە سهرۆكایەتیی پهرلهمان و پەرلەمان بڕیاربدەن لەسەر سزایەکی شیاو بۆ ئهو ههڵسوكهوته نهشیاوهی ئەو پەرلەمانتارە".
هەروەها دەڵێن، بە تووندی سەرکۆنەی گوتەکانی ئەو پەرلەمانتارە دەکەن و داواشدەکەن، فراكسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان به فهرمی خۆی بێبەری بکات لهو قسانهی جهلال پهرێشان.
گوڵستان سەعید سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەوەی روویداوە شکاندنی شکۆی پەرلەمان و پەرلەمانتارانە، دەبێت داوای لێبووردن بکات".
سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان ئاماژە بەوەدەکات کە فراکسیۆنەکەیان گوشاری زۆریان لەسەر بووە بۆ بایکۆتکردنی کۆبوونەوەکە، دەشڵێت: "لەکاتی ئەو رووداوەدا چەندین نامەم بۆهات کە دەیانگوت چی دەکەن لەو شوێنەدا رێزی کەسی تێدا ناگیرێت و بایکۆتی بکەن".
لەبارەی ئەوەی کێ گوشاری لێکردوون، گوڵستان سەعید دەڵێت: "ئەو کەسانەی دەنگیان پێداوین". ئاماژەی بەوەشکرد: "پەرلەمانتارێکی پارتی ویستوویەتی هێرشبکاتە سەر شیرین ئەمین پەرلەمانتاری گۆڕان، بەڵام رێگریمان لێکردووە".
دوای کۆبوونەوەکە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، جەلال پەرێشان، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان رەتیکردەوە گوتەی نەشیاوی گوتبێت، گوتیشی: "بوختانێکی ناڕەوایە، ئەوە لە پەروەردەی خۆم، خێزانەکەم، عەشیرەتەکەم و پارتەکەشم ناوەشێتەوە و ئەوانەشی بوختانیان کردووە دەیاندەمە خوای گەورە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ