رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو سوپاسی ''تاک بە تاکی'' بەخشەرانی کوردستان دەکات بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ رۆژئاوای کوردستان و دەڵێت: ''ئەم کەمپەینەی رووداو بۆ خەڵکی لێقەوماوی رۆژئاوای کوردستانە کە بەهۆی شەڕەوە تووشی ماڵوێرانییەکی زۆر بوون.''
رۆژی سێشەممە، 27-01-2026، یەکەم کاروانی ئەو هاوکارییانەی لە چوارچێوەی کەمپەینی "رەنجی رووداو"ـی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ رۆژئاوای کوردستان کۆکراونەتەوە، بەڕێکران.
لەکاتی بەڕێکردنی کاروانەکەدا، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، ''سوپاسی یەک بە یەکی سەرمایەداران، بەخشەران و تاک بە تاکی خەڵكی کوردستان دەکەم کە لەم هەڵمەتەدا، بە بەخشینی کەلوپەل و پارە بۆ دابینکردنی کەرەستە و پێداویستی بۆ خەڵکی رۆژئاوای کوردستان بەرشدار بوون و هەروەها هەموو ئەوانەش کە بە هەست و سۆزی خۆیان پشتیوانیی ئەم کەمپەینە دەکەن.''
کاروانەکەی ''رەنجی رووداو'' بە 80 بارهەڵگر هاوکارییەکان دەگەیێنێتە رۆژئاوای کوردستان و ئامادەکاری بۆ بەڕێکردنی 40 بارهەڵگری دیکەش دەکرێ. ئاکۆ محەممەد ئاماژەی بەوە کرد: ''ئەم کەمپەینە بۆ خەڵکی لێقەوماوی رۆژئاوای کوردستانە کە بەهۆی شەڕەوە تووشی ماڵوێرانییەکی زۆر بوون و پێویستیی زۆریان بە هاوکاری هەیە.''
بارهەڵگرەکانی کەمپەینی 'رەنجی رووداو' گەیشتنە پێشابوور (سنوور) و کەمێکی دیکە دەگەنە رۆژئاوای کوردستان
— Rudaw (@Rudawkurdish) January 27, 2026
وێنە: بڵند تاهیر - رووداو pic.twitter.com/sd6DKR4bdk
سەرەڕای گەمارۆکانی سوپای عەرەبیی سووریا، سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی وەک ئاو، کارەبا و ئینتەرنێت لەسەر کۆبانیی رۆژئاوای کوردستان بڕاون. بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو گوتی: ''بەداخەوە بینیمان لە کۆبانی بەهۆی سەرما و نەبوونی شوێنی حەوانەوە، پێنج منداڵ گیانیان لەدەستداوە. هەروەها خەڵکێکی یەکجار زۆر لە رۆژئاوای کوردستان جگە لە ئاوارەکان، بەهۆی ئەو دۆخەی کە لەوێ دروست بووە، پێویستییان بە هاوکاری هەیە.''
زۆربەی کارمەندانی تۆڕی میدیایی رووداو لە پێچانەوە و بارکردنی ئەو هاوکارییانەی لە کەمپەینی ''رەنجی رووداو''دا کۆکرابوونەوە، بەشدار بوون. ئاکۆ محەممەد گوتی: ''جارێکی دیکە سوپاسی یەک بە یەکی هاوکارانی رووداویش دەکەم بەڕاستی نەوەک تەنیا لە دروستکردنی هەواڵ و بەرهەم، بەڵکو لە پێچانەوەی یارمەتییەکانیشدا بە رێکوپێکی و دڵسۆزانە هاوکار بوون.''
بەهۆی هێرشەکانی سووپای عەرەبیی سووریاوە بۆ گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب لە 6ـی ئەم مانگە و دواتر فراوانبوونی هێرشەکان بۆ تەواوی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، هەزاران هاونیشتمانی ئاوارەی ناوچە ئارامەکانی رۆژئاوای کوردستان بوون و پێویستیان بە هاوکاری خێرایە.
کەمپەینی ''رەنجی رووداو'' شەوی 22ی ئەم مانگە لە بەردەم مزگەوتی جەلیل خەیات لە شاری هەولێر دەستی پێکرد. جگە لە هەولێر، هاوکاری لە نووسینگەکانی رووداو لە سلێمانی و دهۆک کۆکرایەوە و شەوی یەکشەممە 25ـی مانگ کۆتاییهات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ