رووداو دیجیتاڵ
لە گەڕەکێکی شاری کرماشان تەقە لە دوو کچ کرا و بەهۆی سەختیی برینەکانیانەوە گیانیان لەدەستدا. پۆلیسی کرماشان دەڵێت، بکوژەکە لەکاتی دەستگیرکردنیدا رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان بووەتەوە و بریندار کراوە.
رووداوەکە ئێوارەی دوێنێ دووشەممە 26-01-2026، لە گەڕەکی ''22ـی بەهمەن''ی شاری کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان روویداوە.
فەرزاد پوورنەزەری، جێگری فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای کرماشان هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، دوو کچە گەنجەکە دراونەتە بەر دەستڕێژی گوللە و گیانیان لەدەستداوە.
بەگوتەی فەرزاد پوورنەزەری، دەستبەجێ دوای رووداوەکە، تیمەکانی پۆلیس شوێنی مانەوەی بکوژەکەیان دۆزیوەتەوە، بەڵام لەکاتی هەڵکوتانە سەر شوێنەکە، تۆمەتبار رووبەڕووی پۆلیس بووەتەوە.
جێگری فەرماندەیی پۆلیسی کرماشان گوتی: "لەکاتی دەستگیرکردنیدا بکوژەکە بریندار بوو؛ ئێستا لە نەخۆشخانە خەوێندراوە و پێویستی بە نەشتەرگەری هەیە."
تائێستا هۆکاری کوشتنی ئەو دوو کچە گەنجە نازانرێت و ناسنامەشیان بۆ میدیاکان ئاشکرا نەکراوە. بەرپرسەکەی پۆلیس دەڵێت، چاوەڕوانن تەندروستیی بکوژەکە جێگیر بێت بۆ ئەوەی دەست بە لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بکەن.
لە ئێران زانیاریی ورد لەبارەی کوشتن بە چەک بەردەست نییە، بەڵام بەگوێرەی ئامارەکانی دادپزیشکیی وڵاتەکە، لە 21-03-2024ـەوە تاوەکو 21-03-2025، 581 هەزار و 941 کەس بەهۆی شەڕ، برینداربوون یان کوژرانی کەسوکاریان، سەردانی ناوەندەکانی دادپزیشکییان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ