تۆڕی میدیایی رووداو بۆ جاری دووەم، لە 46ـەمین خەڵاتی ساڵانەی Telly، کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێوەچوو، چەند خەڵاتێکی بردەوە. رووداو بووە براوەی خەڵاتەکانی زیو و برۆنز لەنێو زیاتر لە 13,000 بەشداربوو لە زیاتر لە پێنج کیشوەری جیهانەوە.
براوەی زیو
بەرنامەی هێشتا ماویەتی لەسەر کۆچی گەنجانی کورد بەرەو وڵاتانی ئەورووپا و ئەو مەترسییانەی لەو رێگەیەدا رووبەڕوویان دەبنەوە، براوەی خەڵاتی زیو بوو. رۆژنامەڤانی بە توانای رووداو، هێڤیدار ئەحمەد و دەرهێنەری بەرنامەکە، بەیار حەکیم، لەنێو جەنگەڵستانی دانکێخ کە 235 کێلۆمەتر دەکەوێتە باکووری پاریس، چیرۆک و مەینەتییەکانی کۆچبەرانی کوردیان بە جیهان گەیاند.
براوەکانی برۆنز
بەرنامەی بێستوون تۆک، وەکو یەکێک لە بەرنامە سەرکەوتوو و پڕبینەرەکانی رووداو، بووە براوەی خەڵاتی برۆنز. بێستوون تۆک، کە لەلایەن پێشکێشکاری بەتوانا بێستوون عوسمانەوە پێشکێش دەکرێت، خوێندکارانی زانکۆکانی عێراق و کوردستان رووبەڕووی سەرکردە سیاسییەکان و بڕیاربەدەستان دەکاتەوە و گفتوگۆ و کارلێکی راستەوخۆ لەنێوانیاندا دروستدەکات.
بووڵتەنی هەواڵیی پێشکێشکاری دیار و بە توانا شەهیان تەحسین، یەکێکی دیکە بوو لە براوەکانی خەڵاتی برۆنز. شەهیان تەحسین پێشکێشکاری بووڵتەنێکی هەواڵی رۆژانەیە، کە تیشک دەخاتە سەر مافەکانی ژنان و بەهێزکردنیان لەنێو کایەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووریدا.
ئەو خەڵاتانە تۆڕی میدیایی رووداو دەخاتە رێزی براندە جیهانییە ناسراوەکانی ئەم ساڵ، لەوانە نێتفلێکس، BBC، جەزیرە، ناسا، NBC News، ESPN، لینکدن، ناتۆ و MTV، کە هەموویان براوەی خەڵاتەکانی Telly بوون.
لەم بارەیەوە، ئەماندا نیدهام، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری خەڵاتەکانی Telly گوتی: "ئەمە دەستکەوتێکی گەورەیە. ئەم ساڵ زیاتر لە 13,000 بەشداربوومان هەبوون. براوەکان بریتین لەو چیرۆکە نوێیانەی لە هەموو شاشەکانەوە پێشاندەدرێن. وەکو براوەی خەڵاتی Telly، بەڕاستی ئێوە هەڵگری پێوەری نایابن لەم سێکتەرەی کاری ئێمەدا".
ئەم دانیپێدانانە ساڵێک دوای ئەوە دێت کە رووداو حەوت خەڵاتی Telly بردەوە، ئەمەش جەخت لەوە دەکاتەوە، کە تۆڕی میدیایی رووداو وەکو میدیایەکی پێشەنگ لە ناوچەکە و جیهاندا دەناسرێت.
عەلی جاف، بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی رووداو رایگەیاند "هەر دوو بەرنامە و بووڵتەنەکەی رووداو، کە خەڵاتکراون، جەختیان لەسەر گواستنەوەی دەنگی خەڵک کردووەتەوە، گرنگیدان بووە بەو پرسانەی بۆ خەڵک و کۆمەڵگە گرنگ بوون. ئێمە شانازی دەکەین کە کارەکانمان لەسەر ئاستێکی نێودەوڵەتی خەڵات دەکرێن."
خەڵاتەکانی Telly کە لە ساڵی 1979دا دامەزراوە، رێزگرتنە لە نایابی لە بوارەکانی بەرهەمهێنانی ڤیدیۆیی و تەلەفزیۆنی لە هەموو پلاتفۆڕمەکاندا.
تۆڕی میدیای رووداو بەهۆی ئەو شێوازە رۆژنامەوانییە باڵایەی پەیڕەوی دەکات، بووەتە براوەی خەڵاتەکان. هەروەها دەیسەلمێنێت کە رووداو پیشەنگە لە گواستنەوەی چیرۆکی بەهێز و کاریگەر و پڕ زانیاری بۆ بینەرەکانی.
تۆڕی میدیایی رووداو
28ی ئایاری 2025
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ