هەرێمی کوردستان جووڵەی بازرگانیی لە دەروازەی پێشابوور (سێمالکا) تاوەکو کاتێکی نادیار راگرت و تەنیا گەشتیاران دەتوانن هاتووچۆ بکەن.
سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی دەروازەی سێمالکا بە رووداوی راگەیاند، بڕیاری راگرتنی جووڵەی بازرگانی لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە دراوە و تاوەکو ئاگادارکردنەوەیەکی دیکە بەردەوام دەبێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی سەرچاوەکەی رووداو، ئێستا لەو دەروازە سنوورییە تەنیا رێگە بە هاتووچۆی کەسەکان و گەشتیاران دەدرێت و رێگە بە دەربازبوونی هیچ بارێک نادرێ.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، "کاژێر 04:30 خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، هێزێکی پاسەوانی سنوور چوونەتە دەروازەی پشتە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، دوای ئاگادارکردنەوەی شۆفێران و بەرپرسانی دەروازەکە بە شۆفڵ و خۆڵ دەروازەکەیان داخستووە.
رووداو زانیویەتی، "هێزەکەی پاسەوانی سنوور کە لە پێنج ئۆتۆمبێلی سەربازی و شۆفڵ پێکهاتبوون سەرجەمیان هاونیشتمانیی هەرێمی کوردستانن و دوای ئاگادارکردنەوەی بەرپرسانی دەروازەکە و رێگەدان بەو شۆفێرانەی لە دەروازەکەوە هاتووچۆ دەکەن، بە شۆفڵ خۆڵیان لە دەروازەکەدا هەڵڕشتووە و دایانخستووە."
ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ی تشڕینی دووەمی 2026، سەرچاوەیەکی بەرپرس لە دەروازەی پشتە بە رووداوی گوت، "هێزەکە لە کاژێر 04:30ی خولەک گەیشتنە دەروازەکە و کاتی داخستنی دەروازەکەدا گوتیان، "فەرمانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقیان پێیە و بۆ ماوەیەکی دیارینەکراو هاتووچۆ لە دەروازەکە دەوەستێنرێت و دادەخرێت."
هەر بەپێی زانیارییەکانی رووداو، دەروازەی سنووریی شووشمێ-ش لە ناحیەی بیارەی هەڵەبجە، بە هەمانشێوە دادەخرێت.
ئەو سەرچاوەیەی رووداو گوتی، هیچ گرژیی و ئاڵۆزییەک لە دەروازەکان درووست نەبووە و هێزی پاسەوانی سنوور لە پشتە جێگیر بووە و بە قوفڵ دایانخستووە."
دەروازە سنوورییەکانی شووشمێ و پشتە لە رووی کارگێرییەوە سەر بە پارێزگای هەڵەبجەن و دەکەونە ناحیەکانی بیارە و بەمۆ. تاوەکو ئێستا لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بە فەرمی نەناسێنراون. دەروازەی سنووری پیشابووریش کەوتووەتە سنووری پارێزگای دهۆک و هاوسنوورە لەگەڵ رۆژئاوای کوردستان و لە دیوی رۆژئاوا بە (سێمالکا) ناسراوە.



