پارێزگاری هەولێر: راگری کۆلێژی یاسای زانکۆی سەلاحەدین گیانی لەدەستدا

28-06-2022
کۆشش بێستانسووری
 د. کاوان ئیسماعیل، راگری کۆلێژی یاسای زانکۆی سەلاحەدین
د. کاوان ئیسماعیل، راگری کۆلێژی یاسای زانکۆی سەلاحەدین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، د. کاوان ئیسماعیل، راگری کۆلێژی یاسای زانکۆی سەلاحەدین کەمێک پێش ئێستا بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
 
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "بەداخەوە رایدەگەیێنین کە د. کاوان ئیسماعیل، راگری کۆلێژی یاسای زانکۆی سەلاحەدین گیانی لەدەستداوە. پێنج گولـلەی بەرکەوتووە و نەتواندراوە چارەسەر بکرێت."
 
بە گوتەی پارێزگاری هەولێر، "ئەو تۆمەتبارەی ئەمڕۆ تەقەی لە راگری کۆلێژی یاسای زانکۆی سەلاحەدین کردووە، پێشتر لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە، "کەسێکی بزر نییە و دیارە، پێویستە لە زووترین کاتدا خۆی رادەستی بەردەم یاسا بکات."
 
تۆمەتبارەکە خوێندکارێکی زانکۆی سۆران بووە، ئومێد خۆشناو دەڵێت، "کێشەیەکی هەبووە و فەسڵ کراوە و لێرەش [لە زانکۆی سەلاحەدین] وەرنەگیراوە؛ هەربۆیە جگە لەم دوو مامۆستایە، هەڕەشەی لە کۆمەڵێک مامۆستا کردووە، لادەرێکە لە یاسا و دەکەوێتە بەردەمی یاسا."
 
هاوڕێیەکی زانکۆی تۆمەتبارەکە، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە رووداوی راگەیاند، تۆمەتبارەکە ناوی "ئ. م. ق"ە و دانیشتووی ناحیەی بەحرکەی سەر بە پارێزگای هەولێرە، پێشتر دەستگیرکراوە، بەڵام ماوەیەکە بە کەفالەت ئازادکراوە.
 
محەممەد فەقێ عەبابەکر، پارێزەر لە دادگەی سۆران بە رووداوی راگەیاند، ئەو تۆمەتبارە چەند مانگێک بەر لە ئێستا لە دادگەی سۆران دادگایی کراوە، بەڵام "لەبەردەم دادوەردا بە ئاشکرا هەڕەشەی کوشتنی لە چەندین مامۆستای زانکۆ کردووە، لەنێویاندا مامۆستا نیشتمان، هاوژینی د. ئیدریس عیززەت حەمەخان."
 
ئومێد خۆشناو دڵنیایی بە کەسوکاری قوربانییەکان دا و گوتی، "بە دڵنیاییەوە تۆمەتبار ناتوانێت لەبەردەم یاسا دەربازی ببێت و لە زووترین کاتدا دەستگیر دەکرێت."
 
د. کاوان ئیسماعیل، راگری کۆلێژی یاسای زانکۆی سەلاحەدین بەیانیی ئەمڕۆ لە زانکۆکە هێرش کرایەسەری و بریندار کرا، دوای بریندارکردنیشی، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
 
دوای هێرشکردنە سەر راگری کۆلێژی یاسای زانکۆی سەلاحەدین، تۆمەتبارەکە هێرشی کردووەتە سەر د. ئیدریس عیززەت حەمەخان، مامۆستای کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆی سەلاحەدین و ئەویشی کوشتووە. لەبارەی دەنگۆی رفاندنی د. ئیدریس عیززەت حەمەخانەوە پارێزگاری هەولێر گوتی، "نەڕفێندراوە و هەڵیکوتاوەتە سەری و کوشتوویەتی."
 
لەبارەی برینداری سێیەمەوە کە پاسەوانی کۆلێژی یاسای زانکۆی سەڵاحەدینە، پارێزگاری هەولێر گوتی، "تەندروستیی باشە."
 
هۆکاری تەقەکردن لە راگری کۆلێژی یاسای زانکۆی سەلاحەدین و کوشتنی مامۆستایەکی کۆلێژی ئەندازیاریی چی بووە؟
 
سیداد لەشکری، پەیامنێری رووداو لەگەڵ چەند سەرچاوەیەک قسەی کردووە و بەپێی زانیارییەکان، هۆکاری کوشتنی ئەو مامۆستایەی کۆلێژی ئەندازیاری و تەقەکردن لە راگری کۆلێژی یاسا و پاسەوانێکی کۆلێژەکە بەم شێوەیە بووە:
 
هاوژینی د. ئیدریس عیززەت حەمەخان ناوی "نیشتمان"ە و لە زانکۆی سۆران مامۆستایە. پێشتر لەگەڵ تۆمەتباری رووداوەکە "ئ.م. ق" لەسەر گواستنەوەی لە زانکۆی سۆران بۆ زانکۆی سەلاحەدین کێشەیان هەبووە و بووەتە دەمەقاڵێیان. دواتر هاوژینی د.ئیدریس سکاڵای لەسەر ئەو خوێندکارە تۆمار کردووە و ئەمڕۆ یەکەم رۆژی دادگاییکردنەکەیان بووە، بەڵام بەر لە دادگاییکردنەکە تۆمەتبارەکە چووەتە ماڵی د. ئیدریس و تەقەی لێکردووە و ئەویش رایکردووە، پاشان لە ماڵی دراوسێکەیان کوشتوویەتی.
 
دوای ئەو رووداوە تۆمەتبارەکە دەچێتە کۆلێژی یاسای زانکۆی سەلاحەدین و تەقە لە د. کاوان و پاسەوانێکی کۆلێژەکە دەکات و برینداریان دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە