ئیسماعیل بێشكچی بۆ رووداو: ئێستا کاتی سەربەخۆیی کوردستانە

28-08-2017
زنار شینۆ
زنار شینۆ @ZinarShino
بێشكچی بۆ رووداو: ئەنجامی گشتپرسی 80% بێت تورکیا پەسندی دەکات
بێشكچی بۆ رووداو: ئەنجامی گشتپرسی 80% بێت تورکیا پەسندی دەکات
نیشانەکردن گشتپرسی
A+ A-

رووداو - دۆسلدۆرف

ئیسماعیل بێشكچی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رووداو باسی گشتپرسی دەکات و دەڵێت، ئێستا کاتی سەربەخۆیی کوردستانە و هێشتا کاتەکەشی دواکەوتووە. دەشڵێت گەل و حکومەتی تورکیا گشتپرسی پەسند دەکەن ئەگەر دەنگی "بەڵێ" لە 80% یان کەمتریش بێت. 

رۆژی دووشەممە 28-8-2017 پڕۆفیسۆر ئیسماعیل بێشكچی، نووسه‌ر و کۆمەڵناسی ناسراوی توركیا و دۆستی كورد سەردانی ئۆفیسی رووداوی لە دۆسلدۆرف کرد، ستافی رووداو هه‌ندێك لایه‌نی كاره‌كه‌یان له‌ ئه‌ڵمانیا و ئه‌وروپا به‌ بێشكچی ناساند. 

 سەربەخۆیی کوردستان زۆر دواکەوتووە


دوای سەردانەکەی، لە لێدوانێکدا بۆ رووداو لەبارەی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان و هەڵوێستی تورکیا، بێشكچی گوتی: "با بڵێین لە گشتپرسیی 25ی ئەیلوولدا نزیکەی لە 80%ی دەنگەکان ئەرێنی بوون، واتە (بەڵێ) بوون. ئەنجامێکی وەها بەشێوەیەکی گشتی لەلایەن کۆمەڵگەی تورکییەوە پەسند دەکرێت. ئەنجامدانی گشتپرسی لەلایەن کوردەوە، هەروەها بەدەستهێنانی ئەنجامێکی وەها دۆخێکی پەسندکراو بەدوای خۆیدا دەهێنێت. ئەگەر بە شێوەیەکی دیکە روونی بکەینەوە.. بۆچوونی گەلی تورک لەگەڵ بۆچوونی دەوڵەتی تورکیا جیاواز نییە. دیاریکەری هەست و بیری خەڵک، دەوڵەت و میدیای تورکییە، لەکاتێکدا دەوڵەت بۆچوونی میدیای تورکی دیاریدەکات. بە بڕوای من، ئەگەر جاروباریش دەوڵەت بڵێ ئێمە دژی گشتپرسین و ئەوە بیرۆکەیەکی باش نییە، بەڵام ئەگەر لە 80% یان کەمتریش، ئەگەر ئەنجامێکی وەها هاتە ئاراوە، ئەوکات دەوڵەتیش پەسندی دەکات. گەلیش.... لێرەدا ئێمە باسی گەلی تورک دەکەین، بێگومان کۆمەڵگەی کوردی (لە باکووری کوردستان) دەمێکە بەشێوەیەکی ئەرێنی لە گشتپرسی دەڕوانێت". 

 دەرکردنی بڕیاری گشتپرسی لە 25ی ئەیلوولدا زۆر بەهادارە


لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەوەی ئێستا کاتی راگەیاندنی دەوڵەتی کوردستانە، ئیسماعیل بێشكچی گوتی "ئەسڵەن کاتییەتی، هەتا دروستترە بڵێین دۆخێکی زۆر دواکەوتووە، ئەوە کێشەیەکە کە دەبوو لە ساڵانی بیستەکان چارەسەر بکرایە. بۆ نموونە کاتێک عێراقی سەر بە بەریتانیای گەورە دامەزرا و ئوردن و فەڵەستین دامەزران، هەروەها سووریا و لوبنانی سەر بە فەرەنسا دامەزران، دەبوو کوردستان دابمەزرایە، واتە لە 1920ـەکاندا. با بڵێین عێراقی سەر بە ئینگلتەرا یان سووریای سەر بە فەرەنسا، کە دوو دەوڵەتی داگیرکراو بوون، با بڵێین دەوڵەتی کوردستانی سەر بە ئینگلتەرا، دەوڵەتێکی داگیرکراو، بەڵام ئەوکاتە رێگەیان نەدا، واتا رێگەیان بە بە دەوڵەتێکی کوردستانی کۆڵۆنیش نەدا، کوردستان تەنانەت بەو شێوەیەش رێگەی پێنەدرا. ئێستا کە دەڵێن کاتیەتی، بەڵێ زۆریش دواکەوتووە لەم کارە".

  زۆر هەڵەیە کە دەگوترێت کاتی نییە. باشە ئەی کەی کاتیەتی؟


بێشكچی گوتیشی "ئێستا ئەگەر سەیری کوردی جیهان بکەین، 50 ملیۆن کەسن، ژمارەی کورد لە جیهاندا 50 ملیۆنە، بەڵام لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا نوێنەری نییە، لە کۆنفرانسی ئیسلامیدا نوێنەری نییە. ناتوانێ نوێنەرایەتیی خۆی بکات. لە ئۆڵۆمپیادە جیهانییەکاندا ناتوانێ بەشداری بکات. باشە تۆ 50 ملیۆنیت، لەکاتێکدا ژمارەی دانیشتووانی لە خوار ملیۆنیش هەن بۆ نموونە کوەیت، قەتەر و بەحرەین، ئەمانە دەوڵەتی بچووکن. کەچی باس لە داهاتووی کورد دەکەن و داهاتووی دیاری دەکەن، باس لەوە دەکەن کە کوردان خاوەنی ‌چی بن و خاوەنی چی نەبن، پێویستە کورد لە بابەتی بەڕێوەبردنیشدا چالاکتر و تۆکمەتر بن. هەڵبەتە کاتییەتی. ئەمە هەڵسەنگاندنێکی زۆر هەڵەیە کە دەگوترێت کاتی نییە. باشە ئەی کەی کاتیەتی؟ دۆخێکی نادیارە و گوزارشت لە راکردن لە بابەتەکە دەکات، هەڵبەتە دەرکردنی بڕیاری گشتپرسی لە 25ی ئەیلوولدا زۆر بەهادارە. هەروەها جێبەجێکران و بەڕێوەچوونی ئەمە زۆر گرنگە. لێرەدا بێگومان ئێران چی دەڵێ عێراق چی دەڵێ، ئەمریکا چی دەڵێ؟ ئەوان هەرچی دەڵێن با بیڵێن، ئەوە گرنگە کە کوردان چی دەڵێن؟ پێداگریی کورد لەم بابەتەدا گرنگەدا". 

  ئێران، عێراق و ئەمریکا چی دەڵێن با بیڵێن، ئەوە گرنگە کە کورد چی دەڵێت؟ 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە