کوردانی قەوقاز گۆڕی یوسف کامیل بەدرخان نۆژەندەکەنەوە

28-08-2023
سیروان عەباس
نیشانەکردن قەوقاز یوسف کامیل بەدرخان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە جۆرجیا، گۆڕی یوسف کامیل بەدرخان یەکێک لە کوڕانی میر بەدرخان بەگ دۆزرایەوە و گۆڕەکە لەلایەن کوردانی قەوقاز وەکو وەفادارییەک بۆ ئەو ماڵباتە، نۆژەنکرایەوە.
 
گۆڕی یوسف کامیل بەدرخان لە شاری تفلیسە و خەریکبوو شوێنەواری نەمێنێت، بەڵام چەند کوردێک بە هاوکاری عەزیز زیۆ بەدرخان، سەرۆکی کۆمەڵەی کوردانی کازاخستان نۆژەنکرایەوە و ئامانجیانە "ئەو گۆڕە وەکو بەشێک لە مێژووی کورد بمێنێتەوە."
 
"لە گۆڕستانی کوردانی ئێزدی بەخاکسپێردراوە"
 
هەژار شامل، سەرۆکی ئەنیستیتووی کورد لە قەوقاز لەبارەی دۆزینەوەی گۆڕی یوسف بەدرخان قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی "یوسف کامیل بەدرخان لە ساڵی 1934 لە شاری تفلیس گیانی لەدەستداوە و لەسەر ئەرک و سەرپەرشتیی دەنگبێژ و نووسەری کورد، ئەحمەد شاوێس میرازی، لە گۆڕستانی کوردانی ئێزدی بەخاکسپێردراوە."

 

 
بەگوتەی هەژار شامل، بەخاکسپاردنی تەرمی یوسف بەدرخان لەو گۆڕستانە، لەسەر وەسیەتی خۆی بووە "کاتێک یوسف بەدرخان کۆچی دوایی کرد، ویستیان لە گۆڕستانی موسڵمانان بەخاکی بسپێرن، بەڵام ئەو وەسیەتی بۆ هاوژینەکەی کردبوو، کە لە گۆڕستانی کوردانی ئێزدی بەخاک بسپێردرێت."
 
هەژار شامل ئاماژەی بەوەکرد، ساڵانێک گۆڕی یوسف بەدرخان ونبووە و 35 ساڵ لەمەوبەر دۆزراوەتەوە کە کەوتبووە ژێر خۆڵ "ئەوکات هەڵبەستڤانی کورد، ئۆردیخان شامل کاشاخی، هەوڵێکی زۆری دا بۆ ئەوەی گۆڕێکی شایستەی بۆ دروست بکات، بەڵام نەیتوانی."
 

 

دوای خوێندنەوەی کتێبەکەی ئەحمەد شاوێس، هەڵبەستڤان ئۆردیخان شامل گۆڕی یوسف بەدرخان دەدۆزێتەوە.
 
ئەحمەد شاوێس میرزای لە کتێبێکیدا کە لە ساڵی 1959 نووسیویەتی و ساڵی 1966 چاپ و بڵاوکراوەتەوە، باسی مردن و بەخاکسپاردنی یوسف کامیل بەدرخان دەکات و دوای ئەوەی هەڵبەستڤان ئۆردیخان شامل کاشاخی لە ساڵی 1990 کتێبەکە دەخوێنێتەوە، گۆڕی یوسف بەدرخان دەدۆزێتەوە.
 
دوای رووخانی یەکێتیی سۆڤیەت، سنووری گۆڕستانی ئێزدییەکان دیاریدەکرێتەوە و گۆڕی یوسف بەدرخانیش دەدۆزرێتەوە و ئوردیخان شامل کاشاخی، کێلێکی نوێ بۆ گۆڕی یوسف بەدرخان دادەنێت بۆ ئەوەی ون نەبێت.
 
هەژار شامل دەڵێت "سەرکردەیەکی کورد بە ناوی (فەریز کۆرکۆتی) لە بوونی ئەو گۆڕە ئاگاداری کردوونەتەوە و ئەوکات ئۆردیخان شامل کاشاخی کێلی گۆڕەکە دەباتەوە بۆ ماڵ بۆ ئەوەی بیپارێزێت."
 
ئۆردیخان شامل بەرلە مردنی کێلی گۆڕەکەی یوسف بەدرخان دەباتەوە شوێنی خۆی
 
ساڵی 1993 چەند کەسایەتییەکی دیاری کوردانی جۆرجیا، بڕیاردەدەن گۆڕی یوسف بەدرخان نۆژەنبکەنەوە، بەڵام هەوڵەکەیان سەرناگرێت. 
ئۆردیخان شامل کاشاخی، بەرلەوەی کۆچی دوایی بکات، کێلی گۆڕەکەی یوسف بەدرخان دەباتەوە و لەسەر گۆڕەکەی دادەنێتەوە.
 
گۆڕەکەی یوسف بەدرخان کەوتووەتە سەرەڕێیەک، هەژار شامل دەڵێت "سەرەتا کوردانی جۆرجیا گوتیان کە گۆڕەکە لە سەرەڕێی ئەسفالتە و لە ئەنجامی گەڕان و لێکۆڵینەوەکانمان لەنێوان دوو رێگەدا لەژێر خاک گۆرەکەمان دۆزییەوە. کاتێک ماڵباتی مەزنی بەدرخانییەکان بۆ ئاهەنگی نەورۆز هاتبوون، ئەوان و سەرۆکی کۆمەڵەی کوردستانی کازاخستانمان ئاگادارکردەوە."
 
ئێستا نۆژەنکردنەوەی گۆڕەکە بە پاڵپشتیی ئەنستیتووی کوردی قەوقاز و رێکخراوەکانی کوردی جۆرجیا تەواو دەکرێت.
 
هەژار شامل لە قسەکانیدا بۆ رووداو زیاتر دەڵێت "یوسف بەدرخان دوای ئەوەی لە ساڵی 1914 لە دوای سەرهەڵدانەکەی بەدلیس دەستگیر دەکرێت، پێش ئەوەی بچێتە تفلیس، ماڵباتەکەی لە ئیستەنبووڵ ژیاون و لەگەڵ دڵبەر خانم هاوسەرگیریی کردووە."
 
یوسف بەدرخان، سێ کوڕی هەبووە بە ناوەکانی سەلاحەدین، نەدیم و نیعمەت. 

 

بەگوتەی هەژار شامیل "دوای سەرهەڵدانەکەی بەدلیس، یوسف بەدرخان، هانا بۆ کەشتییەکانی فەرەنسا دەبات و بە گوێرەی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکان، دواتر هانای بۆ رووسیا بردووە، لە ساڵی 1915 دەچێتە تفلیس و لەگەڵ کچێکی ئەڵمان بەناوی مارگرێتا یاکۆڤلێنا هاوسەرگیریی دەکات، بەڵام منداڵیان نابێت." 

 
مارگرێتا یاکۆڤلێنا، لە ساڵی 1953 کۆچی دوایی کردووە.
 
شامل لەبارەی نۆژەنکردنەوەی گۆڕی یوسف بەدرخان دەڵێت "ئێمە دەمانەوێت گۆڕە مێژووییەکە وەکو مەزارگەیەک بمێنێتەوە و بۆ ئەو مەبەستە مۆڵەتی پێویستمان لە شارەوانیی تفلیس وەرگرتووە و دەمانەوێت مەزارگەکەی بەجۆرێک سەرنجڕاکێش بێت، هەر کوردێک بێتە جۆرجیا سەردانی بکات."
 
بە ئامادەبوونی بەدرخانییەکان مەزارگەی یوسف بەدرخان دەکرێتەوە
 
هەژار شامل دەڵێت "دوای تەواوبوونی نۆژەنکردنەوەکە، بە ئامادەبوونی نوێنەری ماڵباتی بەدرخانییەکان، مەزارگەی یوسف بەدرخان لە 9-11-2023 لە رێوڕەسمێکدا دەکرێتەوە، هاوکات کوردانی رووسیا و قەوقازیش بانگهێشت دەکرێن."
 
یەکێک لە نەوەی بەدرخانییەکان بە ناوی خاتوو سینەم بەدرخان، ئێستا لە هەولێر دەژی. هەژار شامل دەڵێت "بۆ ئامادەبوون لە رێوڕەسمەکە پەیوەندیمان پێوە کردووە، بەڵام لەبەر گرفتی تەندروستی ناتوانێت ئامادەبێت."
 
 
یوسف کامیل بەدرخان کێیە؟
 
یوسف کامیل بەدرخان، لە 31ـی ئاداری 1873 لەدایکبووە و دوایین منداڵی میر بەدرخان بووە. زۆربەی ئەندامانی بنەماڵەکەی رۆژنامەڤان، مامۆستا و سیاسەتڤان بوون.
 
یوسف بەدرخان، لە سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانییەکاندا، قایمقامی شاری حەیفا بووە، لەو سەردەمەدا سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبووڵ دەکوژرێت و بنەماڵەی بەدرخانییەکان بە کوشتنی تۆمەتبار دەکرێن، لەبەرئەوە، یوسف بەدرخان لەسەر کار لادەدرێت و دووریش دەخرێتەوە.
 
دوای دوورخستنەوەی، یوسف بەدرخان جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە ئیستەنبووڵ و لەنێو کۆمەڵەی (دائیرەی مەعاریف) دەستبەکار دەبێت.
 
کاتێک جەنگی یەکەمی جیهانی دەستپێدەکات، یوسف بەدرخان دەچێتە بەدلیس و لەگەڵ مەلا سەلیم، شێخ شەهابەدین و سەید عەلی دەست بە ئامادەکاری بۆ سەرهەڵدان دەکەن، بەڵام دەسەڵات پێیان دەزانێت و مەلا سەلیم دەستگیر دەکرێت.

 

 
 
دواتر یوسف بەدرخان دەستگیر دەکرێت و دەبرێتە ئیستەنبووڵ، بەڵام لەوێ دەتوانێت لە دەستیان هەڵبێت و هانا بۆ کەشتییەکی فەرەنسی دەبات، دوای ئەوە، دەوڵەتی عوسمانی، سزای لەسێدارەدانی بۆ دەردەکات.
 
دوای ئەوەی یوسف کامیل بەدرخان، پەیوەندیی بە رووسەکانەوە دەکات، دەچێتە شاری تفلیس. لەوێ لەگەڵ نوێنەری ئینگلیز و فەرەنسا ئاشنا دەبێت و چەند بەڵێنێکیان لەبارەی کوردەوە لێوەردەگرێت، بەڵام دوای شۆڕشی بەلشەڤییەکان، ئەو بەڵێنانەی پێی درابوون، جێبەجێ نەکران و کاتێک سنوور دیاریکرایەوە، تفلیس بووە زێدی هەمیشەیی ئەو.

 

 
 
یوسف کامیل بەدرخان لە ساڵی 1934 لە تفلیس کۆچیی دوایی دەکات و لەسەر وەسیەتی خۆی، لە گۆڕستانی کوردانی ئێزدی لەو شارە بەخاکدەسپێردرێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سەرۆک مەسعود بارزانی

سەرۆک بارزانی: بە گیانلەدەستدانی سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی ئێران زۆر خەمگین بووم

سەرۆک بارزانی سەرەخۆشی لە رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران و حکومەت و کەسوکاری سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی ئێران دەکات، لە رووداوی کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرەکەیان گیانیان لەدەستدا.