رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، هەرێمی کوردستان قورستترین 24 کاژێری بەڕێکرد، لەو کاتەوەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوباتەوە دەستیپێکردووە. لە 24 کاژێری رابردوودا بە 36 درۆن و مووشەک هەرێمی کوردستان هێرش کراوەتە سەری.
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، لە کاژێر 10:00ـی بەیانی دوێنێ شەممە بۆ بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، شاری هەولێر و سنووری پارێزگاکە بە27 درۆن و مووشەک هێرشیان کراوەتە سەر. هەروەها دهۆک بە 8 درۆن و لە سلێمانیش یەک درۆن تەقییەوە. هیچ هێرشێک لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە تۆمار نەکراوە.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی رووداو، لە یەکێک لە هێرشەکاندا لە سنووری ناحیەی رزگاری (تۆبزاوا) لە قەزای خەبات لە پارێزگای هەولێر، سێ کەس بریندار بوون، دووانیان قوتابی بوون و ئەوی دیکەش پۆلیس. برینەکانیان "سووکە".
هەر لە ئەنجامی هێرشەکانی 24 کاژێری رابردوو، پاشماوەی درۆنە تێکشکێندراوەکان زیانی مادییان بە ماڵێکی قەزای عەنکاوە لە سنووری هەولێر گەیاند.
هێرشەکانی 24 کاژێری رابردوو بۆسەر هەرێمی کوردستان بەگوێرەی پارێزگاکان:
پارێزگای هەولێر
- کاژێر 03:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ 29ی ئادار، دوو درۆن لە ئاسمانی هەولێر تێکشکێندران.
- نزیک کاژێر 02:30ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، بە درۆنێک هێرش کرایەسەر سنووری قەزای کۆیە لە پارێزگای هەولێر.
- کاژێر 02:10 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ درۆنێک لە سنووری قوشتەپە لە هەولێر خرایە خوارەوە.
- نزیک کاژێر 02:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەنگێکی بەهێز لە سنووری هەولێر بیسترا، روون نییە درۆن بووە یان مووشەک.
- نزیک کاژێر 01:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، هێرشێکی درۆنی بۆسەر بارەگایەکی پێشمەرگە لە سنووری قەزای مەخموور کرا.
- نزیک کاژێر 01:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، بە دوو درۆن هێرش کرایە سەر نزیک چیای کۆڕەک لە پارێزگای هەولێر.
- لە کاژێر 12:45 خولەکی بەرەبەیانی یەکشەممە، درۆنێک لە نزیک گوندی ئۆمەراوەی باڵەکایەتی لەسەر رێگەی هامڵتن لە سنووری پارێزگای هەولێر کەوتە خوارەوە.
- کاژێر 12:44ـی بەرەبەیانی شەممە، چوار درۆنی بەدوای یەکدا لە ئاسمانی هەولێر تێکشکێندران.
- نزیک کاژێر 12:30 خولەکی بەرەبەیانی شەممە، بە دوو درۆن هێرش کرایە سەر سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران لە سنووری تۆبزاوەی هەولێر.
- رۆژی شەممە، کاژێر 12:30 خولەک دوو درۆن لە سنووری قوشتەپە لە هەولێر تەقێندرانەوە.
- کاژێر 12:20ـی بەرەبەیانی شەممە لە یەک کاتدا دوو درۆن لە ئاسمانی شاری هەولێر لەلایەن سیستمی بەرگرییەوە تێکشکێندران.
- نزیک کاژێر 12:10 خولەکی بەرەبەیانی شەممە، دەنگی 4 تەقینەوە لە سنووری قەزای کۆیە بیستران.
- نزیک کاژێر 11:00ـی شەوی شەممە، بە دوو درۆن هێرش کرایە سەر ناوچەیەکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێڕ.
- نزیک کاژێر 06:30ـی ئێوارەی شەممە، دوو درۆن لە ئاسمانی هەولێر تەقێندرانەوە.
- کاژێر 10:30ـی بەیانی شەممە، درۆنێک لەلایەن سیستمی بەرگرییەوە لە هەولێر تێکشکێندرا.
پارێزگای دهۆک
- نزیک کاژێر 00:40ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، درۆنێک لە ئاسمانی دهۆک تەقێندرایەوە.
- لەنێوان کاژێرەکانی 11 بۆ 12ـی شەوی شەممە، بە دوو درۆن هێرش کرایە سەر دهۆک. یەکێک لە درۆنەکان لە گەڕەکی ماڵتای شارەکە کەوتە خوارەوە.
- کاژێر 15:00ـی دوێنێ 28ـی ئادار، هێرشێکی دیکەی درۆنی بۆسەر دهۆک کرا.
- نزیک کاژێر 01:00ـی نیوەڕۆی شەممە، بە درۆنێکی دیکە هێرش کرایە سەر دهۆک.
- پاش نیو کاژێر، هێرشێکی دیکە بۆسەر دهۆک بە درۆنێک کرا.
- نزیک کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆی شەممە، بە درۆن هێرش کرایە سەر ناوچەیەکی ناحیەی بجیل لە قەزای ئاکرێ لە پارێزگای دهۆک.
- نزیک کاژێر 11:00ـی پێش نیوەڕۆی شەممە، هێرشێکی درۆنی کرایە سەر شاری دهۆک و ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کردە ئامانج. هێرشەکە کاردانەوەی جیهانی، ناوچەیی و نێوخۆیی لێکەوتەوە.
پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە
- نزیک کاژێر 01:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، دەنگی دوو درۆن لە ئاسمانی سلێمانی بیسترا، دواتر دەنگی تەقینەوەی یەکێکیان هات، دیارنییە خراوەتە خوارەوە یان خۆی کەوتووەتە خوارەوە.
تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، کەوتنە خوارەوەی هیچ درۆن یان مووشەکێک لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە تۆمار نەکراوە.
موقاوەمەی عێراق: 41 هێرشمان لە ناوچەکە کردووە
گرووپی "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" رایگەیاند، تەنیا لە یەک رۆژدا 41 هێرشی کردووەتە سەر بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە.
لە راگەیێندراوەکەی ئەو گرووپەدا کە نزیک کاژێر 12:00ـی شەوی شەممە بڵاوکراوەتەوە هاتووە، رۆژی شەممە چەکدارەکانی بە "دەیان درۆن و مووشەک" هێرشیان کردووەتە سەر پێگەکانی هێزەکانی ئەمریکا.
هەرچەندە ناوچەکانی دیاری نەکردووە، بەڵام لە رابردوودا زۆرترین هێرشە درۆنییەکان دژی هەرێمی کوردستان لەلایەن ئەو گرووپەوە لە ئەستۆگیراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ