ژنێك بە دەسماڵ دەخنكێندرێت

29-04-2013
سۆران بەهائەددین
نیشانەکردن ژن کوشتن
A+ A-
رووداو -گەرمیان

لە شارۆچكەی كەلار تەرمی ژنێك لەناو ئاودا دەدۆزرێتەوە، كە لەبەر ئاوسانی جەستەی سەر ئاو دەكەوێت و دواتر دەردەكەوێت خنكێنراوە، بەپێی زانیارییەكانی پۆلیسی گەرمیان ئەو ژنە هەر بە دەسماڵ (چەفیە)كەی خۆی خنكاندبوویان.

رۆژی 21/4/2013 تەرمی ئامینە عەبدوڵڵا قادر، 33 ساڵ، دۆزرایەوە، كەسوكاری ژنەكە سكاڵایان تۆمار كردووە و تا ئێستا ژنێك و دوو پیاو لەسەر كوشتنی ئەو ژنە دەستگیركراون.

كوشتنی ژنان لە كوردستان بەردەوامە، كە بەپێی لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس زۆربەی تاوانەكانی كوشتنی ژنان لە كوردستان لەسەر نامووسە و پاشان لەسەر كێشەی كۆمەڵایەتی، خنكاندنی ئامینە یەكەم حاڵەتی خنكاندنی ژنانە لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا لە كەلار.

ئامینە دایكی دوو منداڵ بوو، دانیشتووی گەڕەكی گردەگۆزینە بوو لە كەلار، كە پێشتر گوند بووە و ئێستا تێكەڵی كەلار بووە، مێردی ئامینەش دەوامی لە بەغدا بووە، بۆیە شۆفێری پاسێك بەیانیان هاتوچۆی پێكردووە بۆ سەر كارەكەی. موقەدەم حەسەن محەممەد گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان بە (رووداو)ی گوت “ئامینە ماوەی چوار رۆژ بوو ونبووبوو، كەسوكاری بەدوایدا دەگەڕان، هەتا تەرمەكەی لەناو پڕۆژەی ئاوی بەردە سوور، لە نزیك كەمپی زانكۆی گەرمیان لە شارۆچكەی كەلار دۆزرایەوە”.

دۆزینەوەی تەرمی ئامینە بەهۆی ئەوەوە بووە، كە تەرمەكەی لەناو ئاو ئاوساوە و سەرئاو كەوتووە، هاووڵاتیان پۆلیسیان ئاگادار كردووەتەوە لە بینینی ئەو تەرمە، پاشان تەرمەكە رەوانەی پزیشكی دادوەری كراوە، بەپێی گوتەكانی مقەدەم حەسەن دەركەوتووە، كە ئەو ژنە خنكێنراوە “دوای لێكۆڵینەوەی پزیشكی دادوەری، دەركەوت ئەو ژنە بەر لەوەی فڕێ بدرێتە ناو ئاوەكەوە خنكێنراوە، هەر بە دەسماڵەكەی خۆی خنكێنراوە”.

ئەو رۆژەی ئامینە بزربووبوو، سەر لە بەیانییەكەی لەگەڵ منداڵەكانی سواری ئەو پاسە بووە، پاشان منداڵەكانی لەلای ژنێك داناوە و خۆی و شۆفێرەكەی رۆیشتوون، بەپێی گوتەی كەسوكاری، 9 هەزار دۆلاری پێبووە و هەندێك زێڕیشی بە خۆیەوە كردبوو، بەڵام رۆژی بینینەوەكەی، تەنیا زێڕەكە بە دەست و ملییەوە بووە و هیچ پارەی پێ نەبووە.

مقەدەم حەسەن گوتی دوای دۆزینەوەی تەرمی ئامینە، چەند كەسێك بانگكران بۆ لێكۆڵینەوە و 3 كەسیش دەستگیر كران “دوو برای ئامینە بۆ لێكۆڵینەوە بانگكران و هاتنە بەردەم دادوەر، بەڵام نەگیران، پاشان ئەو ئافرەتەی، كە منداڵەكانی ئامینەی لابوو دەستگیر كرا، لەگەڵ شۆفێری پاسەكە، كە ئامینەی لەگەڵ خۆی بردووە، برایەكی مێردی ئامینەش دەستگیركراوە، بەڵام هێشتا لێكۆڵینەوە نەگەیشتووەتە ئەنجامی كۆتایی”.

بەپێی گوتەی یەكێك لە دانیشتووانی كەلار، شۆفێری پاسەكە، كە دانیشتووی هەمان گەڕەكی ماڵی ئامینەیە، تۆمەتباری سەرەكییە “ئەو پیاوە پێشتر هاتووچۆی بەو ماڵە كردووە، دواجاریش هەر لەگەڵ ئەو رۆیشتووە، منداڵەكانی ئامینە ئەویان بە چاوی خۆیان بینیوە و باسیان كردووە، كەسوكاری ژنەكەیش سكاڵایان تۆمار كردووە”.

مقەدەم حەسەن دەڵێت، ئەو ماڵە پێشتر كێشەی كۆمەڵایەتییان هەبووە، بەڵام “هەتا ئێستا هۆكاری خنكاندنەكە بە تەواوی دیار نییە، لێكۆڵینەوەكانمان بەردەوامن”.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە