زەرەرمەندانی ئاگرەکەی بازاڕی چەلێی دهۆک قەرەبوو کرانەوە

29-05-2024
هیدایەت جان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ 260 دووکانداری بازاڕی چەلێی دهۆک قەرەبوو کرانەوە و نوێنەری دووکاندارەکانی بازاڕەکەش دەڵێت، زیانەکانیان زۆر زیاتر لەوە بووە کە پارەی قەرەبووەکەیان بۆ دانراوە.
 
رۆژی دووشەممە 1ی نیسانی ئەم ساڵ، ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی چەلێی شاری دهۆک کەوتەوە و لە ئەنجامدا زیاتر لە 300 دووکان سووتان و زیانیان بەرکەوت.
 
هونەر رەشید، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە دهۆک دەڵێت، ئەو دووکاندارانەی ئەمڕۆ قەرەبوو کرانەوە، زیانەکانیان بە سێ جۆر پۆلێن کراوە: ئەو دووکانانەی راستەوخۆ لە ئاگرکەوتنەوەکەدا سووتان، ئەو دووکانانەی بەهۆی دووکەڵی ئاگرەکە زیانیان بەرکەوت، ئەو دووکانانەی لەکاتی کۆنتڕۆڵی ئاگرەکەدا کەلوپەلەکانیان تێکچوو.
 
ئەو بڕە پارەیەی بەسەر 260 دووکاندارەکەی دهۆکدا دابەشکرا، سێ ملیار و 973 ملیۆن و 923 هەزار دینار بوو. دووکاندارەکان لە یەک ملیۆن دینارەوە تاوەکو 140 ملیۆن دینار قەرەبوویان وەرگرت.
 
نوێنەرێکی دووکاندارەکان بە پەیامنێری رووداوی گوت، "ئەوەی ئەمڕۆ بە خاوەن دووکانەکان دەدرێت هاوکارییە نەوەک قەرەبوو، چونکە ئەو زیانەی بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکە بە دووکانداران کەوت، زۆر لەو بڕە پارەیە زیاترە کە ئەمڕۆ دابەش دەکرێت، بەڵام ئەو هاوکارییە کەلێنێکی باش بۆ ئەم کاسبکارانە پڕدەکاتەوە."
 
عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە رێوڕەسمەکەدا داوای لە دووکانداران کرد پابەندی مەرجەکانی سەلامەتی بن بۆئەوەی ئەگەر دووکانێک سووتا، نەبێتە هۆی ئەوەی بازاڕێک بە تەواوەتی بسووتێت، "ئێستا خەریکی نۆژەنکردنەوەی بازاڕەکەین؛ داواکارم پابەندی مەرجەکان بن."
 
پارێزگاری دهۆک گوتیشی، "ئەمڕۆ هاوکارییەک لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دووکانداران تەرخانکرا. ئەم هاوکارییە بەراورد بەو زیانەی بە دووکانداران کەوت کەمە. هۆکارەکەش ئەوەیە بەهۆی ئەو لافاوەی مانگی رابردوو لە دهۆک دروستبوو، خەڵکێکی زۆر زیانی بەرکەوت و ماڵیان ژێرئاو کەوت و قەرەبوومان کردنەوە، ئەوەش وای کرد نەتوانین هاوکارییەکی شیاوی ئێوە بکەین."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.