رووداو - هەولێر
حەیدەر دیبەگەیی باوکی نۆ کوڕە ، هەشتیان پێشمەرگەن، لە دەوروبەری ناحیەی باقرت لە گوندی دوگردکان چوار لە کوڕەکانی دەبنە قوربانی، کە دوو کوڕی شەهید بوون و یەکێکی دیکە هەردوو قاچی لەدەست دەدات یەکێکیشیان بە سووکی بریندار دەبێت.
ئەو لە پرسەی دوو کوڕەکەیدا بە شانازییەوە پێشوازی لە خەڵک دەکرد.
یەکێک لە کوڕە شەهیدبووەکانی سەنگەری تەمەن ٣٣ ساڵ بوو ئەو خێزاندار و خاوەنی ٥ منداڵ بوو.
عەلی برای شەهید سەنگەر دیبەگەییە تەمەنی ٣١ ساڵ بوو، خێزاندار و خاوەنی منداڵێک بوو چاوەڕێی منداڵی دووەمی دەکرد بەڵام بەچاوی خۆی منداڵی دووەمی نەبینی.
زەینەر لە نێو ٣ براکەی دیکەیدا بە سەلامەتی دەرچووە ، ئەو رووداوەکەی بۆ رووداو گێڕایەوە.
خزمو کەسوکاری ئەم بنەماڵەیە شانازی بە رۆڵە شەهیدەکانیان دەکەن و دەڵێن ئەمانە پێشمەرگەی کوردستان بوون.
لە نەخۆشخانەی ئیمێرجینسی هەولێر کاتێک ناوی ئەسکەندەرت دەهێنا هەموو کارمەندەکان ئەویان دەناسی، ئەوەش بەهۆی سەختی برینەکەیەوە. ئەسکەندەر تەمەنی ٤٧ ساڵە و خاوەنی ٩ منداڵە. وێڕای سەختی برینەکەی و شەهیدبوونی دوو لە براکانی، ئەو تا ئێستا هەر ورەی بەرزە.
ئەسکەندەر باس لەبەرەی کوردستانی دەکات و دەڵێت لە هەموو عێراق شەرە و کاتی حزبحزبێنە نەماوە.
لە کاتی قسەکردن لەگەڵ ئەسکەندەردا لە چاوانی ئەوە بەدیدەکرا کە بە لایەنە بەرپرسەکان بڵێت هەق وایە ئێمەو رۆڵە بە ئەمەکەکانی نیشتمان لەبیرنەکرێین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ