کچە بچووکەکەی هوجام سورچی بە جلوبەرگی کوردییەوە چاوەڕێی ماکرۆن دەکات

29-08-2021
پەیام سەربەست
پەیام سەربەست @paya_m_
وێنەی هوجام سورچی و کچە بچووکەکەی و پەیکەرێک کە بۆی داتاشراوە
وێنەی هوجام سورچی و کچە بچووکەکەی و پەیکەرێک کە بۆی داتاشراوە
نیشانەکردن هوجام سورچی ئیمانوێل ماکرۆن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نەدا جلە کوردییە سوورەکەی لە تەنیشت جلی پێشمەرگایەتیی باوکی شەهیدبووی لە دۆڵابەکە داناوە. ئەو تەمەنی هەشت ساڵە، بچووکترین منداڵی شەهید هوجام سورچییە، ئەو پێشمەرگەیەی شێوازی شەهیدکردنی لەلایەن داعشەوە، کوردستان و زۆربەی جیهانیشی تاساند.
 
نەدا دوو ساڵان بوو کاتێک باوکی شەهید کرا، هیچ یادەوەرییەکی لە باوکیەوە نییە، بەڵام بیرەوەییەکانی هاوڕێ و هاوسەنگەرانی باوکی و ئەو رێوڕەسم و سەردان و رێزلێنانەی کە بۆی دەگێڕن، باشترین رێگەی ناسینی باوکی بووە.
 
ئێستاش نەدا بە جلی کوردییەوە، خۆی بۆ بینینی سەرۆکی فەرەنسا ئامادە دەکات، ئەو دەڵێت "ئەوێ رۆژێ ئەو جلە کوردییەم کڕی، براکەم گوتی دەچینە بینینی مرۆڤێکی فەرەنسی، لەوێش ئاڵای کوردستان بڵند دەکەم".
 
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە یەکەمین سەردانیدا بۆ هەرێمی کوردستان بنەماڵەی شەهید هوجام وەکو سیمبۆلێک بۆ رێزلێنان لە شەهیدانی دەستی داعش دەبینێت.
 
عومەر هوجام، کوڕی شەهید هوجام دەڵێت "خۆمان بە سەربەرزترین کەس دەزانین کە ئەمڕۆ سەرۆکی فەرەنسا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لەلایەن پرۆتۆکۆلی هەرێمی کوردستانەوە، ئێمە بانگهێشت کراوین بۆ ئەو سەردانە، پەیاممان ئەوەیە بۆ سەرۆکانی وڵاتان کە هەموویان هاوکاری و پاڵپشتیی خۆیان دەربڕن بۆ هێزی پێشمەرگە، چونکە هێزی پێشمەرگە توانیی بەو چەکە سووکەی هەیەتی، رووبەڕووی داعش ببێتەوە".
 
سارا هوجام، کچی شەهید هوجام ئاماژەی بەوە کرد، "باوکم کەسێکی زۆر زۆر باش بوو، ئەوەندە کارەکەی خۆشدەویست، هەموو جار زووتر لە وادەی خۆی دەچووەوە سەر کارەکەی".
 
هوجام عەبدولڕەحمان خدر، ناسراو بە هوجام سورچی، لە ساڵی 1970 لە گوندی بەردەسووری شارۆچکەی رۆڤیای پارێزگای دهۆک لەدایکبووە. باوکی شەش کوڕ و پێنج کچە، لە ساڵی 1991 بووەتە پێشمەرگە و لە مانگی ئابی 2014 بە برینداری کەوتە دەست چەکدارانی داعش. لە 25-01-2015 لە گۆڕەپانێکی موسڵ بە تۆمەتی پێشمەرگەبوون شەهید کرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە