رووداو-هەولێر
(ئا) هاواری بۆ پۆلیس برد كە ژنەكەی كوژراوە، بەڵام پۆلیس هەر لەنێو ماڵەكەی (ئا) تۆمەتبارەكەیان دۆزییەوە و قۆڵبەستیان كرد. زۆری نەبرد (ئا) دانی بە تاوانەكەیدا نا و كاتێكیش پۆلیس لێیان پرسی بۆ كوشتت؟ گوتی: "خیانەتی لێكردووم".
رۆژی 23/10/2018 ژنێكی تەمەن 38 ساڵ بەناوی كافیە، دانیشتووی گەڕەكی رەحیماوای شاری كەركووك و دایكی شەش منداڵ، لەنێو ماڵەكەیدا كوژرا. (ئا)، تەمەن 42 ساڵ كە هاوژینی كافیەیە، دەستبەجێ پۆلیسی ئاگادار كردەوە كە ژنەكەی كوژراوە. بەڵام پۆلیس هەر لەوێ (ئا)ی بە تۆمەتی كوشتنی هاوژینەكەی دەستگیر كرد.
عەقید نەوزاد ستار شەریف، بەڕێوەبەری بنكەی پۆلیسی رەحیماوا لەوبارەیەوە بە (رووداو)ی راگەیاند: "رۆژی 23ی ئەم مانگە پیاوێك ئاگاداری كردینەوە كە ژنەكەی لەنێو ماڵەكەیدا كوژراوە. دوای چوونی تیمەكانی لێكۆڵینەوە، دەركەوت ئەو ژنە هەر لەلایەن ئەو پیاوەوە كوژراوە كە پۆلیسی ئاگادار كردبووەوە".
گوتیشی: "ژنەكە گوللەیەكی دەمانچە لە سەری دراوە، پۆلیس دەستی بەسەر دەمانچەكەدا گرتووە".
سەبارەت بە هۆكاری كوشتنی ژنەكە، بەڕێوەبەری بنكەی پۆلیسی رەحیماوا گوتی: "ئەو پیاوە لە لێكۆڵینەوەی سەرەتایی پۆلیسدا ئیعترافی كردووە كە ژنەكەی كوشتووە، گوایە خیانەتی لێكردووە، بەڵام هیچ بەڵگەیەكی باوەڕپێكراوی بە پۆلیس نەداوە كە ژنەكەی خیانەتی لێكردبێ، بۆیە پۆلیس لە لێكۆڵینەوە بەردەوام دەبێ، تا راستیی هۆكاری كوشتنی ژنەكەی بۆ ئاشكرا دەبێ".
كەسوكاری ژنەكە ئامادەنین قسە لەسەر ئەو دۆسیە بكەن. كامەران كە برای كافیەیە، تەنیا ئەوەندەی گوت كە "خوشكەكەم خیانەتی لە هاوژینەكەی نەكردووە. ئێمە چاوەڕێین دادگا یەكلایی بكاتەوە خوشكەكەم لەسەر چی كوژراوە و هەموو ئەوەی لەبارەی هۆكاری كوشتنی خوشكەكەم لێرە و لەوێ باس دەكرێ، راست نین".
لە دادگاكانی عێراق كە كەركووكیش كار بە یاساكانی دەكات، تاوەكو ئێستا كار بە یاسای شەرەفپارێزی (غسل العار) دەكرێ. ئەو پیاوانەی بە پاساوی شەرەفپارێزی ئافرەت دەكوژن، سزایەكی كەمیان دەدرێ بەراورد بەو كەسانەی كە بە ئەنقەست كەسێك دەكوژن، بەڵام لە هەرێمی كوردستان كار بەو یاسایە ناكرێ و كوشتنی ژنان لەژێر هەر ناوێكدا بێ بە "كوشتنی ئەنقەست" دادەنرێ.
جوان حەسەن، سەرۆكی لێژنەی مافی مرۆڤ و كاروباری ئافرەتان و منداڵان لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، پێیوایە یاسای شەرەفپارێزی، هاندەرە بۆ كوشتنی ئافرەتان. جوان حەسەن بە (رووداو)ی گوت: "بەشێك لە هۆكاری كوشتنی ژنان لە شارەكانی عێراق بۆ ئەو یاسایانە دەگەڕێتەوە كە تا ئێستا لە دادگاكانی عێراق كاریان پێدەكرێ، لەوانە قانوونی (غسل العار). ئەمە بووەتە هاندەرێك یاخود رێگەخۆشكەر بۆ كوشتنی ژنان لەلایەن كەسوكاریانەوە. كە بەپێی ئەو یاسایە بكوژ سزایەكی كەمی دەدرێ".
جاران لێژنەكەی جوان بەدواداچوونی وردی بۆ دۆسیەكانی هاوشێوەی كافیە دەكرد و دەیزانی ساڵانە چەند ژن لە كەركووك دەكوژرێن و بۆچی دەكوژرێن، بەڵام ئێستا بەدواداچوونیان زۆر كەمبووەتەوە و هیچ ئامارێكیشیان لەبارەی ژمارەی ئەو ژنانە نییە كە ساڵی رابردوو و ئەمساڵ لە كەركووك كوژراون.
جوان حەسەن دەڵێت: "ئێستا بارودۆخی كەركووك بە جۆرێكە كە بەدواداچوون بۆ كەیسەكان زۆر قورس بووە، پێشتر ئێمە و رێكخراوەكان سەردانی دادگامان دەكرد و ئامارمان وەردەگرت و بەدواداچوونمان بۆ دۆسیەكان دەكرد، بەڵام ئێستا ناتوانین".
راكان سەعید، پارێزگاری كەركووك بە وەكالەت، بە بڕیارێك چالاكیی سەرجەم ئەو رێكخراوە مەدەنیانەی راگرتووە كە لە فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومییەكانی هەرێمی كوردستان مۆڵەتیان وەرگرتووە، بەو مەرجە رێگەی كاركردنیان پێدەدات كە مۆڵەت لە بەغدا وەربگرن.
جوان حەسەن پێیوایە ئەو دۆخە ئەمنی و سیاسییەی لە كەركووك هەیە كێشەی دەروونی بۆ زۆر خێزان دروستكردووە: "هەندێك لەو پیاوانەی بەهۆی ئەو دۆخەوە تووشی جۆرێك لە شڵەژانی دەروونی بوون، نازانن دەروونی خۆیان بەچی بەتاڵ بكەنەوە، زۆر جار پەنا دەبەنە بەر ئازاردان یان كوشتنی ژن و منداڵەكانیان". بۆیە جوان حەسەن گومانی لەو دۆسیانە هەیە كە تۆمەتبارەكە بەپێی یاسای شەرەفپارێزی دادگایی دەكرێ و دەڵێت ئەوە تەنیا پاساوێكە بۆ ئەوەی سزاكەیان سووك ببێ.
جوان حەسەن، پەسەندكردنی پرۆژە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان بە رێگەچارەیەكی گونجاو دەزانێ بۆ كەمبوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان.
ئەو پرۆژە یاسایە شەش ساڵە پێشكەشی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كراوە، خوێندنەوەی یەكەم و دووەمیشی بۆ كراوە، بەڵام پەسەند نەكراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ