عەلی لاریجانی داوای كردبوو بەرهەم ساڵح بچێتە پێشوازی

29-12-2014
ئەرکان عەلی
ئەرکان عەلی
نیشانەکردن بەرهەم ساڵح عەلی لاریجانی
A+ A-

رووداو - سلێمانی

تازەترین هەوڵ بۆ لێكنزیككردنەوە و كۆتاییهێنان بە ململانێكانی نێو یەكێتی، پێكهێنانی پێنج لێژنەیە بۆ پێنج داواكاری هەردوو جێگرانی سكرتێری گشتی كۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح كە لە رێگەی یاداشتێكەوە ئاراستەكەی باڵی هیرۆ ئیبراهیم ئەحمەد (باڵە دەستڕۆیشتووەكەی یەكێتی)یان كردبوو.
 
دوای سێ‌ هەفتە لە ناردنی ئەو یاداشتە، تەنیا سەرۆكی لیژنەكان بەبێ‌ ئەندامەكانیان دیاریكراون، بەڵام دیار نییە ئەو پێنج لێژنەیە دەتوانن كۆتایی بە ململانێی نێو باڵەكانی یەكێتی بێنن یان نا.

سلێمان عەبدوڵڵا یونس، بەرپرسی راگەیاندنی مەكتەبی رێكخستنی یەكێتی لەبارەی وردەكاریی پڕۆژەكەوە بە (رووداو)ی گوت "جیاوازیی ئەم پڕۆژەیە لەگەڵ ئەوانی پێشوودا ئەوەیە كە بەتەنیا هەوڵ نییە بۆ چاكسازی، بەڵكو پێشنیازە بۆ گەڕانەوەی ئیدارە و بەڕێوەبردن و چەسپاندنی گوتاری هاوبەش بۆ هەموو یەكێتییەكان و واش بكرێت كە یەكێتی ببێتەوە بەو حیزبەی سەرەتا مام جەلال و هاوڕێكانی بۆ خەڵك دایانمەزراند".

پڕۆژەكە كە لەنێو خەڵكدا بە نامەكەی جێگرانی سكرتێری یەكێتی بۆ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ناسراوە، واژووی 17 ئەندامی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی لەسەرە و بە ئیمەیڵیش نێردراوە بۆ هەموو ئەندامانی سەركردایەتی ئەو حیزبە.

شاڵاو عەلی عەسكەری، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بە (رووداو)ی گوت "پڕۆژەكە لە بنەڕەتدا من و چەند كادرێكی دیكە نووسیومانە و داوامان لە جێگرەكان كردووە گشتاندنی بۆ بكەن". گوتیشی ئەوەی تێیدا نووسیومانە ورد و درشتی ئەو بابەتانەن كە ساڵانێكە سەركردەكانی یەكێتییان دووچاری ململانێ و ناكۆكی كردووە".

یەكەم جار نییە جێگرانی سكرتێری یەكێتی پڕۆژە و نامە ئاراستەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەكەن، ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی ئەو حیزبە كە نەیویست ناوی بهێنرێت، پێیوایە لەڕووی پرەنسیپی نێوخۆیی یەكێتییەوە ئەو نامەیە هەڵەیە كە نێردراوە بۆ هێرۆخان و بچووككردنەوەی دەسەڵاتی خۆیانە "جێگرەكانی مام جەلال لەدوای سكرتێر ئۆرگانی دووەمی یەكێتین، بەڵام هێرۆ خان لەدوای دەستەی كارگێڕیشەوە دێت و ئۆرگانی سێیەمە كە مەكتەبی سیاسییە".

دوو هەفتە بەر لەئێستا و رۆژێك دوای سەردانی شاندێكی یەكێتی بۆ لای نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتیی گۆڕان، 9 ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی  بە 3 شاندی جیاواز لە ماڵی كۆسرەت رەسوڵ كۆبوونەوە، رووداو زانیویەتی شاندی یەكەم كۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح و حاكم قادر بوون، دووەمیش هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و مەلابەختیار و عومەر فەتاح بوون، شاندی سێیەمیش كە بە نێوەندگیر و بێلایەن خۆیان ناساندووە دلێری سەید مەجید و ئەرسەلان بایز و عیماد ئەحمەد بوون.

ئەنجامی ئەو كۆبوونەوانە بڕیاردان بووە لەسەر پێكهێنانی 5 لێژنە بۆ رێكخستنەوەی  رێكخستن، دارایی، راگەیاندن، پەیوەندییەكان و هێزی پێشمەرگە. فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بە(رووداو)ی گوت "پێشكەشكردنی پڕۆژە و مەیلی پەنابردن بۆ گفتوگۆكردن لەبری دوورەپەرێزی و تۆران، نیشانەی ئەوەیە كە سەركردەكانی یەكێتی دڵسۆزن بۆ حیزبەكەیان و دەیانەوێت هەڵیبستێننەوە".

مەلا بەختیار لە رۆژنامەكەی خۆی كە رۆژنامەی چاودێرە، ئەرسەلان بایزیش لە رۆژنامەی حیزبەكەی كە كوردستانی نوێیە، سەرنجی خۆیان لەسەر كۆبوونەوەكان و پڕۆژەكە بە وتار خستووەتە روو، بەڵام تا ئێستا ئەوەی هەیە جگە لە راگۆڕینەوە هیچ بڕیارێكی كرداری لەسەر نەدراوە.

بەپێی زانیارییەكانی رووداو، 5 ئەندامی مەكتەبی سیاسی كراون بە سەرۆكی ئەو 5 لیژنەیەی بۆ ئەم داواكاریانەی لە پرۆژەكەی جێگرانی تاڵەبانیدا باسكراوە. رەفعەت عەبدوڵڵا ، وەكو سەرۆكی لیژنەی پێداچوونەوەی ئۆرگانەكانی یەكێتی. رزگار عەلی، سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوونی دارایی یەكێتی. ئەرسەلان بایز، سەرۆكی لیژنەی یەكخستنەوەی راگەیاندن و كۆكردنەوەی میدیاكانی یەكێتی. شێخ جەعفەر، سەرۆكی لیژنەی پێداچوونەوە بە هێزی پێشمەرگە و عیماد ئەحمەدیش كراوە بە سەرۆكی لێژنەی پێداچوونەوە بە پەیوەندییەكانی یەكێتی.

ئەگەرچی بڕیار بوو لەماوەی هەفتەیەكدا ئەندامانی لیژنەكە دیاری بكرێن، بەڵام دوو هەفتەش تێپەڕی و تەنیا سەرۆكی لیژنەكان دیاریكراون. پێشتر زۆر هەوڵی نێوەندگیریی دراون بۆ لێكنزیككردنەوەی باڵە ناكۆكەكانی یەكێتی، بەڵام بێسوود بوون، دوایینیان هەوڵی عەلی لاریجانی سەرۆكی پەرلەمانی ئێران بوو كە هەفتەی رابردوو سەردانی شاری سلێمانی كرد و بەرهەم ساڵح لە فڕۆكەخانەی سلێمانی پێشوازی لێكرد.

بەرهەم ساڵح لە فڕۆكەخانە و تەنانەت ژووری VIP فڕۆكەخانەش لە پێشوازی لاریجانی بوو. سەرچاوەیەك لە كونسولخانەی گشتی ئێران لە شاری سلێمانی بە (رووداو)ی راگەیاند لاریجانی خۆی داوای كردووە د.بەرهەم بێتە پێشوازی.

هەرچەندە بەرهەم ساڵح لەگەڵ لاریجانی فڕۆكەخانەی سلێمانییان جێهێشت و بەرەو دەباشان بەڕێكەوتن، بەڵام بەر لەوەی بگەنە ئەوێ، بەرهەم ساڵح لە نزیك نەخۆشخانەی شار لە وەفدە ئێرانییەكە جیابووەوە و نەچوو.



کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە