لاریجانی: بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا ئامادەین

26-11-2025
ژیلا ئەسعەد
ژیلا ئەسعەد
نیشانەکردن عەلی لاریجانی ئێران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا ئامادەیە.
 
چوارشەممە، 26-11-2025، عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، تاران بۆ دانوستاندنی جددی لە بارەی پرۆگرامی ئەتۆمی ئامادەیە دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا بکات، بەڵام واشنتن نابێت پێشوەختە دەرئەنجامی ئەم دانوستاندنانە دیاری بکات.
 
لاریجانی گوتی: "ئەمریکا هەوڵدەدات خۆی وەک خاڵێکی سەرەکی هەموو گۆڕانکارییەکی جیهانی نیشان بدات، بەڵام ئەمە خۆفریودانە."
 
عەلی لاریجانی تاوەکو ئێستا چەند جارێک رایگەیاندووە، تاران ئامادەیە بۆ دانوستاندن، بەڵام دانوستاندنێک کە لەسەر بنەمای یەکسانی و رێزگرتنی دوولایەنە بێت. سەرەتای ئەم مانگەش لە دیدارێکدا لەگەڵ زانایانی زانستە مرۆییەکانی وڵاتەکەی لە تاران گوتی: "دەڵێن نابێت پرۆگرامی ئەتۆمیتان هەبێت. ئەوان هەڵپەرستن، چونکە سەردەمانێک خۆیان دەیانگوت ئێران دەتوانێت پیتاندنی یۆرانیۆمی هەبێت."
 
رۆژی پێنجشەممە 20-11-2025 ئەنجوومەنی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بڕیارنامەیەکی نوێی دەرکرد و داوا لە تاران کرد، "هاوئاهەنگیی تەواو و خێرا" پێشکێش بکات، کە رێگەدان بە چوونەژوورەوە بۆ بنکە هەستیارە ئەتۆمییەکانیش، لەخۆدەگرێت.
 
دوای دەرچوونی بڕیارنامە نوێیەکە، ئێران نامەیەکی فەرمیی ئاراستەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم کرد و رایگەیاند، رێککەوتنی قاهیرە "پووچەڵ و بێبایەخە."
 
رێککەوتنی قاهیرە لە مانگی ئەیلوول لەنێوان ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم واژۆکرا بۆ دانانی چوارچێوەیەک بۆ هاوئاهەنگی و پێکەوەکارکردن.
 
ئامانج لە رێککەوتنەکە لابردنی ئەو بەربەستانە بوو، کە ئێران لەدوای جەنگی دوازدە رۆژەی مانگی حوزەیران لەگەڵ ئیسرائیل، لەبەردەم پشکنەرەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دایناون. 
 
لە نێوەڕاستی مانگی حوزەیراندا، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران، کە بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگی نێوان هەردوو وڵات و ئەمریکاش بۆ ماوەیەکی کورت بە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییە سەرەکییەکانی ئێران بەشدار بوو.
 
جەنگەکە دانوستاندنە ئەتۆمییەکانی نێوان تاران و واشنتنی پەکخست، کە لە مانگی نیسان دەستیانپێکردبوو، تێیدا هەردوولا لەسەر مافی ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم ناکۆک بوون؛ مافێک، کە تاران بە "رەوا" بۆ خۆی دەزانێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چەند بووتڵێکی کحولی ساختە.

بەهۆی خواردنەوەی کحولی قاچاخ لە ئێران 4 کەس گیانیان لەدەستدا

بەگوێرەی پۆلیسی ئێران، چوار کەس لە شاری ئێرانشەهر لە باشووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکە، بەهۆی خواردنەوەی کحولی قاچاخەوە گیانیان لەدەستداوە و پێنج کەسی دیکەش ژەهراوی بوون. هاوکات پۆلیس رایگەیاند، سێ کەسیان لەسەر دۆسیەکە دەستگیرکردووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە خواردنەوە و فرۆشتنی کحول لە ئێران قەدەخەیە و بازاڕێکی بەرفراوانی نایاسایی بۆ بەرهەمە قاچاخەکان دروست کردووە.