هەولێر بۆ سەری ساڵ ئامادەیە؛ لە 45 رێستۆرانت و کافێ لە ئیمپایەر ئاهەنگ دەکرێت

27 خولەک له‌مه‌وپێش
هۆرڤان رەفعەت
پڕۆژەی ئیمپایەر لە هەولێر
پڕۆژەی ئیمپایەر لە هەولێر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هەولێر بۆ پێشوازی لە ساڵی نوێ، باوەشی بۆ گەشتیاران کردووەتەوە و سیمای شارەکەشی گۆڕیوە بۆ تابلۆیەکی رەنگاوڕەنگ. لەنێو جەرگەی پایتەختدا، پڕۆژەی ئیمپایەر وەک چەقێکی سەرەکیی ئاهەنگەکان دەردەکەوێت؛ شوێنێک تێیدا مۆدێرنێتەی تەلارسازی و تاموچێژی جیهانی یەکتری دەگرنەوە.
 
پایتەختی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی تەلیسیماوی و رەنگاوڕەنگ خۆی بۆ سەری ساڵ ئامادە کردووە. پڕۆژەی ئیمپایەر، سیمبولی شارستانیی نوێی بیناسازی و پێشکەوتنە لە هەولێر.
 
بۆ پێشوازی لە شەوی سەری ساڵ، 45 چێشتخانە، کافێ و جێگەی گەشتیاریی پڕۆژەکە، پلانیان داناوە ئاهەنگی تایبەتی جۆراوجۆر ساز بکەن و پێشوازی لە گەشتیاران دەکەن.
 
شیرین ئیسماعیل، کارمەندی فرۆشتنە لە رێستۆرانتێکی ئیمپایەر و بە رووداوی گوت: "چالاکییەکانمان بۆ سەری ساڵ زۆرن، چەند هونەرمەند و گۆرانیبێژێکمان بانگهێشت کردووە، لە کاژێر 07:00ی ئێوارە تاوەکو 01:00ی بەرەبەیان بەردەوام دەبێت، هەروەها دانس شۆومان دەبێت و یاریی ئاگرینی تایبەت بە رێستۆرانتەکەمان دەتەقێنرێت".
 
کردنەوەی دەیان براندی جیهانی چێشتخانە و کافێ لە ئیمپایەر، وایکردووە ئەو شوێنە، ببێتە جێگەی یەکەمی دڵخوازی گەشتیاران.
 
مستەفا یونس، کارمەندی فرۆشتن لە رێستۆرانتێکی دیکەی ئیمپایەر دەڵێت، "ساڵ لەدوای ساڵ، ژمارەی گەشتیاران لە هەولێر زیاتر دەبێت، ئەمساڵیش زیاتر دەبێت لە پار، بۆیە ئێمە گۆرانیبێژی کورد و بیانیمان بانگهێشت کردووە تاوەکو لە رێستۆرانتەکەمان گۆرانی بڵێن".
 
دیمەنە سەرنجڕاکێشەکانی ئیمپایەر، وایکردووە هەر کەس یەک جار بێتە هەولێر، حەز بکات وێنەیەکی یادگاریی لە پڕۆژەی ئیمپایەر بگرێت.
 
یوسف حەیدەری، گەشتیارێکی خەڵکی بەسرەیە و باس لەوە دەکات، "بەڕاستی کەشوهەوای هەولێر زۆر خۆشە، کەشی کریسمس و ئیمپایەر زۆر خۆشە و زۆر ساردە ئێرە، ئێمە لە بەسرە کەشوهەواکەمان جیاوازە، هەر زستانە، بەڵام وەک ئێرە نییە".
 
دلبەر عومەر، گەشتیارێکی دیکەیە و بەنیازە بۆ سەری ساڵ بچێتە ئیمپایەر لە هەولێر، ئەو لە ئەڵمانیاوە هاتووە و دەڵێت، "ئێمە ئێستا لە ئیمپایەرین، بەڕاستی کەشوهەوای ئێرە زۆر خۆشە، ئێمە کە تەماشا دەکەین ئێرە هێندە جوانە، لە ئەورووپا خۆشترە".
 
ساڵانە هەزاران گەشتیار لە رۆژانی کۆتایی ساڵ، بۆ ئاهەنگەکانی تایبەت بە کریسمس، دێنە هەولێر. شیخ موس عوسمان، خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە و 12 ساڵ لە ئەڵمانیا ژیاوە، لای پڕۆژەی ئیمپایەر بە رووداوی گوت، "بۆ سەری ساڵ هاتوومەتە هەولێر، کەشەکەی زۆر خۆشە، دەتوانم بڵێم لە ئەورووپا خۆشترە".
 
ساڵی 2025 زیاتر لە سێ ملیۆن گەشتیار سەردانی هەولێریان کردووە، ئەمە وایکردووە ببێە خاڵێکی سەرنجڕاکێشی گەشتیاری لەسەر نەخشەی گەشتیاریی جیهان و بە فەرمی ببێتە یەکێک لە شوێنە نایابەکانی کیشوەری ئاسیا بۆ گەشتکردن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە