رووداو دیجیتاڵ
بەرنامەی ئەمجارەی (لەگەڵ رەنج)ـی تۆڕی میدیایی رووداو، تیشکی خستە سەر کەرتی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان، کە ئەم ساڵ لەبەردەم وەچەرخانێکی دیکەدایە. بارینی رێژەیەکی زۆری باران، سرووشتی کوردستانی لە ساڵانی رابردوو گەشاوەتر کردووە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ دۆخێکی سیاسی و سەربازیی ئاڵۆز لە ناوچەکەدا.
لەم بەرنامەیەدا باس لەوە کرا چۆن ئەم هەلە بقۆزرێتەوە تاوەکو کوردستان تەنیا نەبێتە شوێنێکی کاتی، بەڵکو ببێتە ناوەندێکی هەمیشەیی گەشتیاری. رۆڵی "ڤلۆگەرەکان" و ئەو کەسانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناوبانگیان هەبووە، تەوەرێکی سەرەکی بوو؛ ئایا ئەوان تەنیا رێکلام بۆ ئەو شوێنانە دەکەن کە پارەیان پێدەدەن، یان توانیویانە شوێنی نوێ و نەبینراو بە گەشتیاران بناسێنن؟
بە دیجیتاڵکردنی ناوچە گەشتیارییەکان و پلانی 8 ساڵە
ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان کە لە ناو ستودیۆ ئامادە بوو گوتی: "لە ساڵی 2015ـەوە رێبەری گەشتیاریی هەرێمی کوردستان نوێ نەکراوەتەوە، بەڵام لەگەڵ وێبسایتی زۆر گەورە و پڕ لە زانیاریی وەک (ڤیزت کوردستان) هاوئاهنگین. ساڵێک و نیوە کار دەکەین لەسەر دروستکردنی رێبەری ئەلیکترۆنیی گەشتیاری بە هاوئاهنگی لەگەڵ ڤیزت کوردستان؛ لە ماوەی نزیکی داهاتوودا ئەپڵیکەیشنی (کوردستان گاید) بەردەست دەبێت. ئێستا سەردەمی ئەپڵیکەیشنە و باوی وەرەقە نەماوە، پێش کۆتایی هاتنی ئەم ساڵ بۆ گەشتیاریی زستانە بەردەست دەبێت."
گوتەبێژی دەستەکە باسی لەوەش کرد، کە کەرتی گەشتیاری لە کابینەی نۆیەمدا بووەتە کاری لەپێشینە و گوتی: "پلانی 8 ساڵەمان بۆ پەرەپێدانی گەشتوگوزار هەیە. زیاتر لە 80 پرۆژەی گەشتیاری بە بڕی زیاتر لە 7 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار کراون. تەنیا لە ساڵی 2025دا بە سەرمایەی 414 مۆڵەتی وەبەرهێنان بە پرۆژە گەشتیارییەکان دراوە، ئێستا توانای لەخۆگرتنی 100 هەزار گەشتیارمان هەیە لە شەوێکدا".
کوردستان؛ "فول پاکێج"ـە بەڵام بێ دەریایە
ئارەزوو حەسەن، خاوەنی کۆمپانیایەکی گەشتیاریی ناوخۆیی لە ستۆدیۆ گوتی: "کوردستان فول پاکێجی گەشتیارییە بەهۆی هەڵکەوتی جوگرافییەوە، هەموو شتێکی هەیە تەنیا زەریا و دەریای نییە. ئێمە سوودی باش لە هەر چوار وەرزەکە دەبینین، بەڵام بەهۆی جەنگەوە دەرفەتی خۆدەرخستنمان نەبووە. ئەرکی نەوەی ئێستایە گەشتیاریی کوردستان بە دەرەوە بناسێنن. ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی بەهۆی ناسینی میزۆپۆتامیاوە دێنە کوردستان."
لە ساڵی 2025دا کوردستان بوو بە خاوەنی خەڵاتی جیهانی لە بواری گەشتوگوزاردا. ئارەزوو حەسەن گوتی: "بە رێگەی کار و چالاکییەکانی خۆمان توانیمان ببینە براوە، ئەم دوو سێ ساڵەی رابردوو گۆڕانکاری گەورە لە گەشتوگوزاری کەرتی تایبەتدا روویداوە، ئەویش هێنانی نووسەران و ڤلۆگەرانی جیهانە بۆ کوردستان بە هاوئاهنگیی ڤیزت کوردستان. هەروەها زانیاریی زمان و ئەپدێتکردنی گەنجەکان بەپێی ستانداردی جیهان گرنگە. رێبەری گەشتیاری دەتوانێت رۆڵێکی گرنگی هەبێت بۆ دەرخستنی کوردستان، تەنیا زۆربوونی ژمارە گرنگ نییە، دەبێت خزمەتگوزاریشمان هەبێت. رێگەوبانەکانمان زۆر خراپن، من ژیانی خۆم دەخەمە مەترسییەوە دەچمە شوێنە گەشتیارییە نوێکان ئینجا گەشتیارەکانم دەبەم. زۆر ناوچەی گەشتیاری فەرامۆش کراون."
باڵیۆزە خۆبەخشەکان؛ لە هەورامانەوە بۆ شاخی خاڵخاڵان
ئەڤین حەبیب، ڤلۆگەر لە هەڵەبجە گوتی: "هەورامان شوێنێکە کە زۆربەی گەشتیاران حەزی لێدەکەن و هەموو وەرزێک گەشتیاری هەیە، بەڵام لە هەورامان ئابوورییەکی باشمان نییە. پێویستە گەشتیاران چاودێرییان لەسەر بێت. نامەوێت کافتریا و رێستۆرانت بکەینەوە چونکە دەمەوێت کلتووری خۆمان بپارێزین و رێگە نادەین گەشتیاران شوێنە گەشتیارییەکان بشێوێنن."
میر عومەر، ڤلۆگەر گوتی: "بڕیارمان داوە مۆرکی کوردی لە گەشتەکانی دەرەوە بەکار بهێنین. هەوڵدەدەین عەرەب لە گەشتیاریی کوردستان تێبگات و فێری زاراوەی کوردییان دەکەین. بە زمانی ئینگلیزی و عەرەبی بانگەشە بۆ ناوچە کوردستانییەکان دەکەین."
یەکێکی دیکە لە ڤلۆگەرەکان بە ناوی لریز نەوزەر لە کەرکووکەوە گوتی: "یەکەمجار بابەتی شاخەوانیمان هێنایە ناو خەڵکی کەرکووک، بەڵام چیای حەمرین ئاسان نییە دەستمان پێ بگات و لە رووی ئەمنیی و ژێرخانەوە باش نییە. شاخی خاڵخاڵان زۆر خۆشە بەڵام رێگەی نییە و خاوێن نییە. عەرەبەکان کە دێنە کوردستان دەڵێن ئێرە کوردستان نییە ئەوەندە پێی سەرسامن. هەوڵی زۆر دەدەین بۆ جێبەجێکردنی بیرۆکەکانمان، دەستەی گەشتیاری رێگەمان دەدات بەڵام خەڵکی گوندەکان رێگەمان نادەن کە پڕۆژە لە گوندەکانیان جێبەجێ بکەین، تاوەکو ئێستا رۆشنبیریی گەشتیاریمان لە کوردستان کەمە."
عومەر جەبەلی، ڤلۆگەر لە هەولێر ئاماژەی بەوە کرد: "من خەڵک ئاشنای ئەو گوندانە دەکەم کە پێیان نەدەزانی. ژێرخانی بارزان زۆر باش و بەهێزە، زیاتر لە 20 شوێنمان هەیە کە ئاژەڵی ئاسک، ورچ و بزنی کێوی لێیە. بە چۆمان دەڵێن سویسرا. دووبەی ساڵانە 45 ملیۆن دۆلار لە گەشتیاری قازانج دەکات، بەڵام کوردستان 6 بۆ 8 ملیۆن گەشتیاری بۆ دێت کە ئەمە زۆر کەمە. سێ پرۆپۆزەلمان ئامادەیە، دەبێت شوێنی گەشتیاری سرووشتی بێت و بە بەرد دروست بکرێت."
ناڵەی دهۆک؛ "نە فڕۆکەخانەمان هەیە و نە توالێتی گەشتیاری"
کامان بەرواری، خاوەنی کۆمپانیایەکی گەشتیاری لە دهۆک، بە دڵپڕییەوە گوتی: "ئێمە وەک پارێزگای دهۆک هەژارین و ستەملێکراوترینین، تاوەکو ئێستا فڕۆکەخانەمان نییە. رێژەی هەژاری و بێکاری بەرزترینە. پڕۆژە دەست پێ دەکرێت، بەڵام تەواو ناکرێت. شوێنی گەشتیاریی زۆر باشمان هەیە، بەڵام شوێنێک نییە پیاسەیەکی لێ بکەیت".
کامان بەرواری ئاماژەی بەوەیش دا، "زیاتر لە 70٪ی هۆتێلەکانی دهۆک دەرگایان داخراوە، چونکە مەزرەعەکان (باخەکان) کاری هۆتێلیان کەم کردووەتەوە. هیچ پشتگیرییەکی کۆمپانیاکان ناکرێت و خەرجی و باجیش گرانە. رێگەکان باش نین و خزمەتگوزاری زۆر خراپە. شوێنی گەشتیاری هەیە دوو توالێت و سەلەی زبڵی لێ نییە".
گوتیشی: "پێویستە ببێتە پابەندبوون کە رێبەرێکی گەشتیاریی خۆمان لەگەڵ پاسە عەرەبەکان بڕوات. گەشتیار کەمە و گەشتیاری بیانیمان نییە چونکە فڕۆکەخانەمان نییە."
پشتیوانیی حکومەت و هاواری دەرچووان
قوتابییانی بەشی گەشتوگوزار و دەرچووانی ساڵانی رابردوو کە لە ستودیۆ ئامادە بوون، باسیان لەوە کرد، هیچ دەنگوباسێک بۆ دامەزراندنیان نییە. هەندێکیان دوو ساڵە چاوپێکەوتنیان کردووە و بێ وەڵامن.
ئیبراهیم عەبدولمەجید لە وەڵامی ڤلۆگەرەکاندا گوتی: "ئێمە زۆر گرنگی بە رۆڵی ڤلۆگەرەکان دەدەین و 40 گەڕیدەی وڵاتانی کەنداومان هێناوەتە کوردستان. دەرگامان بە رووی هەموو ڤلۆگەرێکدا کراوەیە، با پڕۆپۆزەڵ بێنن و ئێمە یارمەتیی لۆجیستی، هاتووچۆ و مانەوەیان لە ئەستۆ دەگرین، بەڵام دەبێت ناوەڕۆکەکەی لە ئاست ناوی کوردستان بێت. پلانی 8 ساڵەمان هەیە."
لەبارەی دامەزراندینیشەوە گوتی: "دەبێت پرۆگرامی خوێندن بگۆڕدرێت، ئەگەر نا بڕوامان بە توانای گەنجەکانمان هەیە."
ئامارە فەرمییەکانی کەرتی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان:
ناوچە گەشتیارییەکان: زیاتر لە 3,100 بنکە.
توانای لەخۆگرتن: 70 هەزار قەرەوێڵە.
سەرچاوەی گەشتیاران: 85% لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە دێن.
گەشەی گەشتیار:
لە ساڵی 2022: 6 ملیۆن گەشتیار.
لە ساڵی 2023: 7.3 ملیۆن گەشتیار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ