رووداو دیجیتاڵ
لە بەردەم پارکی شانەدەر لە هەولێر، 50 ئۆتۆمبێلی کلاسیک نمایشکران. خاوەن ئۆتۆمبێلێک کە مۆدێلێکی دەگمەنی کادیلاک لێدەخوڕێت، دەڵێت: "خۆشە لە هەموو هەولێر ئۆتۆمبێلێک تەنیا لای تۆ هەبێت."
نمایشەکە کە لەلایەن پارێزگای هەولێرەوە رێکخراوە، ئۆتۆمبێلەکانی مۆدێل 1955 تاوەکو 1991ـی لەخۆگرتبوو. شۆفێرەکان بە ئۆتۆمبێلە کلاسیکییەکانیان بەنێو شاردا سووڕانەوە و خەڵکێکی زۆر بۆ بینینیان کۆببوونەوە.
ئەیاد شوکر موختار، بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری (Cadillac Coupe DeVille) بۆ یەکەم جار بەشداری لە نمایشەکە کرد و بە رووداوی گوت: "لەزەتێکی خۆشی هەیە ئۆتۆمبێلێک لە هەموو هەولێر تەنیا لای تۆ هەبێت."
هەڵدێر عەبدولکەریم، خاوەن ئۆتۆمبێلێکی جۆری (Ford Thunderbird)ـی مۆدێل 1964ـە. ئەو باسی ئۆتۆمبێلەکەی کرد و گوتی: "سێ ساڵ و نیو لەمەوبەر هێنام و هەندێک گۆڕانکاریم تێدا کردووە، بەڵام وەک شەریکە ماوەتەوە."
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە ئۆتۆمبێلێکی کلاسیکی جۆری (MG T-Series) لەنێو نمایشەکەدا دەرکەوت و بە رووداوی راگەیاند: "ئەم فێستیڤاڵەی سەری ساڵ دەرفەتی کاری بۆ گەنجان رەخساندووە و کۆنسێرتی گۆرانیشی تێدایە، نمایشکردنی ئەم ئۆتۆمبێلانەش بڕگەیەکی فێستیڤاڵەکەیە."
مێژووی هاتنی یەکەم ئۆتۆمبێل بۆ هەولێر دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1923، واتە نزیکەی 102 ساڵ لەمەوبەر. ئێستا بەپێی ئامارەکان، لەنێوان ملیۆنێک بۆ 1.2 ملیۆن ئۆتۆمبێل لە هەولێر هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ