د.خاڵس قادر*
هەر کەسێک لە ئێمە پێناسە و قەناعەتى تایبەت بە خۆى هەیە بۆ دڵخۆشبوون و باشبوون، بەڵام ئێمە لێرەدا باسى رێگایەکى زانستى دەکەین بۆ چۆنیەتى دڵخۆشبوون و باشبوون کە لە فاکتەرە بایۆکیمیاییەکانەوە سەرچاوەى گرتووە. ئەو مادە کیمیاییانەی لە لەشدا دروست دەبن، لە کردارە ناوخۆکانی لەشدا لە مێشک و دەمارەکان، هەست و سۆز و رەفتارەکانی مرۆڤ دیاریی دەکەن.
ئەو مادە کیمیاوییانەی پێیاندەگوترێت (گوازەرەوەی دەماری) ئەرکیان گواستنەوەی پەیام و تەزووە دەماریەکانە لە نێوان خانە دەمارییەکانی مێشک و کۆئەندامی دەماری لە جەستەدا، پێنج ماددەى هەرە گرنگ و کاریگەر لە جەستەدا هەن کە بریتین لە: دۆپامین (ماددەی کیمیایی چێژوەرگرتن)، سیرۆتۆنین (ماددەى کیمیایى دڵخۆشبوون)، ئیندۆرفین (مۆرفینى سروشتیى نێو جەستە)، ئۆکستۆسین (ماددەى کیمیایى خۆشەویستى) و گابا (ماددەى کیمیایى خاوبوونەوە).
دۆپامین:
دۆپامین رۆڵی سەرەکی هەیە لە چێژ وەرگرتن، بەئاگابوون، تەرکیزکردن، جووڵە و چالاکی، دڵخۆشی، بیرەوەری. کەمیی دۆپامین هۆکارە بۆ نەخۆشیی پارکینسۆن (کەمبوونەوەی جووڵە، رەقبوون، لەرزۆکی و نەمانی هاوسەنگی و خەمۆکی).
ئاڵوودەبوون هۆکارەکەی بۆ ئەو مادەیە دەگەڕێتەوە، چونکە ماددە هۆشبەرەکان لەڕێگەی زیادکردنی دۆپامین هەستکردن بە چێژ و کەیفخۆشیی دروستکراویان بۆ پەیدا دەبێت.
رێگە سروشتییەکانی زیادکردنی دۆپامین لە جەستەدا بریتین لە:
- وەرزشکردن: رۆیشتنی خێرا بۆ نیو کاژێر رۆژانە.
- تەئەمولکردن، رۆژانە (10 - 20) خولەک.
- گوێگرتن لە مۆسیقا (خاو)
- خەوتن بۆ هەشت کاژێر لە شەودا
- خواردنی وەک گۆشت، چەوریی بەسوود وەک ئۆمێگا 3. ڤیتامین (E) کە لە مۆز، گێزەر، بڕۆکلی، فڕاولە، بیبەر، گوڵەبەڕۆژە و بادامدا هەیە.
- شەکر و شیرینەمەنییەکان دۆپامین کەم دەکەنەوە، بەڵام چوکلێتى رەش دۆپامین زیاد دەکات.
- سوپاسگوزاری و گەیشتن بە ئامانجەکان هەرچەند بچووکیش بێت.
سیرۆتۆنین
ماددەی دڵخۆشبوون، باشبوونی مەزاج، باشبوونی خەو، ئارەزووی خواردن، تەرکیزکردنە. کەمی ئەو ماددەیە دەبێتە هۆى خەمۆکى.
سەرچاوە سروشتییەکانی سیرۆتۆنین بریتین لە:
- وەرزشکردن، رۆیشتنی خێرا بۆ 30 خولەک ڕۆژانە
- بەسەربردنى کات لە شوێنی کراوە و بەر خۆر رۆژانە بۆ ماوەى نیو کاژێر.
- تەئەمولکردن.
- خۆراکی دروست، وەک گۆشتى کەم چەوری، ماسی، شیر، پەنیر، هێلکە، چەرەزات و مۆز.
- خەوتن (شەوانە هەشت کاژێر)
- بیرکردنەوە لە شتى باش
ئیندۆرفین:
هۆکارێکە بۆ کەمکردنەوەی ئازار و ژان لەگەڵ کەیفخۆشبوون و باشبوونی مەزاج.
سەرچاوە سروشتیەکانی زیادبوونی لە لەشدا:
- وەرزشکردن
- خەندە و پێکەنین
- خۆراکى دروست، ئەوانەى ڤیتامین C یان زۆر تێدایە وەک مزرەمەنییەکان. هەروەها خواردنە تیژەکان، چوکلێتی رەش .
- سێکسکردن
ئۆکسیتۆسین:
ئۆکسیتۆسین ئەو ماددەیەیە کە لە کاتی لەدایکبوونی سروشتیدا رۆڵی سەرەکی هەیە و پێویستی سەرەکییە، هەروەها لە کاتی شیرپێدانی سروشتی بەڕێژەی زور دەردەدرێت و هۆکارێکە بۆ زیادبوونى سۆز و خۆشەویستى نێوان دایک و کۆرپەکەی. رۆڵی گرنگی هەیە لە خۆشویستن، پەیوەندیی بەهێزی نێوان مرۆڤەکان، کەیفخۆشبوون و کەمکردنەوەی سترێس و شڵەژانی دەروونی. متمانە و باوەڕبەخۆبوون، کەمکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکێ.
رێگا سروشتییەکانى زیادبوونى ئۆکسیتۆسین لە جەستەدا:
- مۆسیقای خاو و کەشى رۆمانسی
- پێکەنین
- تەئەمولکردن
- گوێگرتن بە تاسەوە بۆ کەسێک یان بابەتێک
- خواردنی دروست وەک مۆز، بیبەر و هێلکە.
- بۆنە کۆمەڵایەتییەکان و دیداری دۆستان.
گابا
پێیدەگوترێ ڤالیۆمی سروشتیی نێو جەستە، مێشک خاو دەکاتەوە، دڵەڕاوکێ و ترس ناهێڵێ. رێگا سروشتییەکانى زیادبوونى ئەو مادەیە لە جەستەدا بریتییە لە خواردنەوەی چای سەوز، خواردنى مۆز، بڕۆکلی و چەرەزات.
* پزیشکی شارەزای هەناوی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ