رووداو دیجیتاڵ
نۆرینگەیەکی نەخۆشییە دەروونییەکان لە شاری بەغدا جمەی دێت لە سەردانکەر، کە گرفتی دەروونییان هەیە، بەڵام کارگێڕیی نەخۆشخانەکە دەڵێن، کێشەی کەمیی ستافیان هەیە.
فیراس کازمی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دەروونیی رەشاد لە بەغدا باس لەوە دەکات "بەدەست کەمی پزیشکانی پسپۆڕ، پزیشکانی پسپۆڕی دەروونییەوە دەناڵێنین. تەنیا 11 پزیشکی پسپۆڕی دەروونیمان هەیە؛ 11 پزیشکی دەروونی بۆ 1400 نەخۆشی مانگانە."
بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، بۆ هەر 50 هەزار کەس لە عێراق، یەک پزیشکی دەروونی هەیە، لە کاتێکدا ژمارەکە لە ئەمریکا بۆ نموونە، بەو جۆرەیە کە بۆ هەر 350 کەسێک، پزیشکێکی دەروونی هەیە.
زەینەب عەبدولوەهاب، پزیشکی دەروونییە لە نەخۆشخانەی رەشاد و دەڵێ "وەرگرتنی چارەسەری دەروونی لە هەموو جیهاندا پێشتر وەکو عەیبە سەیر دەکرا، بەڵام ئێستا لە جیهان بەگشتی و لە عێراقیش بەتایبەتی بەو شێوەیە نەماوە، ئەوەش لەوانەیە پەیوەندی بەوەوە هەبێت نەوەی نوێ زیاتر ئاگاداری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانن، ئەوەش وایکردووە خەڵک سوود لە چارەسەرە دەروونییەکان وەربگرن."
هۆکاری جیاواز بۆ زیادبوونی نەخۆشییە دەروونییەکان لە عێراق باس دەکرێن، لەوانە بەردەوامیی شەڕ و گرژییەکان لەوەتەی ساڵی 2003ـوە و کاریگەرییەکانیان هەروەها کێشەی دارایی و کەمیی هەلی کار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ